
تەوەر : داعش، عێراق، کوردستان.
…………………………….
د. ساڵح مه‌لا عومه‌ر: پێو‌یسته هه‌رێمی كوردستان سیاسه‌تی بێده‌نگی بگرێته‌به‌ر
نابێت كورد به‌بێ سوننه بچێته ناو هیچ حكومه‌تێكه‌وه كه له به‌غدا درووست ده‌كرێت
نابێت كورد وه‌ك رابردوو بچێته ناو هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌وه، كه ته‌نها له نێوان كورد و شیعه‌دا هه‌بوو
پێو‌یسته راگه‌یاندنه‌كان هه‌ست به به‌رپرسیارێتی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانی بكه‌ن و هه‌وڵ نه‌ده‌ن كورد له شه‌ڕی سوننه‌وه بگلێێنن
نوچه‌نێت: هه‌ولێر
له‌م دیمانه‌یه‌دا دكتۆر (ساڵح مه‌لا عومه‌ر عیسا)، پرۆفیسۆری یاریده‌ده‌ر له كۆلێژی زانسته سیاسییه‌كانی زانكۆی سه‌لاحه‌دین، تیشك ده‌خاته سه‌ر رووداوه‌كانی ئێستای عێراق و به‌سه‌ره‌تایه‌كی باشی گۆڕانكاری ده‌زانێت له ناوچه‌كه‌دا، هه‌روه‌ها وه‌ك ده‌رفه‌تێكیش ناوی ده‌بات، كه به رووی كورددا كراوه‌ته‌وه و كورد ده‌توانێت له‌و ده‌رفه‌ته‌وه به‌ره‌و ئامانجی باڵاتر هه‌نگاو بنێت.
نوچه‌نێت: سه‌ركردایه‌تی كورد ده‌ڵێت عێراق ناگه‌ڕێته‌وه بۆ دۆخی به‌ر له كه‌وتنی موسڵ، ئایا رووداوه‌كانی ئێستای عێراق، چ ده‌رفه‌تێك بۆ كورد ده‌ڕه‌خسێنن، كه بتوانێت هه‌نگاوی زیاتر بنێت؟
د. ساڵح: ئه‌و سیاسه‌ت و ستراتیژییه‌ی ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا داینابوو، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه عێراق به حكومه‌تێكی به‌هێزه‌وه ئیداره بكرێت، نه‌ك ده‌سه‌ڵات به‌شێوه‌یه‌كی فیدراڵی دابه‌ش بكرێت، هه‌روه‌ها ئه‌مریكا ده‌یویست فرۆكه‌ی ئێف شازده به عێراق بفرۆشێت، بۆ ئه‌وه‌ی له روانگه‌ی هێزه‌وه ئیداره‌ی وڵات بكات، ئێستا ده‌بینین كه هاوڵاتیانی عێراق بڕیاری خۆیان دا، ئه‌وه‌تا وه‌ك ده‌بینین، عه‌ره‌به‌كانی سوننه بڕیاری خۆیاندا كه سیاسه‌تی نوری مالیكی قبوڵ ناكه‌ن.
بۆیه تێكشكاندی ئه‌و عه‌قڵیه‌ته، كه جارێكی تر نووری مالیكی ناتوانێت له رێی فرۆكه و هێزی سه‌ربازییه‌وه ئیداره‌ی عێراق بكات، ئه‌مه خۆی له خۆیدا سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره بوو بۆ هه‌رێمی كوردستان، ده‌رفه‌تێكی باش بۆ كورد ره‌خساوه و بۆته هۆی درووستبوونی قه‌ناعه‌تێكی تر بۆ سه‌رۆك كۆماری ئه‌مریكا و رای گشتی جیهانیش، كه به‌ڵێ ئه‌و سیاسه‌ته فه‌شه‌لی هێناوه و پێو‌یسته بیر له سیاسه‌تێكی تر بكرێته‌وه، كه مافه جیاوازه‌كانی خه‌ڵكی عێراق به گشتی به‌شێوه‌یه‌كی یاسایی و ده‌ستووری جێبه‌جێ بكرێت، به‌شێوه‌یه‌ك بێت كه هیچ لایه‌نێك خۆی له‌سه‌ر لایه‌نێكی تر فه‌رز نه‌كات، به راستی ده‌رفه‌تێكی نوێیه، كه ده‌توانین بڵێن كاریگه‌ری له‌سه‌ر رای گشتی جیهانی درووست كردووه، هه‌روه‌ها ده‌رفه‌تێكی نوێیه بۆ گه‌لی كورد، كه بڕیاری خۆی بدات، نه‌ك ته‌نها بۆ كورد، بگره بۆ پارێزگاكانی سوننه‌یش ده‌رفه‌تێكی باش ره‌خساوه، كه خۆیان بڕیاری خۆیان بده‌ن، چونكه ئه‌و سوپایه‌ی كه له رێگه‌ی پڕ چه‌ككردن و سه‌ركوتكردنه‌وه ده‌یوست خه‌ڵك بێده‌نگ بكات، تا عێراق بمێنێته‌وه، فه‌شه‌لی هێنا و له ماوه‌ی بیست و چوار كاتژمێر نه‌یتوانی له‌به‌رانبه‌ر هێرشێكدا خۆی رابگرێت.
