نوچه
مەرجەعی باڵای ئایینی شیعەی عێراق، خۆپیشاندانەكانی بە شەڕی چاكسازی ناوبرد و دەشڵێت، نابێت هیچ لایەنێكی دەرەكی دەستوەردان بكات.
ئەحمەد سافی، نوێنەری عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای ئایینی شیعە لە میانی گوتاری ئایینی ئەمڕۆ هەینی (١٥-١١-٢٠١٩) رایگهیاند: جارێكی دیكە مەرجەعیەتی باڵا بە پێنج خاڵ هەڵوێستی خۆی لە بەرامبەر خۆپیشاندانەكان رووندەكاتەوە.
یەكەم: هاوكاریكردنی خۆپیشاندانەكان، پابەندبوونی ئاشتیانە، نەبوونی هەموو جۆرە تووندوتیژییەك، سەركۆنەكردنی دەستدرێژیكردنە سەر خۆپیشاندەران بەكوشتن، برینداركردن، ڕفاندن و ترساندنیان، دەستدرێژیكردنەسەر هێزە ئەمنییەكان، دامەزراوە حكوومییەكان، موڵكی گشتیی و تایبەت، دەستگیركردن و ئەنجامدانی لێپیچینەوە لەگەڵ هەموو ئەوانەی لەو كردەوانە گلاون، كە لەڕووی شەرعەوە حەرامە و پێچەوانەی یاساشە”.
دووەم: “گرنگە بەپەلە یاسایەكی دادوەرانە بۆ هەڵبژاردنەكان پەسندبكرێت، متمانەی هاووڵاتیان بە پڕۆسەی هەڵبژاردنەكان بگەڕێنێتەوە و هەلێكی ڕاستەقینەش بۆ گۆڕینی ئەو هێزانە فەراهەم بكات، كە لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوو حوكمڕانی وڵاتیان كردووە. هەروەها یاسایەكی نوێش بۆ كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان پەسندبكرێت.
سێیەم: تاوەكو ئێستا داواكاری خۆپیشاندەران جێبەجێنەكراوە، بەتایبەتی لە بواری دادگاییكردنی گەورە گەندەڵكاران و گەڕاندنەوەی داهاتی دزراو و هەڵوەشاندنەوەی ئیمتیازاتە ناڕەواكان، سەرەڕای دووركەوتنەوە لە بەشبەشێنە و خزم خزمێنە.
چوارەم: خۆپیشاندەران جگە لەو ڕێگەیە هیچ ڕێگەیەکی دیكەیان لەبەردەم نەما بۆ نەهێشتنی گەندەڵی، سازانی هێزەكانی دەسەڵات لەسەرجەم پێكهاتەكان وڵاتیان وەكو دەستكەوت لەنێوان خۆیان دابەشكردووە و چاوپۆشی لە گەندەڵییەكانی یەكدی دەكەن، ئەگەر بەرپرسان پێیانوایە بە سستیكردن دەتوانن لە ئیستیحقاقی چاكسازی ڕابكەن ئەوە خەونە، چوونكە خۆپیشاندانەكانی ئەمجارە وەكو پێشوو نییە با ئاگاداربن.
پێنجەم: شەڕی چاكسازی، كە گەلی عێراق دەستیپێكردووە شەڕێكی نیشتیمانی تایبەت بە خۆیەتی، نابێت هیچ لایەنێكی دەرەكی دەستوەدران بكات، چونكە دەستوەردانی دەرەكی هۆشداری مەترسی گەورە دەدات بۆ ئەوەی وڵات بكرێتە گۆڕەپانی ململانێكان و تەسفیەی حیساباتی نێوان هێزە نێودەوڵەتی و هەرێمییەكان، كە زەرەمەندی گەورە تەنیا گەل دەبێت”.