ئامانجی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم، چییە؟

0

نەوزاد عەلی-سلێمانی

ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، سەردانی سەرۆکی هەرێم بۆ بەغدا لە ئێستادا زۆر گرنگە.                                              

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه ١٣-١١-٢٠١٩‌، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شاندى ياوه‌رى كه‌ له‌  جێگرانى سه‌رۆك و سه‌رۆكى ديوانى سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێم پێكهاتبوو، به‌ سه‌ردانێكى فه‌رمى گه‌يشته‌ به‌غدا و له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراقى فيدڕاڵ و چەندین پەرپرسی باڵای عێراق كۆبووه‌وە.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە سەردانی سەرۆکی هەرێم بۆ بەغدا، ڕایگەیاند”سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا زۆر گرنگە، بەتایبەتی لە ئێستادا کە خۆپیشاندانەکانی عێراق بەردەوامی هەیە، هەروەها لیژنەی هەموارکردنەوەی دەستوور کە پێکهێنراوە، پرسی پڕۆژەیاسای بوودجەی ساڵی ٢٠٢٠ ی عێراق ڕەنگە لە ڕۆژانی داهاتوو ڕەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بکرێت و کیشەکانی عێراق بەگشتیی”.                                                                                        

سەبارەت بە ئامانجی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم، ئاماژەی بەوەکرد، کۆبوونەوەکە بۆ خستنەڕووی بۆچوونی  دروستی هەرێمی کوردستان بووە، لەسەر دەستوور و گۆڕانکارییەکانی عێراق، گوتیشی”لە لایەنی دەستووری هەندێک خاڵ هەیە لە ماددەکانی دەستووری عێراق، وەک فیدراڵیەتی عێراق و مافەکانی هەرێمی کوردستان، کە ئەوانە هێڵی سوورن و بەهیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێت لەکاتی هەموارکردنەوەدا گۆڕانکارییان تێدابکرێت”.                                                                                                                                                            

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی، دەڵێت “بەدڵنیاییەوە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکان، لەسەر پرسی نەوت و وزەی هەرێمی کوردستان دەبێت، کە بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا وەزارەتی دارایی و پلاندانانی عێراق میکانزمێک دابنێت بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ نەوت و غازی هەرێمی کوردستان و پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ی عێراق”.                

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com