نوچه‌نێت: به‌ڵام خاڵی به‌هێزی كورد له چیدا ده‌بینیت، بۆ ئیداره‌دانی ئه‌م كێشانه‌ی ئێستای عێراق كه به به‌رژه‌وه‌ندی خۆی بشكێته‌وه؟
د. ساڵح: ئه‌م دۆخه‌ی كه درووست بووه، ده‌توانرێت له چه‌ند روانگه‌یه‌كه‌وه سه‌یر بكرێت، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌توانێت كاریگه‌ری ئیجابی یان سلبی هه‌بێت، له‌مه‌یشدا ده‌بێت سه‌یری ئه‌وه بكه‌ین، كه كورد چ ئامرازێكی له‌به‌رده‌ستدایه چۆن ده‌توانێت به شێوه‌یه‌ك گه‌مه بكات كه كاریگه‌ری ئیجابی هه‌بێت بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی ؟، یان وه‌ك تۆ وتت خاڵی به‌هێزی كورد چیه.
یه‌كه‌م خاڵی به‌هێزی كورد ئه‌وه‌یه، كه ئێمه ئه‌گه‌ر له رووی جوگرافیاوه سه‌یر بكه‌ین، خۆشبه‌ختانه توانیومانه كێشه‌ی جۆگرافی خۆمان له ناو عێراقدا تا راده‌یه‌ك كۆتایی پێبهێنین، چونكه له رابردوودا یه‌كێك له خاڵه لاوازه‌كانمان ئه‌وه بوو، كه زیاتر له سه‌دا چلی خاكی ئێمه سه‌ر به هه‌رێمی كوردستان نه‌بوو، به‌ڵام ئێستا به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان ده‌توانین بڵێین مادده‌ی سه‌د و چل ئیتر جێبه‌جێ كراوە، زۆربه‌ی هه‌ره زۆری ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم گه‌ڕاوه‌ته‌وه سه‌ر هه‌رێمی كوردستان.
هه‌روه‌ها خاڵێكی به‌هێزی كورد تایبه‌ته به سیاسه‌تی نه‌وت و غاز و هێنانی كۆمپانیا گه‌وره‌كانی ئه‌و بواره بۆ هه‌رێمی كوردستان، تا سه‌رمایه گوزاری بكه‌ن، تا راده‌یه‌ك سه‌ركه‌وتوو بووه، كه هه‌رێمی كوردستان بتوانێت له رووی ئابوورییه‌وه سه‌ربه‌خۆیی خۆی هه‌بێت، ئه‌مه‌یش خاڵێكی زۆر زۆر به‌هێزی كورد بووه، له‌م روانگه‌یه‌وه ده‌توانین به شێوه‌یه‌كی دیفاكتۆ له به‌غدا جیابیینه‌وه.
خاڵێكی به‌هێزی تر ئه‌وه‌یه، كه ئه‌گه‌ر ئێمه سه‌یری ده‌وڵه‌ته‌كانی ده‌وروبه‌ری هه‌رێمی كوردستان بكه‌ین، پێشتر دژایه‌تی هه‌رێمی كوردستانیان ده‌كرد، وا ده‌بینران كه رێگری ده‌كه‌ن كورد ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ درووست بكات، به‌ڵام ئێستا ده‌بینین كه هیچ جۆره رێگرییه‌ك نیه، تا راده‌یه‌كیش ده‌وڵه‌ته‌كانی ده‌وروبه‌ر ئه‌و واقیعه‌یان قبوڵ كردووه، كه كورد هۆكاری دابه‌ش كردن نه‌بووه، بەڵکو هۆكاری خولقاندنی ئه‌و دۆخه، كێشه‌ی نێوان سوننه و شیعه بووه، سوننه‌كان خۆیان هاتوون شه‌ڕیان له دژی سوپای عێراق كردووه و فه‌شه‌لیان به سوپا هێناوه، واته ئه‌م دۆخه كورد درووستی نه‌كردووه، تا ده‌وڵه‌ته‌كانی تر له دژی كورد هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ن، ئه‌مه خاڵێكی زۆر به‌هێزه بۆ كورد.
