نوچه
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه (١٢-١١-٢٠١٩)، سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیسرائیل، به‌رپرسیارێتی خۆی له كوشتنی سه‌ركرده‌یه‌كی بزووتنه‌وه‌ی جیهادی ئیسلامی له كه‌رتی غه‌زه راكه‌یاند.
له‌وباره‌یه‌وه نوسینگه‌ی بنیامین نه‌تانیاهو، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه تێیدا رایگه‌یاند: شه‌وی رابردوو ئه‌بو عه‌تا، كه سه‌ركرده‌یه‌كی گه‌وره‌ی رێكخستنی جیهادی ئیسلامییه له كه‌رتی غه‌زه، كوژراوه. ئه‌بو عه‌تا به‌رپرسی كرده تیرۆریستییه‌كان و مووشه‌كه ئاراسته‌كراوه‌كان بووه بۆ ئیسرائیل له چه‌ند مانگی رابردوودا و ده‌یویست كرده‌ی تیرۆریستی خێرای دیكه ئه‌نجام بدات.
له به‌یاننامه‌كه‌دا ئاماژه به‌وه‌كراوه، سوپاسالاری گشتی سوپای به‌رگری و سه‌رۆكی ده‌زگای شاباك (Shin Bet) فه‌رمانی ئه‌نجامدانی ئه‌و ئۆپراسیۆنه‌یان داوه و له‌لایه‌ن سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیسرائیل و وه‌زیری به‌رگری ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر دراوه پاش ئه‌وه‌ی خراوه‌ته به‌رده‌ستی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زاری بۆ كاروباری سیاسه‌ت و ئاسایش و ئه‌وانیش ره‌زامه‌ندییان له‌سه‌ر ده‌ربڕیوه.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی میدیاكانی ئیسرائیل، ئه‌بو عه‌تا و ژنه‌كه‌ی له باڵه‌خانه‌یه‌كی گه‌ڕه‌كی شوجاعیه له رۆژهه‌ڵاتی كه‌رتی غه‌زه، كراونه‌ته ئامانج. له‌و هێرشه‌دا خۆی و هاوژینه‌كه‌ی كوژراون و دوو كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون.
ئه‌ڤیخای ئه‌دره‌عی، گوته‌بێژی سوپای ئیسرائیل، له‌باره‌ی ئۆپراسیۆنه‌كه‌وه له تویته‌ردا نوسیوویه‌تی “ئه‌بو عه‌تا زۆربه‌ی چالاكییه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی جیهادی ئیسلامی له كه‌رتی غه‌زه ئه‌نجامداوه و هه‌میشه وه‌ك بۆمبێكی چێنراو بووه.