تەوەر : داعش، عێراق، کوردستان.
…………………………….
د. به‌شیر خه‌لیل: نابێت کورد خۆی له شه‌رێك بگلێنێت كه شه‌ڕی ئه‌و نیه
كورد له مه‌سه‌له‌ی خۆ ئاماده كردن بۆ ئه‌گه‌ری رووداوی نوێ لاوازە
یه‌كنه‌بوون به درێژایی مێژوو وای كردووه، كورد نه‌توانێت بۆ هه‌ر رووداوێك پلانێكی تۆكمه‌ی هه‌بێت، ئه‌گه‌ر لایه‌نێكیش پلانێكی تۆكمه‌ی هه‌بوبێت، ئه‌وا لایه‌نه‌كه‌ی تر هه‌وڵی داوه ئه‌و پلانه‌ی لێتێكبدات
له رابردوودا کورد لەپەیوەندییەکانی دەرەوەی مامه‌ڵه‌ی ساویلكانه‌ی كردووه
داعش ته‌نها لایه‌نێك نیه بەڵکو چه‌ند گروپ و لایه‌نێكن ره‌نگه چه‌ند ده‌وڵه‌تێكیش له دوایانه‌وه راوه‌ستابن
نوچه‌نێت: هه‌ولێر
دكتۆر به‌شیر خه‌لیل، ئه‌ندامی پێشووی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌م گفتوگۆیه‌ی نوچه‌نێت دا تیشك ده‌خاته سه‌ر بارودۆخی ئێستای عێراق، پێیوایه كورد پێویستی به یه‌كڕیزی و یه‌كخستنه‌وه‌ی نێوماڵی خۆی هه‌یه، هه‌روه‌ها به‌پێویستیشی ده‌زانێت، كورد په‌یوه‌ندی خۆی له‌گه‌ڵ هه‌ردوو پێكهاته‌ی شیعه و سوننه‌ی عێراق بپارێزێت و خۆی نه‌خاته ناو شه‌ڕێكه‌وه كه شه‌ڕی ئه‌و نیه.
نوچه‌نێت: عێراق رووبه‌ڕووی كێشه‌یه‌كی گه‌وره بۆته‌وه، موسڵ و به‌شێك له ناوچه‌كانی تری سوننه‌نشین كۆنترۆڵ كراون، سوپا له‌و ناوچانه هه‌ڵاتووه، ئه‌مه‌یش به گه‌وره‌ترین خاڵی لاوازی ده‌وڵه‌تی عێراقی ئێستا داده‌نرێت، به‌ڵام له ناو ئه‌م رووداوانه‌دا، خاڵی به‌هێزی هه‌رێمی كوردستان له چیدا ده‌بینیته‌وه؟
د. به‌شیر خه‌لیل: هه‌موو رووداوه سه‌ربازی و سیاسییه‌كان، هه‌ندێك گۆڕانكاری به‌دوای خۆیاندا ده‌هێنن، به گوێره‌ی ئاست و قه‌باره‌ی رووداوه‌كان، گۆڕانكارییه‌كانیش روو ده‌ده‌ن، رووداوه‌كانی موسڵ و ناوچه‌كانی تری سوننه‌نشین، گۆڕانكاری به‌سه‌ر عێراق و ناوچه‌كه‌یشدا ده‌هێنن، بۆیه پێویسته كورد زۆر به وریایی و حه‌كیمییه‌وه، مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م بارودۆخه نوێیه‌دا بكات، به‌شێوه‌یه‌ك كه له به‌رژه‌وه‌ندی خۆیدا بشكێته‌وه.
تا ئێستا به گوێره‌ی ئاماژه‌كان وا ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌و رووداوانه له‌به‌رژه‌وه‌ندی كورددا بن، كه ده‌توانین به چه‌ند خاڵێك ده‌ستنیشانی بكه‌ین.
یه‌كه‌م: له‌دوای ئه‌و رووداوانه‌وه، به‌بێ هیچ شه‌ڕ و شۆڕێك، كورد ده‌چێته ئه‌و ناوچه كوردیانه‌ی كه به ناوچه‌ی جێناكۆك، ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم ناو ده‌بران، نزیكه‌ی ده ساڵه به‌ڵێنی جێبه‌جێ كردنی مادده‌ی 140 ده‌درێت و جێبه‌جێ نه‌كراوه، به‌ڵام ئێستا زۆر به ئاسانی كورد گه‌یشتۆته ئه‌و شوێنانه.
