نوچه
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) رایدهگهیهنێت، تورکیا و گروپەكانی نزیکی لەسەر هێرشەکانیان بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان بەردەوامن و لە راگەیاندنی ئاگربەستەکەوە ١٨٢ هەڤاڵمان شەهیدبوون.
مەزڵووم کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی ههسهده، ئاماژە بەوە دەکات، لەو کاتەوەی ئاگربەستەکە لەسەر بنچینەی رێککەوتنی نێوان تورکیا و ئەمریکا راگەیێندراوە، ١٨٢ شەڕڤان و “دەیان هاوڵاتی سڤیل گیانیان لەدەستداوە، ٣٠ هەزار کەسی سڤیل ئاوارەبوون، هەزار و ١٠٠ کیلۆمەتر دووجا داگیرکراوە”.
هاوکات فەرماندەیی گشتی هەسەدە راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە، تورکیا پابەندی ئاگربەست نەبووە و پێویستە ئەمریکا وەک گەرەنتیکار وەڵامی ئەو پێشێلکارییانە بداتەوە، کە تورکیا و گروپە چەکدارە نزیکەکانی ئەنجامیان دەدات.
دەقی راگەیێندراوەکەی هەسەدە:
دەوڵەتی تورکیا، سوپاکەی و گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا پابەند نەبوون بە رێککەوتنی ئاگربەست، کە لەگەڵ ئەمریکا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەسەدە لە رۆژی ١٧ی تشرینی یەکەم کرا، سەرەڕای ئەوەی هێزەکانمان هەموو پابەندییەکانیان جێبەجێکردوون کە لە رێککەوتنەکەدا ئاماژەیان پێکراوە.
تورکیا بەردەوامبووە لە پێشێلکردنی ئاگربەست و قەبارەی کارەساتە مرۆییەکە بەمەبەست و بەشێوەیەکی پلان بۆ داڕێژراو زیاد دەکات و بەردەوامیشە لە داگیرکردنی خاکی سووریا لە دەرەوەی ناوچەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان کە رێککەوتنی لەسەر کراوە، لە هەریەک لە سەرێ کانی و گرێ سپی و تلتەمر، خەڵکەکەی ئاوارەکردوون و کوشتوونی، سەرەڕای ئەوەی هێزەکانمان لەو ناوچانەدا کشاونەتەوە.
دەوڵەتی تورکیا لە رۆژی ئاگربەستەوە تاوەکو ئێستا پانتاییەکی جوگرافی داگیرکردووە کە بە ١١٠٠ کم چوارگۆشە دەخەمڵێندرێت و ٥٦ گوند لەخۆی دەگرێت، هەروەها ئەو ناوچەیە چەندین باخ و شارۆچکە لە هەریەک لە باکووری شارۆچکەی عەین عیسا و رۆژهەڵاتی شاری کۆبانێ و رۆژهەڵاتی سەرێ کانی و باکووری رۆژئاوای تلتەمر لەخۆی دەگرێت.
دەوڵەتی تورکیا و گروپە چەکدارەکانی لەرێگەی پێشێلکارییە بەردەوامەکانیان لە رۆژی راگەیاندنی ئاگربەستەوە هۆکاربوون بۆ ئاوارەبوونی نزیکەی ٣٠ هەزار خەڵکی سڤیل و هەروەها شەهیدبوون و برینداربوونی دەیانی دیکە.
دەوڵەتی تورکیا و گروپە چەکدارەکانی لە راگەیاندنی ئاگربەستەوە ١٠٨ هێرشی زەمینیان ئەنجامداوە، هەروەها فڕۆکە بێفڕۆکەوانە سەربازییەکانی تورکیا ٨٢ شوێنیان بۆردوومانکردوون، لەکاتێکدا تۆپهاوێژەکانیان ١١٠ شوێنی دیکەیان لە دەرەوەی ئەو ناوچەی، کە رێککەوتنی لەسەر کراوە تۆپبارانکردوون. ئەم هێرشانە هەموویان بوونەتەهۆی شەهیدبوونی ١٨٢ شەڕڤان لە هێزەکانمان و برینداربوونی ٢٤٣ کەسی دیکە، لەکاتێکدا لە حاڵەتی بەرگریکردن لەخۆدا بوون.
دەوڵەتی تورکیا و گروپە چەکدارەکانی هەوڵی شێواندنی رای گشتی دەدەن، ئەوەش لەرێگەی درۆ و بانگەشەکردن بۆئەوەی کە پابەندی ئاگربەستن، لەکاتێکدا سوپای تورکیا بەردەوامە لە داگیرکردنی خاکی دیکەی سوریا. چۆن لایەنێک بانگەشەی پابەندبوون بە ئاگربەست دەکات لەکاتێکدا بەردەوامە لە پاوانخوازی و کۆمەڵکووژی ئەنجامدەدات و خەڵکی سڤیل ئاوارە دەکات.
ئێمە پابەندی مەرجەکانی ئاگربەست بووین بە گەرەنتی و نێوەندگیری ئەمریکی، بۆیە دەبێت ئەمریکا وەک گەرەنتیکارێک، بەرپرسیارێتیەکانی هەڵبگرێت و وەڵامێکی باوەڕپێکراو و هەڵوێستێکی روونی هەبێت لەبارەی ئەو هەموو پێشێلکارییانەی دەوڵەتی تورکیا و گروپە چەکدارەکانی ئەنجامیدەدەن. دەبێت دادپەروەر بێت لە هەڵوێستەکانیدا.