حكوومه‌ت له‌ وه‌ڵامی یەکێتیی، چه‌ند زانیارییه‌كی گرنگ بڵاوده‌كاته‌وه‌

0

نوچه‌

سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، دەربارەی لێدوانی لەتیف شێخ عومەر گوتەبێژی فەرمی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان روونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌.

د. ئومێد سەباح، سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران گووتی “سەبارەت بەو لێدوانانەی بەڕێز لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی فەرمی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، دەربارەی ئەو تێبینیانەی لە راگەیاندنەکان خستیەڕوو، بە پێویستی دەزانین لە بارەی ئەو خاڵانەی باسی کردن، روونکردنەوەی پێویست لەمبارەیەوە بدەین. بێگومان یەکێتیی نیشتمانی کوردستان وەک لایەنێکی سەرەکی هاوبەش لە حکوومەت، دەتوانێت سەرنج و تێبینیەکانی خۆی کە تایبەتن بە بابەتە سیاسییەکان، لەگەڵ سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان تاوتوێ بکات ، بەڵام ئەو تێبینیانەی کە بەڕێزیان ئاماژەی پێدان و پەیوەستن بە حکوومەتەوە ، پێمانخوشە روونکردنەوەی پێویستیان لە بارەوە بدەین”.

دواتر سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هه‌رێم، وه‌ك ئەوه‌ی له‌ خواره‌وه‌ هاتووه‌ به‌ چه‌ند خاڵێك وه‌ڵامی گوته‌بێژی فه‌رمی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانی دایه‌وه‌:

حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندی ئەو بەرنامە و ئەجندایەیە کە پێشکەشی پەرلەمان و خەڵکی کوردستانی کردووە کە ئەجندایەکی هاوبەشی هەموو لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لەو حکوومەتە ، بۆیە داواش لە هەموو حیزبەکان و خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەین کە پشتیوانی حکوومەت بن بۆ جێبەجێکردنی کارنامەکەی و ئەنجامدانی چاکسازی بۆ ئەوە بتوانێت بە بێ جیاوازی خزمەتی هەموو هاووڵاتی هەرێمی کوردستان بکات.

بەداخەوە مەکتەبی سیاسیی هێندێک لە حیزبەکان بە پێچەوانەی دروشمەکانیان، لە کاتێکدا داوا دەکەن حیزبەکان دەست لە کاروباری حکوومەت وەرنەدەن. بەڵام کاتێک بەرژەوەندییەکانی خۆیان دێتە بەر باس، بە هەموو شێوەیەک فشار لە سەر حکوومەت دروست دەکەن و دەستێوەردان لە ئیشوکاری دەکەن و مەرج بۆ چۆنێتی ئیشکردنی حکوومەت دادەنێن .

لەربارەی پۆستەکانه‌وه‌ گوتی، یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لەبەر هەر هۆکارێک بێت تا ئێستا تەواوی کاندیدەکانی خۆی بۆ ئەو پۆستانەی تا ئێستا ماون دیاری نەکردووە تا حکوومەت بەپێی رێککەوتنەکان دایانبمەزرێنێت . هیوادارین یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بتوانێت تەواوی کاندیدەکانی خۆی یەکلایی بکاتەوە بۆ ئەو پۆستانەی بەریان دەکەوێت.

سەبارەت بە دانانی یاریدەدەرەکانی سەرۆک وەزیران ده‌ڵێت، ئەم بابەتە لە دەسەڵاتی سەرۆک وەزیرانە و هیچ دەقێکی یاساییش نییە لە یاسای ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (٣) لە ساڵی ١٩٩٢ هەموارکراو یان لە پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (١) ٢٠٠٦ هەموار کراو، کە ڕێگری بکات لەوەی کە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران یاریدەدەری هەبێت، هەروەها یاریدەدەرەکان بە هیچ شێوەیەک بەدیلی وەزیرەکان نین، بەپێچەوانەوە یارمەتیدەر و ئاسانکاریی بەڕێوەچوونی کارەکان دەکەن، ئەمەش بە هیچ شێوەیەک کارێکی نایاسایی نییە و بەپێچەوانەوەی ئەو پروپاگەندانەیە، کە گوایا حکوومەتێکی بچووککراو لە ناو حکوومەتدا دروست کرابێت.

