نوچه
نوێنەری عه‌لی سیستانی، مه‌رجه‌عی باڵای شیعه، لە نوێژی هەینی ئەمڕۆ له کەربلا، پەیامی مەرجەعیەتی خوێندەوە و رایگه‌یاند، کەسانێک لە هەوڵدان دۆخەکە بقۆزنەوە بۆ مەرامی سیاسی و لایەنی دەرەکی و نێوخۆیی رۆڵیان لە تێکدانی عێراق هەبوو.
عەبدولمەهدی کەربەلایی گوتی “نابێت چاکسازی پشتگوێ بخرێت و هێزە دەسەڵاتدارەکان چانسێکی چاکسازییان لەبەردەستە”. داوای لە دەسەڵاتدارانی عێراقیش کرد، هەلی چاکسازی لەدەست مەدەن.
سیستانی هەروەها داوای خۆپیشاندەرانی بە رەوا ناوبرد و گوتی، پێویستە نەخشەڕێگەیەک هەبێت بۆ وەڵامدانەوەی داواکاریی خۆپیشاندەران.
ده‌قی راگه‌یێندراوی نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی عه‌لی سیستانی:
خۆپیشاندانه جه‌ماوه‌رییه‌كان له چه‌ندین ناوچه به‌رده‌وامن. له‌م چه‌ند رۆژه‌دا دیمه‌نی زۆر جوان و كاریگه‌ر بینرا كه ره‌نگدانه‌وه‌ی بوێری، ئارامگرتن، مكوڕی، هاوئاهه‌نگیكردن، میهره‌بانی و كۆكبوونی ره‌سه‌نی عێراقییه‌كانی ده‌رخست. لێره‌دا یادی شه‌هیده‌كانمان ده‌كه‌ین كه خوێنی پاكیان چۆڕا بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م بزاوته چاكسازیخوازه كه ماوه‌ی چل رۆژه به‌رده‌وامه، نه‌وه‌ستێت و درێژه‌ی پێبدرێت. سه‌ره‌خۆشی له كه‌سوكاره‌كانیان ده‌كه‌ین و نزای خێرا چاكبوونه‌وه بۆ برینداره‌كان ده‌خوازین و دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه كه پێویسته لێكۆڵینه‌وه له ئه‌نجامده‌رانی ئه‌م كاره بكرێت. هه‌روه‌ها ئاماژه به‌م چه‌ند خاڵه ده‌ده‌ین:
یه‌كه‌م: ده‌رفه‌تێكی زێڕین له‌به‌رده‌ستی ئه‌و هێز و لایه‌نه سیاسییانه هه‌یه كه جڵه‌وی ده‌سه‌ڵاتیان به‌رده‌سته بۆ جێبه‌جێكردنی داواكاری هاووڵاتییان به‌پێی نه‌خشه‌ڕێگایه‌ك كه له‌سه‌ری رێكبكه‌ون و له ماوه‌یه‌كی دیاریكراودا جێبه‌جێ بكرێت. بۆ ئه‌وه‌ی سنوورێك بۆ گه‌نده‌ڵكاری و پشكپشكێنی قێزه‌ون و نه‌مانی دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تییه درێژخایه‌نه‌كان دابنرێت. له‌مباره‌یه‌وه ناكرێ چیدی ده‌ستی ده‌ستی و موزایهدهكاری بكرێت، به‌هۆی ئه‌وه‌ی مه‌ترسیی زۆری به‌سه‌ر وڵات‌دا هه‌یه.
دووه‌م: پارێزگاریكردن له تایبه‌تمه‌ندی ئاشتیخوازانه‌ی خۆپیشانده‌ران بووه‌ته مایه‌ی بایه‌خێكی زۆر. به‌رپرسیارێتی گه‌وره‌ش ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی هێزه ئه‌منییه‌كان به‌خۆ دوورخستنه‌وه‌یان له به‌كارهێنانی تووندوتیژی. به‌تایبه‌تی تووندوتیژی زێده‌ڕۆ له میانی مامه‌ڵه‌كردنیان له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌ره ئاشتیخوازه‌كان، چونكه باجی قورسی به‌دواوه دێت. تێبینی ئه‌وه كراوه، زۆربه‌ی به‌شداربووان له خۆپیشاندانه‌كان ره‌چاوی ئاشتیخوازانه‌ی خۆپیشاندانه‌كان ده‌كه‌ن و خۆیان دوور ده‌گرن له به‌ریه‌ككه‌وتن له‌گه‌ڵ هێزه ئه‌منییه‌كان و داموده‌زگاكان و موڵكی گشتیی و تایبه‌تی. پێویسته رێنمایی ئه‌و به‌شه زۆر كه‌مه‌ش بكرێت كه ده‌ستبه‌رداری ئه‌م كارانه بن بۆ ئه‌وه‌ی خۆپیشاندانه‌كان به‌ته‌واوه‌تی بێگهردبێت له هه‌موو جۆره خه‌وشێك.
