نوچه
گوتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند، پارتی دیموکراتی کوردستان هیچ کام لە رێککەوتنەکانیانی جێبەجێنەکردووە و ئەوان لەو دۆخە نیگەرانن.
لەتیف شێخ عومەر، گوتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پارتی دیموکراتی کوردستان هیچ کام لە رێککەوتنەکانیانی جێبەجێنەکردووە و ئەوان لەو دۆخە نیگەرانن و نیگەرانییەکانیان گەیاندووەتە پارتی و بە فەرمیش گەیاندوویانەتە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان.
گوتەبێژی یەکێتی دەڵێت “ئێمە وەکو یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ یەکڕیزی یەک ئاراستەیی و بۆ ئامادەسازی لە دێر زەمانەوە هەم هەوێنی یەکڕیزی یەکگرتوویی و یەکپارچەیی بووین، هەم قوربانی زۆریشمان داوە لەو پێناوەدا. ئێستاش ئامادەین لە پێناوی بەرژەوەندی میللەتەکەمان لە پێناوی پاراستنی دەستکەوتەکان و لەپێناوی قەوارە یاسایی و سیاسییەکەی هەرێمەکەمان دیسان تا ئەبەد هەوێنی یەکگرتوویی و یەکپارچەیی و یەکڕیزی یەک ئاراستەیی بین، بەڵام ناشیشارینەوە لە میللەتەکەمان لە هاووڵاتیانی خۆمان، کە ئێمە زۆر نیگەرانین لە رەوتی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکانمان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان”.
لەتیف شێخ عومەت پەیوەندییان لەگەڵ پارتی بە بەردی بناغەی یەکڕیزی نیشتمانی دەزانێت و دەڵێت “لەگەڵ هێزەکانی دیکەدا، هەمووتان دەزانن هەرکاتێک پەیوەندییەکانی ئێمەو پارتی باش بوون هاوپەیمانی باش لەنێوانماندا هەبووە، میللەتەکەمان دڵنیا بووە لەوەی دەستکەوتەکانی پارێزراو دەبێت و بەرەو پێشەوە دەچێت، پێچەوانەکەشی بە پێچەوانەوە بووە. بۆیە ئێمە دەبێت راستگۆبین لەگەڵ میللەتەکەی خۆمان، لەوکاتەی کە مەترسییەکان زۆرن پێویستە پەیوەندییەکانمان لەوپەڕی باشیدابێت، ئێمە هەوڵی زۆرمانداوە کە وابێت لە بواری پیکهێنانی حکومەتیشدا قوربانی زۆرماندا بۆ ئەوەی حکومەتەکە بە یەکگرتوویی و یەکپارچەیی دروستبێت و حکومەتێکی سەرتاسەری بێت”.
لەبارەی رێککەوتنەکانیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، لەتیف شێخ عومەر رایگەیاند، “رێککەوتنی یەکەممان لەگەڵ پارتی رێککەوتنی سیاسییە و جەوهەرەکەی بەشداری سیاسییە، ئێمە باوەڕمان وانییە ئەو رێککەوتنە جێبەجێکرابێت. رێککەوتنی دووەممان بەشداریمانە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و پشکی یەکێتییە لە حکومەت، بەشی زۆری جێبەجێنەکراوە و ئەوەیشی جێبەجێکراوە تێبینیمان لەسەر بەشێکی هەیە”.
رێککەوتنی سێیەمیشیان کە سەبارەت بە دانانی پارێزگاری کەرکووکە، گوتەبێژی یەکێتی دەڵێت “بەداخێکی زۆرەوە هیچی لێ جێبەجێ نەکراوە. تاوەکو ئەو شوێنەی رەنگە ئێستا فرسەتی جێبەجێكردنی لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان کەمتربووبێتەوە، ئەوەی کە زەرەری لێدەکات خەڵکی کوردستان، کەرکووک و هەموو عێراق و بەرژەوەندییە باڵاکانی میللەتەکەمانە”.
گوتەبێژی یەکێتی نیگەرانی لەوەشدەربڕی “لەلایەکەوە رێککەوتنەکەی ئێمە جێبەجێناکرێت، بۆ خەڵکان بەناوی یاریدەدەرەوە حکومەتێکی بچکۆلە دروستدەکرێت، لەگەڵ ئەوەی ئێمە لەگەڵ حکومەتێکی بەهێزی یەکگرتووی سەرتاسەریداین”.
بە گوتەی لەتیف شێخ عومەر، ئامانج و ئاواتی یەکێتی نیشتمانی کاڵکردنەوەی هێڵەکانی دووئیدارەییە، “بەڵام ئەو هەنگاوانە بە دڵنیاییەوە بەرەو ئەو ئاراستەیە ناڕوات”.
گوتەبێژی یەکێتی ئاماژەی بە دەستگیرکردنی کادیرانیان کرد و گوتی “زۆر نیگەرانین لەوەی هەڤاڵەکانی ئێمە کادیرەکانی ئێمە دەگیرێن و چەندین مانگ بەبێ دادگایی دەمێننەوە، داوای ئەوە ناکەین کادیرانمان ئەگەر تاوانیان کرد نەگیرێن، بەڵکو داوای دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە دەکەین”.