نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتیی لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، لەم خولەی پەرلەماندا ڕووبەڕووی گەندەڵی دەبینەوە و کار بۆ چاکسازی و نووسینەوەی دەستور، دەکەین.
لە کابینەی هەشتەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەیاسای چاکسازی، نێردرا بۆ پەرلەمان بەڵام بەبیانوی جیاجیا دەنگی لەسەر نەدرا. لەم خولەدا هەموان باسی هەبوونی نیەتی جددیان بۆ تێپەڕاندنی ئەم پڕۆژەیاسایە هەیە، کەچی جارێکی تر دوادەکەوێت.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، زکری ئەحمەد، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتیی لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە پرسی گەندەڵی لەهەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند”ئەولەویەتی کاری ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان، کارکردنە لەسەر چاکسازی، ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و نووسینەوەی دەستورێک بۆ هەرێمی کوردستان، دەستوورێک کە ڕێگە نەدات بە هیچ کەس و لایەنێک خروقات و گەندەڵی بکات، جا نازانین تاچەند لایەنەسیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، هاوکارمان دەبن”.
لە بارەی پڕۆژەیاسای چاکسازییەوە، پەرلەمانتارەکەی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان، گوتی”ئەگەر ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، پڕۆژەیاسای چاکسازی ڕەوانەی پەرلەمان بکات و لایەنەسیاسییەکان نیەتی چاکسازییان هەبێت، پەرلەمانتارانی کوردستان، نیەتیان ئەوەیە پشتگیری لەو پڕۆژەیاسایە بکەن، چونکە ئەگەر پڕۆژەیاسای چاکسازی لە ٨٠% بۆ ٥٠% ی جێبەجێ بکرێت بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستانی تێدایە”.
زکری ئەحمەد، پێیوایە لایەنەسیاسییەکانی هەرێم نیەتی چاکسازییان نییە و دەشلێت”پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای چاکسازی بەرژەوەندی هەندێک کەسی دیاری ناو حزبەکانی تێدا نییە، بۆیە کارێکی قورسە کە ئێستا پڕۆژەیاسای چاکسازی بێتە پەرلەمانی کوردستان”.