دووه‌م: مه‌سه‌له‌ی فیدڕاڵیه‌ت بۆ كوردستان زیاتر چه‌سپا و ره‌نگه له‌وه‌یشه‌وه سه‌ر بكێشێت بۆ هه‌نگاوی گه‌وره‌تر و زیاتر، وه‌ك كۆنفیدراڵیه‌ت، یان سه‌ربه‌خۆیی، چونكه بارودۆخی ئێستای عێراق، له باره بۆ ئه‌و هه‌نگاوانه.
سێهه‌م: ئه‌گه‌ری درووستبوونی هه‌رێمێكی سوننی له ئارادایه، كه درووستبوونی ئه‌و هه‌رێمه، دیسانه‌وه له به‌رژه‌وه‌ندی كورددایه و ده‌بێته هۆی به‌هێز بوونی پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان.
نوچه‌نێت: ئه‌وه‌ی تۆ باست كرد، رووداوه‌كانی ئه‌م دواییانه‌ی عێراق بوون، كه بوونه فاكته‌ری یارمه‌تیده‌ر، بۆ به‌هێز بوونی زیاتری پێگه‌ی هه‌رێم، ئه‌ی له ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان خاڵی به‌هێزی كورد چین، كه له ناو ئه‌و رووداوانه‌دا جودای ده‌كاته‌وه له به‌شه‌كانی تری عێراق؟
د. به‌شیر خه‌لیل: راسته ئه‌و رووداوانه پێگه‌ی كورد به‌هێز ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر مامه‌ڵه‌یه‌كی حه‌كیمانه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێت، مامه‌ڵه‌ی حه‌كیمانه‌یش چه‌ند بنه‌مایه‌كی هه‌یه، وه‌ك به‌هێز كردن و رێكخستنه‌وه‌ی زیاتری ناو ماڵی كورد، كه ئێستا شكور بۆ خودا لێك نزیكی له نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كاندا هه‌یه، ئه‌و ململانێیه‌ی كه دوێنێ له نێوان ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆندا هه‌بوو، ئه‌مڕۆ نه‌ماوه، چونكه ئۆپۆزسیۆنیش چۆته ناو ده‌سه‌ڵاته‌وه.
نوچه‌نێت: ئه‌مه به خاڵێكی به‌هێزی ده‌زانیت؟
د. به‌شیر خه‌لیل: به‌ڵێ، من به خاڵێكی به‌هێزی ده‌زانم بۆ كۆی كوردستان، كه ده‌رفه‌تی هه‌بێت كار له‌سه‌ر سیاسه‌تی ده‌ره‌وه بكات، هه‌ر كۆبوونه‌وه‌كانی پارتی و یه‌كێتی و گۆڕان و هه‌روه‌ها سه‌رۆكی هه‌رێم كاك نه‌وشیروان، به خاڵی زۆر به‌هێزی ده‌بینم بۆ ئه‌م قۆناغه، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و خاڵه به‌هێزتر بێت، پێویسته ئه‌و كۆبوونه‌وانه، هه‌موو سه‌ركرده سیاسییه‌كانی تریش بگرێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی سیاسه‌تێكی وه‌ها دابڕێژن، كه چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ داهاتوو بكه‌ن.
نوچه‌نێت: هیچ ئاماده‌ییه‌كی باش ده‌بینیت له لایه‌ن هێزه سیاسییه كوردییه‌كانه‌وه، بۆچۆنێتی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ هه‌ر رووداو و پێشهات و ئه‌گه‌رێك، كه له داهاتوودا بێنه پێشه‌وه؟
د. به‌شیر خه‌لیل: وه‌ك له قسه و بانگه‌شه‌ی لایه‌نه سیاسییه‌كاندا ده‌رده‌كه‌وێت، هه‌میشه باس له‌وه ده‌كه‌ن كه خۆیان ئاماده كردووه.
