نوچەنێت
گەنجانی بێکار و توڕەی عێراقی بە دروشـمی”الشعب یرید اسقاط النظام”، خوازیاری رووخاندنی حکوومەتی عێراقن، کە خۆی لە خۆپیشاندانەکانی بەغدا و نەجەف و کەربەلا و دیوانیە و بەسرە و ناسریە دەبینێتەوە.
ئەم گەنجانە کە هەمووی تەمەنیان لە جەنگ و قەیران و تیرۆر و بێ بەشی تێپەڕکردووە، داوای ئازادی بۆ عێراق دەکەن، پەیامێک کە نە تەنها بەرگوێی دەسەڵات بەدەستان ، بەڵکو بە ڕای گشتی و وڵاتانی جیهانیش گەیشتووە.
لێرەدا پێویستە نیشانە ناسییەک بۆ ئەم خۆپیشاندانە بکرێت و هۆکارەکانی سەرهەڵدان و تایبەتمەندیەکانی ئەم خۆپیشاندانە، دەستنیشان بکرێت.
هۆکارەکانی سەرهەڵدان
١- بێکاری گەنجەکان بە تایبەت ئەو توێژەی کە دەرچووی خوێندنگا و زانکۆکانن. بە پێی ئاماری فەرمی بانکی جیهانی نزیکەی ٢٥%ی لاوانی عێراقی بێکارن و دەرەتانی پێکهێنانی ژیانێکی ئاساییان نییە.
٢ –گەندەڵی بەربڵاوی دەسەڵات بەدەستان. بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان تەنها لە ماوەی ١٦ ساڵی ڕابردوو نزیکەی ٤٠٠ ملیار دۆلار پارە و سامانی ئەم ڵاتە دزراوە.
٣ – ناکارامەیی ئیدارەی عێراق بۆ پێدانی خزموتگەزاری و فەراهەم کردنی پێداویستی ڕۆژانەی خەڵک، وەک ئاو و کارەبا و دەرمان و …
٤ – نەبوونی شەرعیەتی کاربەدەست و حوکمدار و ئێلیتی سیاسیی و هەروەها حزب و ڕێکخراوی سیاسیی لەم وڵاتە، بە شێوەیەک کە خەڵکی متمانەیان بە هیچ لایەنیک نەماوە.
٥ –کورتێنانی بودجە، تەنها کورتهێنانی بودجەی ئەمساڵ واتە ساڵی ٢٠١٩،نزیکەی ١٨ ملیار دۆلار مەزندە دەکرێت.بە پێی بەراوردەکان، پێشبینی دەکرێت بودجەی ساڵی ئایندە بە رێژەیەکی زیاتر کورت بێنی.
٦ – بە هۆکاری سیاسیی و ئیداری و ئابووری، خەڵک چاوەڕوانییان لە حکوومەت ئەوەیە کە هەلی کاریان بۆ فەراهەم بکات، بەڵام دەوڵەت نە تەنها توانای وەڵامدانەوەی بەم داخوازیانە نییە، تەنانەت نەیتوانیوە یارمەتی بە گەشەی ئابووری و وەبەرهێنانی کەرتی تایبەتیش بکات.
٧ – ڕواڵەتی بوونی دیموکراسی و دەنگی خەڵک لەم وڵاتە. ئەگەر چی حکوومەتێکی بنکە فراوان هەژمار دەکرێت، بەڵام سەرجەم ئەو لایەنانەی کە لە دەسەڵات و حکوومەت بەشدارین بەشێکن لە سیستمی گەندەڵ و ناکارامە کە بە شێوەی پشک پشکێنە خۆی دەبینێتەوە، ئێستا شتێک بە ناو ئۆپۆزسیۆنی یەکگرتوو و یەکدەنگ بوونی نییە، کە توانای پێکهێنانی حکومەت و بەدیل وچارەسەری هەبێت.لە سەر یەک بە تێکڕایان لای خەڵکی عێراق بێزراو- و ناکارامە دێنەر بەرچاو.
تایبەتمەندییەکان
١ –ئەم خۆپیشاندانانە کە بە باوەڕی زۆرێک لە چاودێرانی سیاسیی، فۆرمی راپەڕینی بە خۆوە گرتووە، لە دوای ٢٠٠٣ و هێرشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق، بە گەورەترین کێشە و قەیرانی بەردەوام حکوومەتی ناوەندی هەژمار دەکرێت. ئەگەرچی لە میانی بەهاری عەرەبیدا، خەڵکی وڵاتانی عەرەبی داوای لادانی دەسەڵات بە دەست و دیکتاتۆرەکانیان دەکرد، بەڵام ئەم جارە لە لوبنان و عێراق، خەڵکی ڕاپەڕیو بە یەک دەنگ خوازیاری خستنی حکوومەتەکانن. هەر بۆیە لەم گۆشە نیگاوە، راپەڕین و خۆپیشاندانەکان ئەم جارە نەک لایەنی ڕیفۆرمیستی و چاکسازی نییە بەڵکو لە روویەکەوە، شۆرش و سەرهەڵدان لە دژی تەواوەتی حکوومەت هەژمار دەکرێت.
٢ –ئەم خۆپیشاندان و راپەڕینانە، نە رێبەری و سەرکردایەتییەکی دیاریکراوی هەیە، نە خاوەنی ئایدیۆلۆژیایەیکی تایبەتە.
٣ –سەروەری نیشتمانی عێراق لە سەرەوەی هەموو شتێکە. هەر بۆیە زۆرترین دروشم و دژایەتیەکان ئاراستەکەی دژ بە ئێران و دەستوەردانی ئەم وڵاتەیە لە کاروباری ناوخۆی عێراق، بە جۆرێک کە یەک دەنگ هاوار دەکەن ئێران بڕوا و بەغدا ئازاد بێت.
٤ –دژایەتی لەگەل تێکڕای پێکهاتەی سیاسیی و حکوومەت و تەنانەت حزب و لایەنەکانی عێراقی. لامقتدى ولا هادی.. حره تضل بلادی، ئاماژەیەکی روونە بۆ ئەم دژایەتیکردنە.
٥ – تایبەتمەندی بەرجەستەی ئەم بزووتنەوەیە، جۆرێکە لە ڕادیکاڵیزم و توندڕەوی و بێباکی گەنجەکان. بە جۆرێک کە بە کوژرانی زیاتر لە ٢٠٠ کەس و برینداربوونی زیاتر لە ١٢ هەزار کەس، ئامادە نین یەک هەنگاو پاشەکشە لە هەڵوێست و داواکانیان بکەن.
ئەم بێباکی و ئازایەتیەی گەنجەکانی عێراق تێچوویەکی قورسی بۆ حکوومەت و حزبەکان بە دواوە بووە، تەنانەت بۆ ئێرانیش، پەلاماردان و سوتاندنی سەدان بنکە و بارەگا و نووسینگەی سەر بە حکوومەت و حزبەکانی عێراقی و هێرش بۆ سەر کۆنسوڵخانەی ئێران لە کەربەلا، لایەنی هەر دیاری چاونەترسی و بێباکی گەنجانی عێراقییە.