پەرلەمانتارێک: بارودۆخی عێراق به‌ ئاراسته‌ی چاكسازی نییه‌

0

نەوزاد عەلی-سلێمانی

پەرلەمانتارێکی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیێنێت، بەهیچ شێوەیەک ناتوانرێت بەبێ رەزامەندی کورد، دەستووری عێراق هەموار بکرێتەوە.

رۆژی ٢٥-١٠-٢٠١٩، خۆپیشاندان لە شارەکانی عیراق دەستیپێکرد و تا ئێستاش بەردەوامە، بە هۆی درووستبوونی گرژی و توندوتیژی سەدان کەس بریندار و کوژراون، داواکاری سەرەکی خۆپیشاندەران گۆڕینی سیستەمی عێراق، چاکردنی بژێوی خەڵك و خزمەتگوزارییەکان و هەموارکردنەوەی دەستووری عێراقە. 

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، فەرحان جەوهەر، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی، سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی عێراق، رایگەیاند “بارو دۆخی عێراق هێشتا بە تەواوی یەکلایی نەبووەتەوە، کە بە چ ئاراستەیەک دەڕوات، چونکە ئێستا مەترسی هەیە ئەم بارودۆخە درێژە بکێشێت، زیاتر بەو ئاراستەیەش هەنگاو دەنێت، ببێتە هۆی سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ و درووستبوونی گروپی چەکداری لە عێراق، نەک بەوەی ئاراستەی، کە چاکسازی بکرێت و دەستوور هەموار بکرێتەوە”. 

فەرحان جەوهەر، دەشڵێت “حكومەتی عێراق و داواکارییەکانی خۆپیشاندەران زۆر لە یەکتر دوورن، خۆپیشاندەران داوای ڕۆشتنی هەموو سیستەمەکە دەکەن، بە هەموو سەرکردە سیاسییەکانی خۆشیانەوە، بۆیە زۆر ئەستەمە بەم نزیکانە یەکلایی بکرێتەوە”.      

لە بارەی هەموار کردنەوەی دەستووری عێراق، جەختیکردەوە و گوتی “هەموار کردنەوەی دەستوور پێویستی بە ڕەزامەندی دوو لەسەر سێی سێ پارێزگاکانی عێراق هەیە، کە (هەرێمی کوردستانە)، بۆیە لەکاتی نووسینەوەی دەستووریش سەرکردایەتی سیاسیی کورد حسابی بۆ ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆ کردووە و ترسمان هەبووە لەوەی، کە ئەوان هەوڵبدەن بۆ هەموار کردنەوە و گۆڕینی بڕگەکانی دەستوور”. 

فەرحان جەوهەر راشیگەیاند “ئەگەر گەلی کوردستان و سەرکردایەتی سیاسیی کورد یەک بێت، بەهیچ شێوەیەک ناتوانرێت بەبێ ڕەزامەندی خەڵکی کوردستان و سەرکردایەتی سیاسیی کورد، دەستکاری بڕگەکانی دەستووری عێراق بکرێت، چونکە ئەمە پێشتر یەکلایی کراوەتەوە”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com