نوچەنێت
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، جەخت لە پرۆسەی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە و ڕێکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە دەکاتەوە، بەڕێوەبەری ڕۆشنبیری و ھۆشیاریی نیشتمانیی وەزارەتی پێشمەرگەش ڕایدەگەیەنێت، بۆ بەدواداچوونی پرۆسەکە لیژنەیەک پێک ھێنراوە.
ڕۆژی ١١-١١-٢٠١٩، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەت و فەرماندە و پلەدارانی وەزارەتی پێشمەرگە کۆ بووەوە، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری دوایین ھەنگاوەکانی پرۆسەی چاکسازیی وەزارەت و ڕێکخستنەوەی پێشمەرگە بێت.
لەم بارەیەوە، لیوا بابەکر فەقێ ئەحمەد، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاندووە: “ھەوڵەکان بەردەوامن بۆ یەکخستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە و لیژنەیەک دروست بووە، لیژنەکەش لە جێگرانی سەرۆکی ھەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە و بەرپرسی یەکەکانی ٧٠ و ٨٠ پێک ھێنراوە و سەرۆکی ھەرێم، خۆی سەرپەرشتی لیژنەکە دەکات.”
بەڕێوەبەری ڕۆشنبیری و ھۆشیاریی نیشتیمانی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت”هەفتەی ڕابردوو سەرۆکی ھەرێم یەکەم دانیشتنی پەیوەست بە ڕێکخستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگەی کرد، ھەربۆیە ئەم بابەتە دراوە بە جێگرانی سەرۆکی ھەرێم. ھەروەھا کاری ئەو لیژنەیە چاکسازیی زیاتر دەربارەی یەکخستنەوەی ھێزەکانی پیشمەرگە و دانانی ھێزێکی نیشتمانییە، بۆیە کۆبوونەوەکان لەوبارەیەوە بەردەوامن.”
ھاوکات ئاماژە بەوە دەکات: “ساڵی ٢٠١٧ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە دامەزرا، ئەم بەڕێوەبەرایەتییەش زیاتر بۆ چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە دامەزرا، ھاوکات ھەوڵێکیش بوو بۆ یەکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە، ئەم پرۆژەیە لە لایەن وڵاتانی ھاوپەیمانەوە کاری لەسەر دەکرێت، ئامانجیشیان یەکگرتنەوەی ھێزەکانی ٧٠ و ٨٠یە.”