نوچه‌نێت: خۆت هیچ ئاماده‌كارییه‌ك ده‌بینیت؟
د. به‌شیر خه‌لیل: به خوێندنه‌وه‌ی من، كورد له مه‌سه‌له‌ی خۆ ئاماده كردن بۆ ئه‌گه‌ری رووداوی نوێ، هه‌ندێك سسته، واته رووداوه‌كانی مێژوو ئه‌مه‌مان پێده‌ڵێن، كه كورد له پێش روودانی رووداوه‌كان سسته له خۆ ئاماده‌كردن، به‌شێوه‌ك كه چه‌ند به‌دیلێكی هه‌بێت، واته ئه‌گه‌ر فڵان شت نه‌كرا ئه‌وه‌ی تریان، ئه‌گه‌ر ئه‌ویش نه‌كرا ئه‌وه‌ی تریان، سیاسه‌ت به‌مشێوه‌یه‌یه، ناوانین بڵێن ئه‌م جۆره سیاسه‌ته هه‌ر نه‌بووه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌شبووبێت زۆر لاواز بووه، بۆیه پێویسته بۆ رووداوه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی عێراق و دوای كه‌وتنی موسڵ، پلان تۆكمه‌یان هه‌بێت و ئاماده‌كارییه‌كی باشی بۆ بكه‌ن، به‌جۆرێك كه چه‌ند به‌دیلێكیش ده‌ستنیشان بكه‌ن.
نوچه‌نێت: هۆكاری ئه‌و لاوازی و سستییە له خۆ ئاماده كردن، بۆچی ده‌گێڕیته‌وه، له كاتێكدا وه‌ك وتت ره‌گێكی مێژوویی هه‌یه؟
د. به‌شیر خه‌لیل: هه‌مووی بۆ یه‌كنه‌بوونی نێو ماڵی كورد ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه ئه‌و یه‌كنه‌بوونه به درێژایی مێژوو وای كردووه، كورد نه‌توانێت بۆ هه‌ر رووداوێك پلانێكی تۆكمه‌ی هه‌بێت، ئه‌گه‌ر لایه‌نێكیش پلانێكی تۆكمه‌ی هەبو‌بێت، ئه‌وا لایه‌نه‌كه‌ی تر هه‌وڵی داوه ئه‌و پلانه‌ی لێتێكبدات، یان پلانێكی تری خۆی سه‌ر بخات، بۆیه بوونی پلانی لابه‌لا و جودا وای كردووه، كه لایه‌نه‌كان نه‌توانن پێكه‌وه پلانێكی تۆكمه و سه‌ركه‌وتوو دابڕێژن.
نوچه‌نێت: ئێستا هه‌ست به نییه‌تێك ده‌كه‌ی له لایه‌ن سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورده‌وه، كه یه‌ك ده‌نگ بن بۆ یه‌كخستنی نێوماڵی كورد؟
د. به‌شیر خه‌لیل: به‌ڵێ هه‌ستی پێده‌كه‌م.
نوچه‌نێت: ئه‌و هه‌سته له چییه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت؟
د. به‌شیر خه‌لیل: ئه‌گه‌ر سه‌یر بكه‌ین له درووستبوونی كابینه‌ی هه‌شتدا، لایه‌نه‌كان هه‌ر یه‌كه‌یان قوربانییه‌كیان به ویسته‌كانی خۆیان دا، له پێناو درووستكردنی كابینه‌كه، چونكە هیچ كام له لایه‌نەکان ئه‌وه‌ی كه بۆ خۆی دانابوو به به‌ری نه‌كه‌وت و كه‌متری به‌ركه‌وت، هه‌موویشیان رازی بوون به‌وه، ئه‌و رازی بوونه ده‌كرێت وه‌ك هه‌نگاوی یه‌كه‌م سه‌یری بكه‌ین.
