پارتی وه‌ڵامی یه‌كێتی ده‌داته‌وه‌

0

نوچه‌

پارتی دیموکراتی کوردستان، وەڵامی نیگەرانییەکانی یەکێتی دەداتەوە و دەڵێت، لەجیاتی لە میدیاوە قسەمان لەگەڵ بکەن باشترە بێنە کۆبوونەوە و پێمانبڵێن چی جێبەجێ نەکراوە. لەبارەی پڕنەکردنەوەی پۆستە حکومەییەکانیش پارتی دەڵێت، یەکێتی خۆی بەرپرسە لەوەو بەربژێرەکانی یەکلایی نەکردووەتەوە.

پارتی نیگەرانە لە دۆخی عێراق و کوژرانی خەڵک بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە، داوای هێورکردنەوەی دۆخەکە دەکات، بەمافی خەڵکی عێراقیشی دەزانێت داوای مافەکانییان بکەن.

مەحموود محەممەد گوتەبێژی پارتی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی رایگەیاند: “نابێت هەموارکردنەوەی دەستووری عێراق ببێتە هۆی کەمکردنەوەی دەسەڵات و ماف و ئازادییەکانی کوردستان و مەترسی دروست ببێت لەسەریان، چونکە ئەو دەستکەوتانەی لە دەستووردا بۆ کورد بەدەستهاتوون، بەخوێن بەدەستهاتوون، بەرهەمی خەباتی چەندین ساڵی خەڵکی کوردستانە.

گوتەبێژی پارتی گوتی، دەستووری عێراق کێشەی تێدا نییە، ئەگەر دەستوور وەکو خۆی جێبەجی بکرایە ئێستا خەڵک داوای نەدەکرد هەموار بکرێت، دەبێت، هەموارکردنەکەش بەپێی رێکارە دەستوورییەکەی خۆی بێت ئەگەر سێ پارێزگای هەرێمی کوردستان رەتیبکەنەوە نابێتە دەستوور.

مەحموود محەممەد گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان وەڵامی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی دایەوە سەبارەت بە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکانی نێوان هەردوو حیزب بۆ پێکهێنانی حکوومەت و گوتی: “دەبوا یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەمیدیاکانەوە گلەیی نەکردایە، بەڕاشکاوی بەپارتی بگوتایە کە کام خاڵی رێککەوتنەکە جێبەجی نەکراوە، بڕیابوو مانگی ئاب کۆببنەوە، بەڵام یەکێتی کۆبوونەوەکەی دواخست تاوەکو ئێستاش نەکراوە”.

گوتەبێژی پارتی بە جەختکردنەوە لەوەی، رێککەوتنەکان وەکو خۆیان جێبەجێکراون، گوتی: “لەپەرلەمان و سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بەرپرسانی یەکێتی دەستبەکارن، ئەوەی ماوەتەوە لە خوار ئەنجوومەنی وەزیرانە کە یەکێتی خۆی بەرپرسە لەوەو بەربژێرەکانی یەکلایی نەکردووەتەوە، ئەوەش کیشەی ئیداری بۆ حکومەت دروستکردووە”.

گوتەبێژی پارتی راشیگەیاند، شەراکەت لە دەسەڵات بەو مانایە نایەت، پۆستەکان لەسەر شێوازی پەنجا بە پەنجا دابەشبکرێن، هەر لەسەرەتاوە ئەوە بە یەکێتی گوتراوە، یەکێتیش ئەوەی قبوڵکردووە، کە پڕکردنەوەی پۆستەکان بەپێی یاسا و بەرکەوتەی هەڵبژاردن بێت، دەبێت حوکمڕانی بەپێی یاسا بێت، یاسا دەسەڵاتی وەزیرەکان و جێگری سەرۆکوەزیران دیاریبکات.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com