هه‌روه‌ها له ناوخۆی عێراقیش، عه‌ره‌به‌كان به گشتی و عه‌ره‌بی سوننه به تایبه‌تی، هه‌تا له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی سیستمی فیدراڵیش نه‌بوون، پێیانوابوو ئه‌وه ده‌بێته هۆی دابه‌ش بوونی عێراق، به‌ڵام ئێستا ئه‌وان دروشمی دابه‌شكردنی عێراقیان هه‌ڵگرتووه، ده‌وڵه‌تێكیان له ناو پارێزگه سوننییه‌كاندا راگه‌یاندووه، واته له ناخۆی عێراقدا ئێستا ده‌وڵه‌تێك درووست بووه، كه سه‌ر به عێراق نیه، هه‌موو شتێكی جیاوازه ئیداره‌ی جیاوازه، بۆیه ئه‌م دۆخه وای كردووه، ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی هه‌نگاو بنێت، گوشاره‌كانی سه‌ری كه‌متر ده‌بێت.
هه‌روه‌ها له روانگه‌ی دیبلۆماسییه‌ته‌وه، هه‌رێمی كوردستان سه‌ركه‌وتوو بووه، ئێستا زیاتر له بیست ده‌وڵه‌تی جودای جیهان له ناو كوردستاندا هه‌ن، كونسوڵخانه‌ی خۆیان كردۆته‌وه، ڤیزه‌یش به هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ده‌ن، هه‌روه‌ها هه‌رێمی كوردستان توانیویه‌تی فرۆكه‌خانه درووست بكات و لەرێیەوە پەیوەندی و هاتوچۆی جیهان بکات.
نوچه‌نێت: له كاتێكدا ئه‌گه‌ر هێزێكی وه‌ك ئه‌مریكا پاڵشتی كورد نه‌بوو، ئه‌و خاڵه به‌هێزانه‌ی كه جه‌نابت باست كردن، تا چه‌ند ده‌بنه هۆكارێكی یارمه‌تیده‌ر بۆ كورد بۆ هه‌نگاونان به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی؟
د. ساڵح: ئێمه ئه‌گه‌ر سه‌د ساڵی تریش دابنیشین و چاوه‌ڕێ بكه‌ین، كه ئه‌مریكا بیچت و ده‌وڵه‌ت بۆ ئێمه درووست بكات، شتی وه‌ها روونادات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و خاڵه به‌هێزانه‌ی ئێمه بوونه هۆكارێك بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی بچین، ئه‌وكات ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكایش دان به‌و واقیعه نوێیه‌دا ده‌نێت، ئێستا عێراق له لایه‌ن سوننه‌وه دابه‌شكراوه، ئه‌مه‌یش ده‌بێته هۆكارێك كه ئه‌مریكا دان به ئێمه‌دا بنێت، ئێستا ئه‌مریكا له مه‌وقێفێكدایه، كه ئه‌گه‌ر هاوكاری سه‌ركوتكردنی سوننه بێت و له‌و رێیه‌وه شیعه بكاته‌وه به سه‌ركوتكه‌ری عێراق، به دڵنیاییه‌وه ده‌وڵه‌ته‌كانی كه‌نداو و توركیا ئه‌مه قبوڵ ناكه‌ن، سیاسه‌تی ئه‌مریكا پێمان ده‌ڵێت كه ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ وه‌قیعدا مامه‌ڵه ده‌كات، بۆیه ئه‌و فاكته‌ره به‌هێزانه‌ی كه له ده‌ستی ئێمه‌دان، وا ده‌كه‌ن، كه ئه‌مریكا و ده‌وڵه‌ته‌كانی تری جیهان دان به مافه‌كانی ئێمه‌دا بنێن، چونكه هه‌رێمی كوردستان له په‌یوه‌ندییه دبلۆماسییه‌كانی خۆیدا، زۆر سه‌ركه‌وتوو بووه، هه‌تا په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ روسیاشدا هه‌یه، كونسوڵخانه‌ی روسیا له ناو هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه، كۆمپانیای گاز فرۆمی روسیا له ناو هه‌رێمی كوردستان سه‌رمایه گوزاری ده‌كه‌ن، به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌و وڵاته لێره بوونی هه‌یه، واته هه‌رێمی كوردستان خۆی وا پێناسه نه‌كردووه، كه ناوچه‌یه‌كه له ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مریكا و گوێڕایه‌ڵی ئه‌مریكایه.