نوچه‌نێت: به‌ڵام ئه‌و خاڵه لاوازانه‌ی كه باست كردن، چۆن وا بكرێت كه به‌هێز بكرێنه‌وه و له خزمه‌نی دۆزی كوردا به‌كار ببرێنه‌وه؟
د. به‌شیر خه‌لیل: ده‌بێت به‌رده‌وامی به گفتوگۆكانیان بده‌ن، بڕیاری تاك لایه‌نانه نه‌درێت له‌و بابه‌تانه‌ی كه په‌یوه‌ستن به چاره‌نووسی میلله‌ته‌وه، سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ده‌بێت به‌رده‌وام بێت له‌و كارانه‌ی پێشتر كردوونی کەله كاتی هه‌ر رووداوێك كه روویانداوه، لایه‌نه سیاسییه‌كانی كۆكردونه‌ته‌وه، هه‌ر وا بكات، له‌سه‌ر بڕیاره‌كان كۆده‌نگییه‌ك درووست بكات، جگه له‌وه، له سه‌ردانه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی كه بۆ بابه‌ته نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانن، هه‌وڵ بدرێت ئه‌و شاندانه‌ی كه ده‌چنه ده‌ره‌وه، هه‌موو لایه‌نه‌كانی تێدا بێت، هه‌روه‌ها له پێشوازی كردنی میوانێك با هه‌موو ره‌نگه‌كانی تێدا بێت، ئه‌م كارانه ده‌بنه هۆی زیاتر نزیكبوونه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان و درووستبوونی پردی متمانه‌ی نێوانیان.
خاڵێكی تر كه زۆر گرنگه، درووستكردنی بیركردنه‌وه‌یه‌كی تازەیە، بۆ مامه‌ڵه كردن له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه.
نوچه‌نێت: مه‌به‌ستت چییه له‌م خاڵه؟
د. به‌شیر خه‌لیل: مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه كه به ساویلكه‌یی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ وڵاتانی تر نه‌كه‌ین.
نوچه‌نێت: واته تا ئێستا كورد مامه‌ڵه‌یه‌كی ساویلكانه‌ی له‌گه‌ڵ دونیای ده‌ره‌وه‌دا كردووه؟
د. به‌شیر خه‌لیل: به‌ڵێ، له رابردوودا مامه‌ڵه‌ی ساویلكانه كراوه، هه‌موو هێلكه‌كانی خۆمان خستوونه‌ته ناو سه‌به‌ی ئه‌مریكا، یان به‌ریتانیا، یان توركیا، یان ئێران، به‌ڵام با ئه‌وجاره وانه‌بێت، چونكه ئه‌گه‌ر له قۆناغێك له قۆناغه‌كانیش ئه‌م ده‌وڵه‌ته زلهێزانه یارمه‌تی میلله‌تی ئێمه و پرۆسه سیاسییه‌كه‌شیان دابێت، زۆرتر له‌وه به قازانجی خۆیان شكاوه‌ته‌وه، هه‌ر كاتێكیش به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و زلهێزانه بكه‌وێته مه‌ترسییه‌وه، هیچ مانعێكیان نییه كه هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئێمه بخه‌نه ژێر پێیانه‌وه، بۆیه به رای من هه‌رچه‌نده زۆر پێویسته كورد په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاتانه هه‌بێت، به‌ڵام پێویسته په‌یوه‌ندییه‌كه له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش بێت، راسته ئه‌مریكا ره‌نگه وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ نه‌كات، به‌ڵام خۆ ده‌بێت هیچ نه‌بێت ره‌چاوی به‌شێك له به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئێمه‌یش بكات. هه‌روه‌ها ده‌بێت ته‌نها پشت به ئه‌مریكا یان هه‌ر وڵاتێكی دیاری كرا‌و نه‌به‌ستین، ده‌بێت له یه‌ك كاتدا چه‌ند دۆستێكمان هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر هه‌ر دۆستێك پشتی تێكردن، دۆستێكی ترمان هه‌بێت كه پشتیوانیمان بكات.
