نوچه: مورادی
ئەندامێکی شاندی دانوستانکاری هاوبهشی پارتی و یهكێتی تایبهت به به ڕهوشی كهركووك دەڵێ، دوور لە چاوی مێدیاکان لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکەی کەرکوک، گفتوگۆکانیان بەردەوامن و لێکنزیکبوونەوەشیان هەیە بۆ سنووردارکردنی کارەکانی پارێزگار و رێکاریش بۆ لادانی لە پۆستەکەی.
لهلێدوانێكی تایبهت به نوچه، شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی شاندی دانوستانکاری هاوبهشی پارتی و یهكێتی تایبهت به ڕهوشی كهركوك، ڕایگەیاند: دوور لە چاوی میدیاکانەوە، شاندی پارتی و یەکێتی بەردەوامن لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ پێکهاتەی عەرەب و تورکمان، کە چۆن ڕێگەچارەیەک دابنێن بۆ ڕێگریکردن لەو پارێزگارەی ئێستای کەرکوک، کە ڕۆژانە خەریکی تاوان و گەندەڵی و هێنانی خەڵکانی گوماناوی و کۆنە بەعسییەکانه بۆ نێو پارێزگای كهركوك، هاوکات بە هەر رێکارێکیش بێت، ئەو پارێزگارە لابدرێت.
شاخهوان عهبدوڵڵا ئاماژەی بەوەشدا، کە لە گفتوگۆکانیاندا لەگەڵ هەردوو پێکهاتەی شارەکە، لێکنزیکبوونەوەیەک هەیە، بەو پێیەی خەڵکانی دیکە هاتوون و تێگەیشتنی نوێیان هەیە، بۆ چارەکردنی کێشەکان.
سەبارەت بە سڕکردنی کارەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، شاخهوان عهبدوڵڵا گوتی ”ڕەخنەیان لەسەر یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان هەبووە، بەو پێیەی نایاسایی بووە و دواجار لە دادگای فیدراڵى تانەیان لێیداوە و لەبەرژەوەندی کوردیش بڕیاری دا، بەهەمان شێوەش پێیان وایە سڕکردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بۆ خۆی رێککاری سڕکردنەکەشی نایاسایی بووە”.
ناوبراو ئماژهی بهوهشدا، كه بە پێی یاسای ژمارە ٣٦ی ساڵی ٢٠٠٨، کاتێ کاری پێ دەکرێت، کە هەڵبژاردن لە شارەکەدا ئەنجام بدرێت، بۆیەشە تانەیان لە بڕیاری سڕکردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکه بە کەرکوکیشەوە داوە و، چاوەڕێی ئەنجامی تانەکەیان دەکەن، کە ئەوکات هەڵوێستی دیکەیان دەبێت.
ئەندامەکەی شاندی دانوستانکار بۆ پرسی کەرکوک، ئهوهشی خستهڕوو، کە خودی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش بڕوایان بە بڕیاری سڕکردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان نییە، بەو پێیەی لە بەرنامەی کاریان ئەوەیان داناوە، ئەنجوومەنی پارێزگاکان درێژكردنهوهی کارەکانیان بکەن، هەتا هەڵبژاردنی داهاتوو.