نوچه‌نێت: کەوایە سه‌ره‌ڕای ئه‌و فاكته‌ره به‌هێزانه‌ی باست كردن، فاكته‌ری لاوازی كورد چین له‌م دۆخه‌دا؟
د. ساڵح: ئێمه پێمان خۆش بێت یان نا، له ناوچه‌یی رۆژهه‌ڵڵاتی ناوه‌ڕاستداین و ئه‌م ناوچه‌یه‌ش توندوتیژی زۆری تێدایه، له ناو عێراقی ئێستایش ئێمه هاوسنوور ده‌بین له‌گه‌ڵ عه‌ره‌به‌كانی سوننه، ئه‌وانیش دۆخێكی توندوتیژیان له ناوخۆیان هه‌یه، ئه‌مه ره‌نگه خۆیی له خۆیدا وه‌ك جۆرێك كێشه خۆی بنوێنێت.
هه‌روه‌ها پێویستیمان به ماندووبوونێكی زۆر هه‌یه، هه‌تا بتوانین قه‌ناعه‌ت بۆ ده‌وڵه‌ته‌كانی تری جیهان درووست بكه‌ین، له رووی ژێرخانی ده‌وڵه‌تدارییه‌وه تا راده‌یه‌ك كه‌موكوڕیمان هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه‌نده زۆر نین تانه‌توانین چاره‌یان بكه‌ین، ئه‌وه‌یش ره‌نگه كاتی بووێت بۆ چاره‌كردنیان، له لایه‌كی تره‌وه ره‌نگه كاتی بووێت تا قه‌ناعه‌تێك بۆ ئه‌و عه‌قڵیه‌ته‌ی به‌غدا درووست بكه‌ین، كه ئه‌و واقیعه قبوڵ بكات، هه‌روه‌ها ره‌نگه كرده‌وه‌ی تیرۆریستی له ناو هه‌رێمی كوردستاندا رووبدات، چونكه وه‌ك باسم كرد، سنووری زۆرمان له‌گه‌ڵ عه‌ره‌به سوننه‌كان هه‌یه، كه گرووپه‌كانی داعش و توندڕه‌وه‌كانی تر له ناو ئه‌و پارێزگا سوننیانه‌دا بنه‌كه‌یان كردۆته‌وه.
له روانگه‌ی سه‌ربازییه‌وه راسته ئێمه هێزی پێشمه‌رگه‌مان هه‌یه و به‌رگری له خاكی كوردستان ده‌كات، به‌ڵام له رووی هێزی ئاسمانییه‌وه لاوازین و هیچ هێزێكی ئاسمانیمان نیه.
فاكته‌رێكی تر بۆ واقیعی جوگرافی ده‌گه‌ڕێته‌وه، چونكه واقیعی جوگرافیای ئێمه، به جۆرێكه كه په‌یوه‌ندیمان به سنووری ده‌ریا ئازاده‌كانه‌وه نیه، كه ئێمه بتوانین به ئاسانی له رێی ده‌ریا و زه‌ریاكانه‌وه و به‌بێ هیچ به‌ربه‌ستێكی وڵاتان مامه‌ڵه بكه‌ین، ئه‌مه‌یش ده‌توانین بڵێین یه‌كێكه له خاڵه لاوازه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.
نوچه‌نێت: ئه‌ی فاكته‌ره سیاسییه ناوخۆییه‌كان، كه تا راده‌یه‌ك ده‌یسله‌مێنن هێشتا لایه‌نه‌كان ته‌با و كۆك نین له‌گه‌ڵ یه‌ك، ئه‌مه نابێته فاكته‌رێكی تری لاوازیی، بۆ ئه‌م قۆناغه‌ی كورد؟
د. ساڵح: ئه‌و ململانێ سیاسییانه‌ی كه هه‌ن، تا راده‌یه‌ك شتی سرووشتین كه له نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كاندا بوونی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێمه له هاتنی جون كیریدا بینیمان، زۆر جێگه‌ی دڵخۆشی بوو، كه سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و سه‌ركرده سیاسییه‌كانی تری كورد وه‌ك به‌رێز نه‌وشیروان مسته‌فا و به‌رێز دكتۆر به‌رهه‌م ساڵح و به‌رێز نێچیرڤان بارزانی، پێكه‌وه پێشوازیان له وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا كرد، ئه‌و په‌یامه‌ی كه ئاراسته‌ی جون كیریان كرد په‌یامێكی سه‌ركه‌وتوو بوو، كه وه‌ڵامده‌ره‌وەی پرسیار و نیگه‌رانییه‌كانی خه‌ڵكن، ئه‌مه‌یش فاكته‌رێكی به‌هێزن نه‌ك بێهێز.
هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر سه‌یری یه‌كگرتووی ئیسلامیش بكه‌ین، ده‌بینین له په‌پڕه و پڕۆگرامی خۆیدا، باسی مافی چاره‌ی خۆنوسینی كردووه، هه‌روه‌ها به‌ڕێز عه‌لی باپیریش ماوه‌یه‌ك به‌ر له ئێستا، كۆنفرانسێكی رێكخستبوو كه پێو‌یسته هه‌رێمی كوردستان سه‌ربه‌خۆ بێت و ببێته ده‌وڵه‌ت، كه‌واته له رووی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه هه‌موو حیزبه كوردییه‌كان به ئیسلامی و عه‌لمانییه‌وه، یه‌ك هه‌ڵوێستیان هه‌یه، پێیانوایه پێو‌یسته كوردستان به‌ره‌و ئه‌و دۆخه بڕوات، كه مافه‌كانی خۆی به ده‌ست بهێنێت.
نوچه‌نێت: به‌ڵام كورد ده‌توانێت ئه‌و فاكته‌ره لاوازه‌ی باست كردن، به جۆرێك به‌هێز بكاته‌وه كه دواجار بكه‌وێته خزمه‌ت به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیه‌وه؟
د. ساڵح: له رووی واقیعی جوگرافییه‌وه ئێمه ناتوانین ئه‌و واقیعه بگۆڕین، به‌ڵام رێی تر هه‌یه كه وه‌ك به‌دیل به‌كاری بهێنین، بۆ نموونه هه‌رێمی كوردستان ئێستا بۆری نه‌وتی درووست كردووه، كه له رێی توركیاوه بگاته بازاڕه‌كانی جیهان، ده‌توانێت بۆڕی غازیش لێبدات و یان بۆڕییه‌كی تری نه‌وتیش لێبدات، له‌م رێیه‌وه ده‌توانێت ئه‌و كێشه‌یه چاره‌سه‌ر بكات، هه‌تا ده‌توانێت له رێی ئێرانیشه‌وه بۆری نه‌وت رابكێشێت و نه‌وت بۆ ئه‌و بازاڕه‌ی تری جیهان بنێرێت، له‌و رێیه‌وه ده‌توانێت ئه‌و كێشانه چاره‌سه‌ر بكات، به‌ڵام ره‌نگه كه‌مێك كاتی بوێت.
له رووی سه‌ربازی و پاراستنی سنووره‌كانه‌وه، راسته پێشمه‌رگه ره‌نگه وه‌ك سوپایه‌كی مونه‌زه‌می وڵاته به‌هێزه‌كان كه‌ره‌سته‌ی سه‌ربازی له به‌رده‌ست نه‌بێت، ئه‌مه‌یش ده‌توانرێت به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان چاره بكرێت، كه‌لوپه‌لی سه‌ربازی بكڕێت و فڕۆكه بكرێت و هێزی ئاسمانیش درووست بكات، له رووی تره‌وه هه‌ندێك بونیات هه‌ن پێو‌یسته دابڕێژرێنه‌وه، له رووی موئه‌سه‌ساتییه‌وه هه‌ندێك كه‌موكوڕیمان هه‌یه، له رووی كشتوكاڵییه‌وه تا ئێستا نه‌مانتوانیوه سه‌ربه‌خۆی خۆمان به ده‌ست بهێنین، چونكه ئه‌گه‌ر بازاڕه‌كانی ده‌وروبه‌ری خۆمان بۆمان نه‌نێرن، ره‌نگه تووشی قه‌یران ببین.
