نەوزاد عەلی-سلێمانی
پەرلەمانتارێکی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیێنێت، مووچەی ئەو چەند مانگەی فەرمانبەرانی هەرێم، کە ماوە لە بەغداوە بێت کێشەی تێناکەوێت.
رۆژی هەینی ٢٥-١٠-٢٠١٩، بۆ دووەم جار خۆپیشاندانەکانی عیراق دەستیپێکردەوە، بە هۆیەوە ٢٥٠ کەس کوژراون و بەسەدانی دیکە بریندار بوون، تائێستا خۆپیشانەدانەکان بەردەوامی هەیە، گرینگترین داواکاری خۆپیشاندەران، هەڵوەشاندنەوەی حکوومەت و هەموارکردنەوەی دەستووری عێراقە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، جیهاد حەسەن دۆسکی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی کاریگەری خۆپیشاندانەکان لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، رایگەیاند”بەشێوەیەکی گشتیی دۆخی ئێستای عێراق بەرەو خراپی دەڕوات، هیچ شتێکیش مەحاڵ نییە کە رووبدات، بۆیە ئەگەر حکوومەتی ئێستای عێراق هەڵوەشێتەوە و کەسێکی دیکە بێتە جێگای عادل عەبدولمەهدی، ئەو کاتە دەبێتە کێشە بۆ هەرێمی کوردستان، دەستووری عێراق و مووچەی خەڵک”.
دۆسکی ئاماژە بەوەدەکات، سەرۆک وەزیرانی ئێستای عێراق کێشەی لەگەڵ کورد نییە و زۆربەی ئەوانەی ئێستا کە دژایەتی عادل عەبدولمەهدی دەکەین، هۆکارەکە ئەوەی کە لەگەڵ کورد باشبووە، دەشڵێت “ڕەنگە بە گۆڕینی ئەو کورد تووشی کێشە و نارەحەتی بێت، بەڵام کێشەیەکی ئەوەندە گەورەش بۆ کورد دروست نابێت بڵێین هەموو مافەکانی کورد دەخورێت، هەرچەندە کێشە هەبێت چارەسەریش دەبێت”.
سەبارەت بە مووچەی ئەو چەند مانگەی فەرمانبەرانی هەرێم کەماوە، گوتی “لەو بڕوایەدانیم، کە مەترسی لەسەر بڕینی مووچەی ئەو چەند مانگە هەبێت، کە لە بودجەی ساڵی ٢٠١٩ ی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە و مانگانە لە بەغداوە ڕەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، بۆیە ئەو چەند مانگەی کە ماوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم کێشەی تێناکەوێت”.