پلانە نوێیەکانی پارێزگای هەولێر ئاشكرا ده‌كرێت

0

نوچه‌

پارێزگاری هەولێر، دیدگا و کارنامە و پرەنسیپە نوێیەکانی کارکردنی پارێزگاری هەولێری له‌ ئەنجوومەنی پارێزگادا راگەیاند و ئەو کار و پرۆژانەی، كه‌ بڕیارە لە ماوەی چەند ساڵی داهاتوو بۆ پارێزگاكه‌ ئەنجام بدرێن خسته‌ڕوو.

فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر گوتی: “لەدوای دەستبەکاربوونمانەوە هەر 10 قایمقامیەتەکەی قەزای هەولێرمان بەسەرکردووەتەوە و بەئامادەبوونی بەڕێوەبەری ناحیەکان و بەڕێوەبەری فەرمانگەکان کۆبووینەوە، کێشە و گرفتی هەر ناوچەیەک گفتوگۆی لەسەر کرا و کەموکوڕییەکان خرانەڕوو، بڕیار لەسەر کۆمەڵێک بابەتی گرنگ درا کە دەبوو بە خێرایی چارەسەر بکرێن”.

فرسەت سۆفی گوتیشی: “لەکاتی دەستبەکاربوونمان بۆ ماوەی هەفتەیەک سەردانی وڵاتی چینمان کرد لەگەڵ هەموو پارێزگاکانی عێراق، لەوێ توانرا کۆمەڵێک پرۆژەی گرنگی ستراتیژی هەولێر بەتایبەتی لە بواری بەنداو، کارەباو ئاومان لەگەڵ خۆمان برد، لەگەڵ پارێزگاکانی دیکە توانرا ئەو تێڕوانینە دروست بکرێت، کە ئەو سندووقەی لەنێوان چین و عێراق دروست دەکرێت و سەرەتا 10 ملیار دۆلاری تێدا دادەنرێت، کە عێراق 15% و چینیش 85%ی پارەکە لەو سندووقە دادەنێت، لە بەرامبەردا عێراق رۆژانە 100 هەزار بەرمیل نەوت بە شێوەی درێژخایەن دەداتە وڵاتی چین، هەولێریش وەکو پارێزگایەک بەشی دەبێت لەو پرۆژە ستراتیژیانە کە لە داهاتوو لە نێوان چین و عێراق جێبەجێ دەکرێن و کۆمپانیاکانی چین ئەنجامی دەدەن”.

پارێزگاری هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، لە میانی ئەو سەردانەیان لەبارەی چەند پرسێکەوە قسەیان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە “لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و بەشە نەوتی سپی و کۆمەڵێک بابەتی دیکە”.

فرسەت سۆفی ئاماژە بەوەش دەدات، لەو ماوەیەی دەستبەکاربوونە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و فەرمانگەی هاوئاهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجوومەنی وەزیران و دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران “توانرا رەزامەندی وەربگیرێت لەسەر قەرزی یابانی، کە بڕەکەی 288 ملیۆن دۆلارە بۆ پاڵاوتنی ئاوی قورسی پارێزگای هەولێر، ئەو پرۆژەیەش لە عێراق رەزامەندی لەسەر دراوە لە یابانیش ئەپروڤ کرا، کە پێی دەڵێن قەرزی یابانی جایکا دەیدات، لە ماوەیەکی نزیکی داهاتوو دەکەوێتە بواری جێبەجێکردن، لە ماوەی 2 ساڵ ئەو پرۆژە ستراتیژیە گرنگە تەواو دەبێت، کە بۆ هەولێر یەکێکە لە پرۆژە هەرە گرنگە ستراتیژییەکان، ئەمە جیا لەوەی بڕی 3 ملیۆن دۆلار بۆ گۆڕینی تۆڕەکانی ئاوی هەولێر هەر لە چوارچێوەی قەرزی یابانی رەزامەندی لەسەر وەرگیراوە و ئێستا لە قۆناخی تەندەرینگدایە”.

لەبارەی باڵەخانەی نوێی پارێزگای هەولێر و چارەنووسی باڵەخانەی ئێستای پارێزگای هەولێر، فرسەت سۆفی گوتی: “باڵەخانەیەکی نوێی پارێزگا هەیە، ئەو باڵەخانەیە بەهۆی قەیرانی دارایی وەستابوو، دوای ئەوەی جەنابی سەرۆکی حکومەتمان بینی، رەزامەندی سەرەتاییمان وەرگرتووە بۆ ئەوەی دەستبکرێتەوە بە کارکردن بۆ تەواوکردنی باڵەخانەی پارێزگا. ئامانجی سەرەکیش ئەوەیە شوێنی ئێستای باڵەخانەی پارێزگای هەولێر دەڕووخێندرێت و بەپێی ئەو دیزاینەی پێشتر ئامادەکرابوو ژێرەکەی دەکرێتە پارکینگی ئۆتۆمبێل و سەرەوەشی دەکرێتە باخچەیەکی جوان، کە دەبێتە یەکێک لە پرۆژە هەرە گرنگەکان بۆ جوانکردنی شاری هەولێر و دەوری قەڵا”.