هه‌روه‌ها قه‌یرانی به‌نزین كه یه‌كێكه له پێداویستییه‌كانی خه‌ڵك، له‌م ماوه‌دا به‌رۆكی به هه‌رێمی كوردستان گرتووه، به‌ڵام ده‌توانرێت ئه‌ویش چاره بكرێت و له ناو هه‌رێمی كوردستاندا به‌رهه‌م بهێنرێت، به‌ڵام ره‌نگه ئه‌مه‌یش پێویستی به كات هه‌بێت، بۆیه ئه‌مانه پێویستیان به كار بۆكردن هه‌یه، چونكه ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت ده‌وڵه‌ت درووست بكه‌ین، پێو‌یسته ده‌وڵه‌تێكی به‌هێزمان هه‌بێت، نه‌ك ده‌وڵه‌تێك كه به‌رگه نه‌گرێت و نه‌توانێت خۆشگوزه‌رانی بۆ خه‌ڵك وڵات بهێنێت، فه‌لسه‌فه‌ی درووستكردنی ده‌وڵه‌ت ئه‌وه‌یه، كه باشتر له ئێستا و رابردوو خزمه‌ت به هاوڵاتیان بكات.
نوچه‌نێت: چۆن كورد بتوانێت ئه‌و رووداوانه‌ی ئێستا له عێراق و ناوچه‌كه رووده‌ده‌ن بخاته خزمه‌تی دۆزه‌كه‌یه‌وه؟
د. ساڵح: كورد له‌م دۆخه‌دا نابێت به‌شێوه‌یه‌كی هه‌ستیارانه ره‌فتار بكات، پێو‌یسته كورد خوێندنه‌وه‌یه‌كی واقیعیانه‌ی بۆ سیاسه‌تی ئێستای عێراق هه‌بێت، له‌وه تێبگات كه عێراق له چ حاڵه‌تێكدایه، سیاسه‌تی ناوچه‌كه به چ شێوه‌یه‌كه، ئه‌وكات هه‌ڵسوكه‌وت بكات، بۆیه زۆر گرنگه كه خوێندنه‌وه‌ی راسته‌قینه و درووستی بۆ ئه‌م دۆخه هەبێ، كه ئەمه‌ش وا ده‌كات كورد بتوانێت رووداوه‌كان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی به‌كاربهێنێت.
ئه‌گه‌ر ئه‌و كاته‌ی قه‌یرانی بودجه درووست بوو، كورد بیوتایه من ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ یان كۆنفیدراڵی راده‌گه‌یه‌نم، ئه‌مه زۆر به زیانی كورد ده‌شكایه‌وه، چونكه شیعه و سوننه یه‌كیان ده‌گرت و دژایه‌تی كوردیان ده‌كرد، بۆی هه‌بوو ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه كه به ده‌ستمان هێنابوو، ئه‌وانیش له ده‌ست بده‌ین، به‌ڵام كورد توانی ئه‌و دۆخه به‌شێوه‌یه‌ك ته‌عامول بكات، كه مالیكی نه‌توانێت هه‌لبقۆزێته‌وه و ئه‌و كێشه‌یه بكاته كێشه‌ی كورد و عه‌ره‌ب، چونكه ئه‌وه سیاسه‌تێك بوو كه نووری مالیكی ده‌یویست له‌و رێیه‌وه كێشه‌ی سونییه‌كان چاره بكات و خۆی وه‌ك پاڵه‌وانێكی راسته‌قینه‌ی عه‌ره‌ب پیشان بدات، به‌ڵام دواتر سوننه له سوپای مالیكی راپه‌ڕی و تاڵانیان كرد.
ئه‌مه ده‌ری ده‌خات، كه سیاسه‌تی ئه‌وكاتی كورد سیاسه‌تێكی واقیعبینانه بووه، ئێستا ئه‌گه‌ر سه‌یری واقیعه‌كه بكه‌ین، عه‌ره‌بی سوننه داوای ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆی كردووه و دایمه‌زراندووه، بۆیه ده‌بێت ئێمه تێبگه‌ین، كه ئه‌و سوننیانه‌ی ئێستا له پارێزگانی خۆیان هه‌ڵهاتوون، ئه‌وانه نوێنه‌ری خه‌ڵكی پارێزگا سوننییه‌كان نین، ئێستا ئه‌و عه‌ره‌به توندڕه و كۆنه به‌عسیانه‌ی كه ده‌ستیان به‌سه‌ر پارێزگا سونییه‌كاندا گرتووه، خۆیان كردووه به نوێنه‌ری پارێزگا سوننیه‌كان.