له‌باره‌ی ئەنجوومەنی نەوت و گازیشه‌وه‌ گوتی، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی و وەزیری پلاندانان، کە ئەندامی ئەنجوومەنی نەوت و گازن. لە هەموو وردەکارییەکانی پڕۆسەی نەوت وگاز لە هەرێم ئاگادارن. لەلایەکی دیکەوە لە کۆبوونەوەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، لە کاتی دانوستاندن بۆ پێکهینانی کابینەی نۆیەم، هەردوولا ڕێککەوتن لە سەر ئەوەی سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ببێت بە ئەندامی ئەنجوومەنی نەوت و گاز ، بەلام یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لەو بابەتە پاشگەز بووەتەوە

هه‌روه‌ها له‌سه‌ر گرتنی هاووڵاتیان لە سەر بیروڕای سیاسیی گوتی، دووپاتی دەکەینەوە، کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دژی گرتنی هاووڵاتیانە لە سەر بیروڕای سیاسیی و پێویستە لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان خەڵک لە سەر بیروبۆچوونی سیاسیی دەستگیر نەگرێت، لەمبارەیەشەوە حکوومەت پابەندە بەوەی، کە نابێت کەس لە سەر بیروڕای سیاسیی بگیرێت. بەڵام لە هەمانکاتدا ئەگەر کەسێک تاوانێک ئەنجام بدات، بێگومان رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە و ئەندامبوونیشی لە لایەنێکی سیاسیی، پارێزبەندی بەرامبەر بە یاسا پێ نابەخشێت .

هه‌روه‌ها سەبارەت بەوەی گوایە لە کابینەی نۆیەمدا نوێنەرایەتی حکوومەت لە بەغدا وەک ناوەندێک لە ئاستی وەزارەت دروست کراوە. راستییەکە ئەوەیە کە نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لە ساڵی ٢٠٠٦_ەوە دامەزراوە و لەو کاتەوەش سەرۆکەکەی بە پلەی وەزیرە. ئەوەی ئێستاش کراوە تەنیا پرکردنەوەی ئەو پۆستە و چالاککرنەوەی ئەو دەزگایەیە. هەروەها سەبارەت بەوەی گوایە دەبوو وەزیرێکی هەرێم بۆ کاروباری پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا دەستنیشان بکرێت، بۆ ئاگاداری هەموو لایەک، هیچ دەقێکی وا نییە لە ڕێكکەوتنەکانی پێکهینانی کابینەی نۆیەم، کە وەزیرێکی هەرێم هەبێ بۆ کاروباری بەغدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەڕێز سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، لە روانگەی باوەڕبوونی بە تواناکانی بەڕێز خالد شوانی، بەڕێزیانی راسپارد، کە وەکو وەزیری هەرێم بۆ سەرجەم کاروباری دانوستاندن لەگەڵ بەغدا دەستبەکار بێت.

ئەگەر باسی پشکی لایەنە سیاسییەکانیش بکەین لە پۆستەکانی حکوومەت، کە سەرجەم داتاکان لە بەر دەستن، ڕێژەی هەندێک لایەن لە پۆستە کارگێرییەکان (بریکاری وەزیر، راوێژکار، بەڕێوەبەری گشتیی) زۆر زیاترە لە ئیستحقاقی ئینتخابی و ژمارەی کورسییەکانیان لە پەرلەمانی کوردستان.

لەكۆتاييدا سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران گوتی “سەرجەم ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیران بە روحییەتێکی ئیجابی و بنیاتنەرانە و وەک یەک تیم کار دەکەن و بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانیش بە کۆی دەنگ دەردەچن، بۆیە داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکەین، کە هاندەر و پاڵپشتی ئەو کەشە ئیجابیە بکەن، کە لە کابینەی نۆیەمدا لە ئارادایە”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com