نوچه: ئاژانسهكان
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، تاوەکو سوپای وڵاتانی دیکە لە سوریادا هەبن، سوپای تورکیاش لەو وڵاتە ناکشێتەوە.
ئەمه لەکاتێکدایە، كه مەزڵووم کۆبانێ، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە توویتێکدا نووسیویەتی ”هەسەدە پابەندی رێککەوتنەکە بووە، ئەوەش بە مەبەستی پاراستنی خەڵکی خۆمان لە کوژران و ئاوارەبوون. پرۆگرامە سەرکەوتووەکانی دژی تیرۆریستان و ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانمان بۆ دڵنیابوونەوە لە تێکشکاندنی داعش دەستیانپێکردەوە و ئێستاش لەگەڵ هێزە ئەمریکییەکان بیرە نەوتەکان دەپارێزین”.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لەبارەی کشانەوەی تورکیا لە سوریا بە رۆژنامەوانانی راگەیاند: ئێمە چۆڵی ناکەین پێش ئەوەی دوایین تیرۆریست ناوچەکە بەجێنەهێڵێت، دووەم شت، ئێمە ئەوێ چۆڵ ناکەین پێش ئەوەی وڵاتانی دیکە چۆڵی نەکەن، ئێمە یەکپارچەیی و سەروەری سووریامان بەلاوە مەبەستە و هیچکات نامانەوێت ئەو وڵاتە دابەش بێت.
سەرۆککۆماری تورکیا دهڵێت، ئەگەر وڵاتانی دیکە دەڵێن، پارێزگاری لە یەکپارچەیی سوریا دەکەن، ئەوا دەبێت بە کردار ئەوە بسەلمێنن.
بە گوتەی سەرۆککۆماری تورکیا، هەسەدە پابەندی رێککەوتنەکەی نێوان تورکیا و ئەمریکا و تورکیا و رووسیا نەبوون و گوتیشی، ئەوان هێرش دەکەن، ئەگەر بچووکترین دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت.