نوچه: مورادی
چاودێرێكی سیاسی ڕایده‌گه‌یه‌نێت، هه‌ندێك داخوازی خۆپیشانده‌رانی عێراقی له‌وه گه‌وره‌ترن حكوومه‌ت بتوانێت جێبه‌جێیان بكات. ده‌شڵێت ”خۆپیشاندانه‌كانی ئێران و لوبنان و عێراق وزه ده‌به‌خشنه یه‌كتر”.
له ڕۆژی ١-١٠-٢٠١٩_وه خۆپیشاندانه‌كانی عێراق به‌رده‌وامه و خۆپیشانده‌ران فشاری ته‌واویان له‌سه‌ر حكوومه‌ت دروست كردووه، سه‌ره‌ڕای كوژرانی زیاتر له ٣٠٠ خۆپیشانده‌ر و برینداربوونی زیاتر له ١٣ هه‌زاری دیكه. شاره‌زایان پێشبینی دۆخی مه‌ترسیداری شه‌ڕ ناوخۆ له عێراق ده‌كه‌ن.
له‌لێدوانێكی تایبه‌ت به نوچه، حه‌سه‌ن بارام، چاودێری سیاسی كورد، له‌باره‌ی دۆخی نوێ عێراق، ڕایگه‌یاند: هه‌موو لایه‌نه‌كان له ئێستادا له‌سه‌ر ئه‌وه كۆكن كه سه‌رۆك وه‌زیران به‌رده‌وام بێت له كاره‌كانی سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش نه‌توانراوه پرۆسه‌ی چاكسازی به ئاقارێكی باشتردا ببردرێت. هه‌روه‌ها هه‌ندێك له داخوازی خۆپیشانده‌ران له‌وه گه‌وره‌ترن كه به‌م حكوومه‌ته جێبه‌جێ بكرێت.
حه‌سه‌ن بارام ده‌شڵێت، داواكارییه‌كانی خۆپیشانده‌ران هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حكوومه‌ت و گۆڕانكارییه له سیسته‌مه‌كه، كه به‌مه‌ش خودی حكومه‌ت كراوه‌ته ئامانج بۆیه ئه‌م حكوومه‌ته ناتوانێت ئه‌مه چاك بكات، چونكه حكوومه‌ته‌كانی دیكه هۆكار بوون بۆ ئه‌و دۆخه‌ی كه ئێستا عێراق تێدا ده‌گوزه‌رێت.
ئه‌و چاودێره سیاسییه پێیوایه، هه‌ڵوێست و گوتاره‌كانی خۆپیشانده‌ران توندتر ده‌بن و هه‌روه‌ها خۆپیشاندانه‌كانی ئێران و لوبنانیش وزه ده‌به‌خشنه خۆپیشاندانه‌كانی عێراق بۆ به‌رده‌وام بوونیان بۆ قۆناغی سه‌خت تر و پێناچێ به ئاسانی كۆنترۆڵ بكرێت.