لێره‌دا پرسیارێك درووست ده‌بێت، ئه‌گه‌ر ئێمه بمانه‌وێت ده‌وڵه‌تی عێراق درووست بكه‌ینه‌وه، ئایا ئه‌گه‌ر نوێنه‌ری پارێزگا سونییه‌كان هیچیان ئاماده نه‌بوون و حوكمی ده‌وڵەتی عێراق به‌سه‌ر پارێزگاكانی موسڵ و ئه‌نباردا قبوڵ نەکەن، واته ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر به‌شێكی زۆری عێراقدا نه‌بێت، ئیتر ئه‌وه چ حكومه‌تێكه؟
حکومەتی عێراق ناتوانێت ببێته حكومه‌تێكی نیشتیمانی، كه نوێنه‌ری سوننه‌ی تێدا نه‌بێت و ئه‌وان ده‌وڵه‌تێكی جودایان بۆ خۆیان راگه‌یاندبێت.
ئێستا ئه‌و توندڕه‌وانه نوێنه‌رایه‌تی ناوچه سوننه نشینه‌كان ده‌كه‌ن و حكومیان ده‌كه‌ن، كه ئه‌وان هیچ متمانه‌یه‌كیان نه به كورد هه‌یه و نه به شیعه‌یش، كورد و شیعه‌یش هیچ متمانه‌یه‌ك له نێوانیاندا نه‌ماوه، چونكه مالیكی شه‌ڕی بودجه‌ی له‌گه‌ڵ كورد كرد و بژێوی خه‌ڵكی بڕی، هه‌روه‌ها وه‌ك باسیش ده‌كرێت ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌كیش له ناو پارێزگا سونییه‌كان زۆر بووه و گرووپی داعش‌یش وه‌ك به‌شێك له‌و ده‌ستێوه‌ردانانه باس ده‌كرێن، هه‌روه‌ها له ناو پارێزگا شیعه‌كانیش گروپی میلیشیا درووست بوون و چه‌كیان هه‌ڵگرتووه و خۆیان به سوپای عێراقی ده‌زانن، چونكه له‌لایه‌ن مه‌رجه‌عه‌كانی شیعه‌وه فه‌توا ده‌ركراوه، كه‌واته به حاڵه‌وه ده‌وڵه‌تی عێراق چۆن پێك دێته‌وه؟
بۆیه ئه‌گه‌ر كورد داشبینێت و دانووسیتانیش بكات، به دڵنیاییه‌وه حكومه‌تی عێراقی به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌قینه كه هه‌موو لایه‌ك تێیدا به‌شدار بێت و هه‌موو لایه‌ك قبوڵ بكات و بتوانێت ئیداره‌ی عێراق بكات درووست نابێته‌وه، ئه‌گه‌ر حكومه‌تیش درووست نه‌بێته‌وه، ئه‌مه خۆی له خۆیدا ده‌بێته دیفاكتۆ، ئه‌م دیفاكتۆیه‌ش به پێی تێپه‌ڕینی زه‌مه‌ن، ده‌بێته واقیع و قه‌ناعه‌ت بۆ ده‌وڵه‌ته‌كانی ده‌وروبه‌ر و جیهان درووست ده‌كات، هه‌روه‌ها قه‌ناعه‌ت بۆ سوننه و شیعه‌كانیش درووست ده‌كات، كه سێ ده‌وڵه‌تی جودا درووست بێت، بۆیه به‌و شێوه‌یه كورد ده‌توانێت به‌شێوه‌یه‌كی زیره‌كانه به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی هه‌نگاو بنێ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كورد، به‌شێوه‌یه‌كی عاتیفیانه كار بكات و هه‌ڵه‌یه‌كی بچو‌وكیش بكات، بۆی هه‌یه شیعه و سوننه‌كان بكاته‌وه به یه‌ك و له دژی هه‌رێمی كوردستان كار بكه‌ن.
ئه‌گه‌ر كورد به‌شێوه‌یه‌كی یاسایی و ده‌ستووری قسه‌ی خۆی بكات، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه كه‌ركووك و ناوچه گه‌ڕێندراوه‌كان بكه‌ونه‌وه سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، هێزی پێشمه‌رگه وه‌ك سوپای عێراق ماف و ئیمتیازاتی هه‌بێت، ئه‌وكات كورد زۆر به زیره‌كییه‌وه له‌و مه‌سه‌له‌یه ده‌رده‌چێت، چونكه وه‌ك پێشتر ئاماژه‌م پێدا، عێراق ناتوانێت وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی یه‌كگرتوو خۆی بگرێته‌وه، کورد په‌یوه‌ندییه‌كی باشیشی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ته‌كانی دراوسێ ده‌بێت، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندیشی له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بی شیعه و سوننه‌یش ده‌بێت، چونكه ئه‌گه‌ر عێراق بیشبێته سێ ده‌وڵه‌تی جودا، ئه‌وه به حوكمی جوگرافیا ئێمه هه‌ر دراوسێی یه‌ك ده‌بین، له‌م حاڵه‌ته‌یشدا هاوكاری یه‌ك بین باشتره هه‌تا دژایه‌تی یه‌ك بكه‌ین.