سێیه‌م: خۆپیشاندانی ئاشتیخوازانه، مافی هه‌موو عێراقییه‌كی پێگه‌یشتووه، ده‌توانێت بۆچوونه‌كانی خۆی رابگه‌یێنێت و داوای مافه‌كانی بكات. ئه‌وه‌ی ویستی به‌شدار ده‌بێ و ئه‌وه‌ی نه‌یویست به‌شدار نابێت، كه‌س بۆی نییه بۆچوونه‌كانی خۆی به‌سه‌ر كه‌سی دیكه بسه‌پێنێت كه نایه‌وێت تێیدا به‌شداربێت. هاوكات به‌شداریكردن و به‌شدارینه‌كردن له خۆپیشاندانه‌كان نابێت ببێته هۆكاری تۆمه‌تباركردنی یه‌كدی، به‌تایبه‌تی له هه‌بوونی جیاوازی راوبۆچوونهكاندا. به‌پێچه‌وانه‌وه، پێویسته رێز له بیروبۆچوونی یه‌كدی بگرن.
چواره‌م: چه‌ند هێز و لایه‌نی ناوخۆیی و ده‌ره‌كیی هه‌ن پێشتر رۆڵێكی به‌رچاویان هه‌بووه له قۆناخه‌كانی رابردوودا له‌و ئازار و مه‌ینه‌تییانه‌ی رووبه‌ڕووی عێراقییه‌كان بوونه‌ته‌وه به‌تایبه‌تی له داپڵۆساندن و سهركووتكردنیان. ئه‌مڕۆ هه‌مان ئه‌م هێزانه له هه‌وڵی قۆستنه‌وه‌ی بزاوته جهماوهرییهكهدان بۆ به‌جێگه‌یاندنی مه‌رامه‌كانیان، بۆیه ده‌بێ خۆپیشانده‌ران و كه‌سانی دیكه‌ش زۆر هۆشیاربن رێگه نه‌ده‌ن ئه‌م لایه‌نانه بۆشاییه‌ك بدۆزنه‌وه و دزه‌بكه‌نه نێو ریزه‌كانیان و ئاراسته‌ی چاكسازیخوازانه‌ی خۆپیشاندان و گردبوونه‌وه‌كان به‌لاڕێدا ببه‌ن.
پێنجه‌م: خۆشه‌ویستانمان له هێزه چه‌كداره‌كان و ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ندییان پێوه‌كردوون له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆری داعش بۆ پاراستن و به‌رگریكردن له خاك و گه‌لی عێراق و پیرۆزییه‌كانی، چاكه‌یه‌كی زۆر مه‌زنیان به‌سه‌ر هه‌مووانه‌وه هه‌یه به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی تاوه‌كو ئێستا له ئاماده‌باشیدان له به‌ره‌كان و میحوه‌ره‌كانی سه‌ر سنووره‌كان و پێگه هه‌ستیاره‌كاندا، هه‌رگیز نابێ چاكه‌كانیان له‌یاد بكه‌ین و نابێ ته‌نانه‌ت به‌وشه‌یه‌كیش له به‌های گیانفیداییه مه‌زنه‌كانیان كه‌مبكرێته‌وه. ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه له‌باربێت بۆ ئه‌نجامدانی خۆپیشاندانی ئاشتیخوازانه‌ی جه‌ماوه‌ری فراوان دوور له ئازار و مه‌ترسییه‌كانی تیرۆریستان، ئه‌وا به‌سایه‌ی ئه‌وانه‌وه بووه. ده‌بێ رێز و خۆشه‌ویستی هه‌میشه‌ییمان بۆیان هه‌بێت.