نوچه‌نێت: لێره‌دا پرسیارێك دێته پێشه‌وه، سه‌رباری هه‌موو شتێك، كورد چی بكات تا كۆی رووداوه‌كانی دوای كه‌وتنی موسڵ به‌ره‌و ئاقارێك ببات، كه بكه‌ونه خۆمه‌تی دۆزه‌كه‌یه‌وه؟
د. به‌شیر خه‌لیل: ئێستا كورد پێویسته كارێكی یاسایی و ده‌ستووری بكات، ئه‌وه‌ی كه له ده‌ستووری عێراقدا هاتووه، ناوی پێشمه‌رگه به پاسه‌وانی هه‌رێم هاتووه، واته ئه‌ركی پێشمه‌رگه له ده‌ستووردا، پاراستنی سنووری هه‌رێمی كوردستانه، پارستنی ئه‌و جێیانه‌یه كه كوردی لێیه، واته ده‌توانێت له كه‌ركووك و خانه‌قین و سعدییه و جه‌له‌ولا و شه‌نگال و ناوچه كوردنشینه‌كانی تری موسڵ، بوونی هه‌بێت و به‌رگری له خاكی كوردستان و كورده‌كانی ئه‌وێ بكات، به‌ڵام زیاتر نه‌ڕوات، تا ئێره كه‌س گله‌یی لێناكات، چونكه له ده‌ستووری عێراقدا ئه‌م ئه‌ركه‌ی بۆ دیاری كراوه، كه ویستی خه‌ڵكی كوردستانیشه، خۆی تووشی شه‌ڕێك نه‌كات، كه شه‌ڕی ئه‌و نیه.
نوچه‌نێت: ئه‌ی له رووی سیاسییه‌وه پێویسته چی بكات؟
د. به‌شیر خه‌لیل: مامه‌ڵه‌یه‌كی دۆستانه بكات له‌گه‌ڵ هه‌موو پێكهاته‌كان، هه‌وڵ بدات دۆخه‌كه هێور بكاته‌وه، چونكه له دوای رووخانی رژێمی به‌عسه‌وه، هه‌میشه عێراق پێویستی به كورد هه‌بووه.
نوچه‌نێت: ئه‌ی چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ داعشدا بكات؟
د. به‌شیر خه‌لیل: پێویسته داعش ئاگادار بكرێنه‌وه له‌وه‌ی كه ئه‌گه‌ر كێشه‌یه‌كیان له‌گه‌ڵ شیعه و مالیكی هه‌یه، ئه‌وه له‌گه‌ڵ ئێمه نیه و ئێمه له‌سه‌ر خاكی خۆمان به‌رگری له خاكی خۆمان ده‌كه‌ین، بۆیه ئه‌گه‌ر ده‌ستدرێژی بكه‌نه سه‌رخاكمان، رووبه‌ڕووتان ده‌بینه‌وه، به‌ڵام تا نزیكمان نه‌كه‌ونه‌وه، نزیكتان ناكه‌وینه‌وه، بۆیه به بڕوای من، هه‌تا داعش نزیكی سه‌نگه‌ره‌كانی هێزی پێشمه‌رگه نه‌بێته‌وه، پێویست ناكات پێشمه‌رگه نزیكی ببێته‌وه، چونكه ئه‌مڕۆ داعش ته‌نها لایه‌نێك نیه، بەڵکو چه‌ند گروپ و لایه‌نێكن، ره‌نگه چه‌ند ده‌وڵه‌تێكیش له دوایانه‌وه راوه‌ستابن.
نوچه‌نێت: به‌ڵام ئایا پێویسته هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی دبلۆماسیانه له نێوان كورد و داعشدا هه‌بێت؟
د. به‌شیر خه‌لیل: نه‌خێر پێویست ناكات، چونكه داعش لایه‌نێكی سیاسی نیه، تا ئێستا به‌رنامه‌كه‌ی دیار نیه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ پێكهاته‌ی سوننه، كورد پێویستی به په‌یوه‌ندی هه‌یه، هه‌روه‌ها پێویستی به په‌یوه‌ندیش هه‌یه له‌گه‌ڵ پێكهاته‌ی شیعه‌دا، به‌ڵام له‌گه‌ڵ داعش پێویست نیه په‌یوه‌ندی هه‌بێت، چونكه وه‌ك وتم، داعش لایه‌نێكی سیاسی دیار نیه، داعش دیار نیه كێیه و كێ نیه، به‌ڵام نابێت کورد خۆی له شه‌رێك بگلێنێت كه شه‌ڕی ئه‌و نیه.
