نوچه
بارەگای بارزانی روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئەو هەواڵانە بە نادروست و چەواشەکار لەقەڵەم دەدات کە باس لە رێککەوتنی سەرۆک بارزانی و ئەیاد عەلاوی لەسەر پرسی ماددەی ١٤٠ دەکەن.
دەقی روونکردنەوەکە:
بەشێک لە کەناڵەکانی راگەیاندن هەواڵێکی چەواشەکارانەیان بڵاو کردۆتەوە، کە گوایە لە دوایین دیداری سەرۆک بارزانی و بەڕێز ئەیاد عەللاوی، باس لە دەستکاریکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق و ئەگەرەکانی گۆڕینی دەستوور کراوە و گوایە سەرۆک بارزانی ڕەزامەندیی لەسەر ئەوە دەربڕیوە، کە ماددەی ١٤٠ دەستکاری بکرێت.
لەکاتێکدا سەرلەبەری ئەو هەواڵە چەواشەکارییە ڕەتدەکەینەوە، ئەوەش روون دەکەینەوە، کە خەڵکی کوردستان دەزانن سەرۆک بارزانی داکۆکیکار و خەمخۆری ڕاستەقینەی خاک و گەلی کوردستان و مافە ڕەواکانییەتی، هەرگیز سازش لەسەر ئەو ماف و دەستکەوتانە ناکات.
سەرۆک بارزانی لە چەندین بۆنەدا بەڕوونی ئەوەی ڕاگەیاندووە، کە هەر گۆڕانکارییەک لە دەستووردا بکریت، نابێ لە مافە ڕەواکانی گەلەکەمان و تایبەتمەندیی هەرێمی کوردستان کەم بکاتەوە. هەموو خەڵكی كوردستانیش زۆر چاك دەزانێ كێن ئەوانەی سازش دەكەن.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی بارەگای بارزانی
٣ـ١١ـ٢٠١٩