نوچە
ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی رایدەگەیەنێت، تا یاسای چاکسازی لە پەرلەمان پەسەندنەکرێت، پەرلەمانتارانی کوردستان ناتوانن ببنە جێگای متمانەی خەڵکی کوردستان.
پڕۆژەیاسای چاكسازی، یەکێک لەو پڕۆژەیاسا گرنگانەیە، کە ئێستا لای حکومەتی هەرێمی کوردستانە و حکومەت چاوەڕوانی وەڵامی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان دەکات بۆ ئەوەی پڕۆژەیاساکە کارەکانی لە حکومەت تەوا بکرێت و ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت.
ئاراس حهسۆ میرخان، ئهندامی سهركردایهتی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووك لە لاپهڕهی تایبهتی خۆیەوە نووسیویهتی “پەرلەمانتارانی کوردستان (بە ھەموو فراکسیۆنەکان) زۆر جار دروشمی خزمەتگوزاری خەڵک بوون بەرزدەکەنەوە، بەڵام تا ئەو کاتەی یاسای چاکسازی و بەتایبەت کەمکردنەوەی موچەی پلە باڵاکان نەخرێتە بەرنامەی کار و پەسەندنەکرێت ناتوانن ببنە جێگای متمانەی خەڵکی کوردستان”.
ئەندامەکەی سەرکردایەتی پارتی، دەشڵێت “ھیوادارم پەرلەمانتارانی پارتی دەستپێشخەربن و رێگا نەدەن چیتر لەبەر بەرژەوەندی پەرلەمانتاران ئەم پڕۆژەیە فەرامۆش بکرێت”.
لە کابینەی هەشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەیاسای چاکسازی لە (خانەنشین، موچە و دەرماڵەکان) ئامادەکراو لە ٢٨-٢-٢٠١٩، ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان کرا، دواتر پەرلەمان پرۆژەیاساکەی پەسەندکرد، بەڵام بەهۆی ناڕەزایی چەند لایەنێکی سیاسی بەبیانووی جۆراوجۆر، پرۆژەیاساکە جارێکی دیکە گەڕێندرایەوە پەرلەمان و خولی رابردووی پەرلەمان، نەیتوانی پرۆژەیاساکە جارێکی دیکە پەسەند بکات.