نوچه‌نێت: وه‌ك تۆ وتت ئێستا سوننه‌كان ده‌وڵه‌تی خۆیان درووست كردووه، پرسیار ئه‌وه‌یه ئایا مامه‌ڵه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌دا ده‌بێت چۆن بێت؟
د. ساڵح: ئه‌مه واقیعه، ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی كه درووست بووه، ئێمه هیچ كاریگه‌رییه‌كمان به‌سه‌رییه‌وه نه‌بووه، به ویست ئاره‌زووی ئێمه‌یش درووست نه‌بووه، به ویست و ئاره‌زووی ئێمه‌یش ره‌فز ناكرێت و له ناو ناچێت، چونكه ئه‌م ده‌وڵه‌ته ویست و ئاره‌زووی عه‌ره‌به سوننییه‌كان بووه، به گوێره‌ی واقیعی ئه‌مڕۆی عێراق كه تێیدایه، پێشتر عه‌ره‌به‌كانی سوننه هه‌تا ئه‌وكاته‌یش كه ده‌ستوور نووسرا، ترسیان له‌وه هه‌بوو كه عێراق دابه‌ش ببێت، چونكه پێانوابوو ده‌گه‌ڕێنه‌وه و حوكمی عێراق ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌م قه‌ناعه‌ته بۆ عه‌ره‌بی سوننه‌یش درووستبوو كه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناتوانێت حوكمی عێراق بكات، كه وه‌ك رابردوو شیعه ره‌فز بكاته‌وه.
پێشتر داوای فیدڕاڵیان ده‌كرد كه نه‌یاندرایه، ئێستا له رێی چه‌كه‌وه توانیویانه ئه‌و جێیانه بۆخۆیان درووست بكه‌ن، ئه‌وه‌ی كه گرنگه بۆ هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌یه، كه ئه‌مانه ئێستا دراوسێی ئێمه‌ن، بۆیه ئێستا پێو‌یسته هه‌رێمی كوردستان سیاسه‌تی بێده‌نگی بگرێته‌به‌ر، واته سنووره‌كانی هه‌رێمی كوردستان بپارێزێت، كه به گوێره‌ی ده‌ستووری عێراق، ئه‌ركی ئێمه ته‌نها پاراستنی سنووره‌كانی هه‌رێمی كوردستانه، ئێمه به هه‌موو شێوه‌یه‌ك به‌رگری له سنووره‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین، له هه‌مانكاتدا، كه باسی حكومه‌تی عێراقیش ده‌كرێت، پێو‌یسته باس له‌وه بكه‌ین كه مافه‌كانی برا سنونییه‌كانمان له‌به‌رچاو بگیرێت، واته كورد نابێت به‌بێ سوننه بچێته ناو هیچ حكومه‌تێكه‌وه كه له به‌غدا درووست ده‌كرێت، كورد نابێت وه‌ك رابردوو بچێته ناو هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌وه، كه ته‌نها له نێوان كورد و شیعه‌دا هه‌بوو، له هه‌مانكاندا كورد ده‌بێت په‌یوه‌ندییه‌كی باشی دیبلۆماسی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بییه‌كانی دراوسێدا درووست بكات، فاكته‌رێكی تری گرنگ ئه‌وه‌یه، كه كورد نابێت به هیچ شێوه‌یه‌ك ببێته مه‌ترسی بۆ سه‌ر پارێزگاكانی عێراق، واته ئه‌وان دڵنیاییان هه‌بێت، كه ئێمه ته‌نها پارێزگاری له خاكی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین، هه‌روه‌ها پێو‌یسته راگه‌یاندنی كوردی به‌جۆرێك كار بكات، كه نه‌بێته هۆی ئازاردانی عه‌ره‌به سونییه‌كانی عێراق، چونكه ئه‌وانیش مافی خۆیانه بڕیار له باره‌ی چاره‌نووسی خۆیانه‌وه بده‌ن، پێو‌یسته به‌وپه‌ری هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانییه‌وه كار بكه‌ن به‌جۆرێك نه‌بێت كه كورد بكه‌وێته كێشه‌وه، له‌گه‌ڵ عه‌ره‌به‌كانی سوننه، زۆر گرنگه راگه‌یاندنه‌كانیش هه‌ست به به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانی بكه‌ن.