نوچەنێت-رووداو
ئەمڕۆ یەکشەممە 3-11-2019، لە مۆمبای خەڵاتی نێودەوڵەتیی دایکە تێرێزا دەبەخشرێتە رزگاربوویەکی کوردی ئێزدی دەستی داعش و نووسینگەی رفێندراوانی کوردی ئێزدی. ناسر عەلی، نێردراوی رووداو لە مۆمبای رایگەیاند: بڕیارە کاژێر 15:30 خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 3-11-2019 لە میانی بەڕێوەچوونی گەورەترین رێوڕەسم خەڵاتی نێودەوڵەتیی دایکە تێرێزا دابەشبکرێت، بۆ ئەمساڵیش نووسینگەی رفێندراوانی کوردی ئێزدی دەستنیشانکراوە بۆ وەرگرتنی ئەو خەڵاتە، رزگاربوویەکی دەستی داعش لەگەڵ بەرپرسی نووسینگەی رفێندراوانی کوردی ئێزدی و شاندێک لە هەرێمی کوردستانەوە لە شاری مۆمبای ئامادەن. لە میانی رێوڕەسمەکەی ئەمڕۆ خەڵاتەکە هەم دەدرێتە رزگاربوویەکی دەستی داعش بەناوی ئیمان عەبدوڵڵا و هەم خودی نووسینگەی رفێندراوانی کوردی ئێزدی. خەڵاتی دایکە تێرێزا لە ساڵی 2005ـەوە ساڵانە دەبەخشرێتە 10 کەسایەتی و چالاکڤانی جیھانی کە رۆڵیان لە کاری خۆبەخشی و خزمەتکردنی مرۆڤایەتی و پێکەوەژیان و ئاشتی ھەبووە لە جیهاندا. ساڵی رابردوو و لە 21-10-2018، هەر یەکە لە لەیلا تەعلو، کوردی ئێزدی رزگاربووی دەستی داعش و ئێدیس پەشار، رزگاربووی کومەڵکوژی گوندی کۆچۆ، خەڵاتی دایکە تێرێزایان وەرگرت و لە دوای وەرگرتنی خەڵاتەکەش گوتەیەکیان پێشکەش کرد. ئێدیس پەشار سلۆ، لەدوای وەرگرتنی خەڵاتەکە بە بەشداربووانی رێوڕەسمەکەی راگەیاند، لە گوندی کۆچۆ 28 کەسی ماڵی ئێمە گیران و داعش ژمارەیەکی کووشتن، بە هەوڵی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی کوردستان 19ـیان رزگارکران و گەڕانەوە. دواتر لەیلا تەعلو، کوردی ئێزدی رزگاربووی دەستی داعش، لەگوتەیەکدا سەرنجی بەشدارانی بۆ چیرۆکی کارەساتباری خۆی راکێشا و رایگەیاند، 19 کەسمان بە دەستی داعش دەستگیرکران و، 10 کەسیان بە هەوڵی سەرۆکوەزیرانی کوردستان ئازادکران. نووسینگەیی رزگارکردنی رفێندراوانی کوردانی ئێزدی بە بڕیاری نێچیرڤان بارزانی لە 2014 کرایەوە. تاوەکو ئێستا 3515 کەس رزگارکراون.1983 کەس لەوانە منداڵن. 1193 کەسیان ژن و 339 کەس لەو رزگارکراوانە پیاون. ئیمان عەبدوڵڵا رزگاربووی دەستی داعش کە بەناوی نووسینگەکەوە ئەو خەڵاتە وەردەگرێت ساڵی2001 لە گوندی تلقەسەبی سەر بە قەزای شنگال لەدایکبووە. لە 3-8-2014 لەگەل خێزانەکەی کە ژمارەیان 8 کەس بوون لە شنگال کەوتنە دەستی داعش. سێ جار لەلایەن داعشەوە کڕین و فرۆشتنیان پێ کراوە. لە 28-4-2015 بەھاوکاری نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی رزگارکرا. ھەموو ئەندامانی خێزانەکەی رزگارکران، بەڵام ھێشتا بەشێک لە کەسوکاری لە دەستی داعش دان. بەگوتەی خۆی هەموو جۆرە ئەشکەنجەدانێک لای چەکدارانی داعشەوە بینیوە.