پارێزگاری هەولێر گوتیشی: “چەندین کۆبوونەوەمان لەگەڵ کۆمیسیۆنی قەڵا و بەفەرزۆن و ئیستملاک کردووە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی گەڕەکەکانی تەعجیل و خانەقا و عەرەبان، بە ئامادەبوونی جەنابی وەزیری شارەوانی لە وەزارەتی شارەوانی کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ لیژنەی بەفەرزۆرن کرد و کۆمەڵێک بڕیاری گرنگماندا و کۆمەڵێک سەقفی زەمەنیمان دیارکرد بۆ دەستنیشناکردنی زەوییەک بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو خەڵکانە کە نزیکەی 600 بۆ 650 کەسێک ماون کە کێشەی ئیستملاکیان هەیە، دەمانەوێت کۆتایی بەو بابەتە بێنین بۆ ئەوەی قۆناخی گەورە دەستپێبکەین، دەمانەوێت دەرگا بکەینەوە بۆ کۆمپانیاکان و وەبەرهێنەرەکان بۆ ئەوەی لەو شوێنانە کاربکەن تاوەکو وێران نەبن و ببنە بەشێک لە ئاوەدانکردنەوە و پرۆژەی گەشتیاری گەورە شوێنەواری لە هەولێر”.

فرسەت سۆفی لەبارەی قەڵای هەولێریشەوە دەڵێ: “خودی قەڵای هەولێریش بەرەوپێشچوونی باشی بەخۆیەوە بینیوە، کۆمیسیۆنی قەڵا ئێستا بە جیددی کاردەکەن بۆ ئەوەی بتوانین لە ئاییندەیەکی نزیک قەڵا ئاوەدان بکرێتەوە و بکرێتە بازاڕێکی گەورەی کولتووری و رێژەی گەشتیار لەم شوێنە گرنگە، کە رەمزێکی گەورەیە و هەموومان شانازی پێوە دەکەین، بۆ ئەو مەبەستەش کۆمپانیای کار بە سوپاسەوە 2 ملیۆن دۆلاریان تەرخانکردبوو، ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕی 600 هەزار دۆلاریان تەرخان کردبوو، خۆشبەختانە یەکێتی ئەوروپاش ئەو 6 ملیۆن دۆلارەی کە تەرخانی کردبوو پشتیوان بە خودا لە ماوەیەکی نزیک دەست بە رەوانەکردنی دەکرێت بۆ نۆژەنکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی قەڵای هەولێر”.

بابەتێکی دیکە کە فرسەت سۆفی باسیکرد رێگاوبانەکان بوون. پارێزگاری هەولێر گوتی: “بە گوژمەی 3 ملیار و 800 ملیۆن (ئاماژەی بە دۆلار یان دیناری بودجەکە نەکرد) سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی دەربڕیوە بۆ ئەوەی کۆمەڵێک پرۆژەی بەپەلە، ئەوانەی پەیوەست بە رێگاکانی هەموو قەزاو ناحیەکانەوەن، لە ئاییندەیەکی نزیک بکەونە قۆناخی تەندەرینگ، بۆ ئەو پرۆژانەی تەواو نەکراون و، ئەوانەی 70 بۆ 90%ی کارەکانیان تەواو کراوە، بەشێک لەو پرۆژانەش گرنگن لەوانە قوتابخانە و نەخۆشخانە و رێگا و پرۆژەی گرنگی دیکەن، رەزامەندیمان بۆ ئەو پرۆژانە وەرگرتووە، پشکی هەولێر رەنگە 5 ملیار دینار بێت”.

بەگوتەی پارێزگاری هەولێر “هەموو رێگا دەرەکییەکانی هەولێر لەژێر نۆژەنکردنەوەدان، هەندێک رێگا سەر لەنوێ دروستکراونەتەوە، لەوانە رێگای نێوان هەولێر- کۆیە، ئەو بەشەی کە ماوە پشتیوان بە خودا ئەویش تەواو دەکەین لەگەڵ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لەسەر هێڵین، هەروەها چەندین پرد کە بەهۆی لافاو بە تایبەتی لە ناوچەی چۆمان تیکچووبوون، سەرلەنوێ دانرانەوە”.

پارێزگاری هەولێر باس لەوە دەکات کە بڕیاریانداوە بۆ هەر 6 سنووری شارەوانی هەولێر، “هەموو ئەو چاڵانەی لە رێگاکان دروست بوونە لەسەر بودجەی پارێزگا چاکبکرێنەوە، ئێستا دەست بە جێبەجێکردنی کراوە، پشتیوان بە خودا لە ئاییندەیەکی نزیک هەمووی چاک دەکرێنەوە. لە کۆتایی ئەمساڵیشدا رێگای 120 مەتری کە یەکێکە لە پرۆژە ستراتیژییە گرنگەکان بەشی کۆتایی تەواو دەکرێت و هەموو 120ی بە یەکەوە دەبەسترێتەوە. لە ئەنجوومەنی وەزیران لەسەروبەندی دیراسەتکردنداین بۆ ئەوەی بتوانین کارگەیەکی قیر لە ناوچەی سۆران بۆ هەر چوار قەزای ئەوێ دروست بکەین، بەمە کێشەیەکی گەورەو فشارێکی گەورە لەسەر هەولێر هەڵدەگیرێت”.

سەبارەت بە توونێلی هەولێر- شە‌قڵاوە، فرسەت سۆفی گوتی: “رەزامەندی ئەو تەمویلانەی کە پێویست بوون بۆ تەواوکردنی تونێلی مەسیف لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران تەواومان کردوون، ئێستا کێشەی تەمویلی تونێلی مەسیف بە بواری کارەبا و بەودیوی کۆڕێ هیچ نەماوە، هیچ بەهانەیەکی کۆمپانیای جێبەجێکارمان نەهێشتووە بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا ئەو پرۆژەیە تەواو بکرێت. بۆ قۆناخی داهاتووش لە پلانماندا هەیە و لەگەڵ جەنابی سەرۆکی حکومەتیش قسەمان کردووە، بۆ ئەوەی تونێلی سۆرکیش تەواو بکرێت و ئەو رێگایە بە تەواوی بە یەکەوە ببەسترێتەوە”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com