نوچه
سەرۆک بارزانی دۆخی ئێستای عێراق بۆ دەرەنجامی کەڵەکەبووی فەشەلێکی پازدەساڵە دەگەڕێنێتەوە و بەپێویستی دەزانێت گوێ لە داواکاریی خەڵک بگیرێت. دەشڵێت “نابێ گۆڕینی دەستوور ببێتە هۆی پاشەكشە لە پڕەنسیپەكانی دیموكراسی”.
سەرۆک مەسعود بارزانی، پەیامیک لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق بڵاودەکاتەوە و یاسای هەڵبژاردن بە هۆکاری وردی دۆخی ئێستا دەزانێت.
لەبارەی گۆڕانکاریی لە دەستووری عێراق، سەرۆک بارزانی دەڵێت “نابێ گۆڕینی دەستوور ببێتە هۆی پاشەكشە لە پڕەنسیپەكانی دیموكراسی و هەموو گۆڕانكارییەكیش پێویستە لە چوارچێوەی یاسا و میكانیزمە دەستوورییەكاندا بێت.
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی هاووڵاتیان، ئێمە زۆر بە پەرۆشین بۆ ئەو دۆخەی كە هاتووەتە پێش و پێمان وایە كە ئەمەی ئێستا لە ئارادایە هی ئەمڕۆ نییە بەڵكو دەرئەنجام و كەڵەكەبووی فەشەلێكی پازدە ساڵەیە. خەڵك ئێش و ئازارێكی زۆری بینیوە و هاووڵاتی مافی خۆیەتی داواكاری هەبێت و ناڕازی بێت. بۆیە پێویستە گوێ لە داواكاریی خەڵك بگیرێت و بە توندوتیژی و خوێنڕشتن كێشەكان چارەسەر نابن.
لەگەڵ ئەوەیشدا یەكێك لە گرفتە گەورەكانی عێراق جێبەجێ نەكردنی دەستوورە. ئەگەر دەستوور وەك خۆی جێبەجێ كرابا، زۆر لەو كێشانە نەدەبوون، كە پێشتر و ئێستایش هەن. لەلایەكی دیكەوە هۆكاری وردی دۆخی ئێستا یاسای هەڵبژاردنە، و بۆ نەمانی هۆكاری گرفتەكان، دەبێ یاسای هەڵبژاردن بە شێوەیەك بگۆڕدرێت، كە ئەنجامەكان دەربڕی خواستی ڕاستەقینە و دادپەروەرانەی سەرجەم پێكهاتەكان بێت.
لەبارەی داواكارییەكان لەسەر گۆڕینی دەستوور، پێمانوایە نابێ گۆڕینی دەستوور بسەپێندرێت یان بە زۆر بێت و لە هەمان كاتیشدا نابێ گۆڕینی دەستوور ببێتە هۆی پاشەكشە لە پڕەنسیپەكانی دیموكراسی و هەروەها پاشەكشەی مافی گەلی كورد و پێكهاتەكانی تر. بە دڵنیاییشەوە سیستەمی دیموكراسی زیاتر لە بەرژەوەندیی خەڵكی عێراقە نەك دیكتاتۆری و هەموو گۆڕانكارییەكیش پێویستە لە چوارچێوەی یاسا و میكانیزمە دەستوورییەكاندا بێت.
مسعود بارزانی
٢ـ ١١ـ ٢٠١٩