نوچە
یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەنگاوەکانی بەرەو بەستنی کۆنگرەی ئەو حیزبە دەستپێکرد و لە ئەمڕۆوە کۆنفرانسی کۆمێتەکان دەستپێدەکات و دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی رایگەیاند: ئەمرۆ هەڵبژاردنی کۆنفرانسی کۆمیتەکان دەستیپێکرد بۆ ئەوەی ئەوانیش بڕۆن بۆ کۆنفرانسی مەڵبەندەکان، ئەمڕۆ لە شنگال، ئاکرێ، هەڵەبجە و چەند شوێنێکی دیکە پرۆسەی هەڵبژاردنی نوێنەری کۆمیتەکان بۆ کۆنفرانسی مەڵبەندەکان دەستیپێکردووە. سبەی لە هەولێر و شارەکانی دیکەش بەردەوام دەبێت و دووبەیانی کۆتایی دێت”.
سەعدی پیرە گوتی: “بەستنی کۆنگرە خۆی ئامانج نییە بەڵکو ئامانج نوێکردنەوەی یەکێتییە، ئامرازێکە بۆ نوێکردنەوەی سەرکردایەتی یەکێتی و بۆ نوێکردنەوەی بەرنامەی سیاسی و حکومڕانی یەکێتی “.
دەبوو یەكێتی لە مانگی ئازاری ٢٠١٣ چوارەمین كۆنگرەی خۆی ببەستێ، بەڵام لەبری كۆنگرە ١٠-١٠-٢٠١٣، پلینیۆمی كرد دواتر بڕیاربوو لە ٧-٣-٢٠١٨ كۆنگرەكەی ببستێ، بەڵام بەهۆی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی كۆنگرەكە نەكرا، ئێستاش بڕیارە لە ٧-١٢-٢٠١٩ یەكێتی چوارەمین كۆنگرەی خۆی بەبەستێ.
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی، ئەندامانی كۆنگرەی یەكێتی نابێت ژمارەیان لە ١٠٠٠ كەس زیاتر بێت، بەشێك لەوانەش، بەبێ هەڵبژاردن دەبنە ئەندامی كۆنگرە، لەوانە پەرلەمانتاران و وەزیرانی یەكێتی، لە عێراق و لە هەرێمی كوردستان، دامەزرێنەرانی یەكێتی و پێشمەرگە دێرینەكانی ساڵی ١٩٧٦ و هەر دوو ئەنجوومەنی ناوەند و ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی، بەدەر لەوانە لە هەر مەكتەبێكی یەكێتی ٧ ئەندامیان بۆ كۆنگرە دیاری دەكرێن.
ئێستاش بەشێكی زۆری بەڕێوەبەرە گشتییەكان و قایمقام و بەڕێوەبەری شارۆچکەکانی سەر بەو حیزبە و ئەندامانی ئەنجوومەنی فراكسیۆنی یەكێتی لە پارێزگاكان، داوا دەكەن راستەوخۆ بكرێنە ئەندامی كۆنگرە.