نەوزاد عەلی-سلێمانی
گوتەبێژی وەزارەتی شەهیدانی هەرێم رایدەگەیێنێت، بە هەمان شێوەی ساڵانی ڕابردوو، وەزارەتی شەهیدانی حکوومەتی هەرێم، خەرجی کرێی خوێندنی کچ و کوڕی شەهیدان لە ئەستۆ دەگرێت.
ساڵانە لەسەر ئەستۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کچ و کوڕی شەهیدان، لە زانکۆ و قوتابخانە ئەهلییەکانی هەرێمی کوردستان درێژە بەخوێندن دەدەن، دواین قستی خوێندنیش کە حکوومەتی هەرێم پارەکەی خەرجکردووە، کرێی خوێندنی ساڵی ٢٠١٧-٢٠١٨ بووە.
لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچە، فوئاد عوسمان، گوتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە خەرجکردنی پارەی کرێی خوێندنی کچ و کوری شەهیدان، رایگەیاند “ژمارەیەکی زۆر کوڕ و کچی شەهیدانی سەربەرز لە زانکۆ ئەهلییەکانی هەرێمی کوردستان درێژە بەخوێندن دەدەن، بەپێی یاساش بۆ ئەمساڵی خوێندن بە هەمان شێوەی ساڵانی پێشوو، وەزارەتی شەهیدانی حکوومەتی هەرێم، کرێی خوێندنی ئەو خوێندکارانە لە ئەستۆ دەگرێت”.
لە بارەی خەرجکردنی کرێی خوێندنی ساڵی ٢٠١٩، فوئاد عوسمان، گوتی”تا ئێستا سەرف نەکراوە، بەڵام ئێمە نوسراومان بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کردووە، بۆ ئەوەی ڕەزامەندی لەسەر خەرجکردنی پارەکە بدات، لە پلاندایە کە لە ئایندەیەکی نزیکدا بۆیان خەرج بکرێت، تەنها کاری ڕۆتیناتی ماوە”.