نەوزاد عەلی-سلێمانی
پەرلەمانتارێکی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، لە ئێستادا دەسەڵاتی گۆڕینی پارێزگاری کەرکوک لە دەستی پەرلەمانی عێراقدایە.
ڕۆژی دووشەممە ٢٨-١٠-٢٠١٩ پەرلەمانی عێراق، هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقی پەسەند کرد، ئەمەش لە کاتێکدایە، کە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ڕێککەوتنێکیان هەیە بۆ دانانی پارێزگارێکی نوێ، ڕەنگە ئەم بڕیارەی پەرلەمان دنانی پارێزگار لەبار ببات.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، دانا محەمەد جەزا، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە هەڵوەشانەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، ڕایگەیاند “پەرلەمانتارانی کەرکوک لە پەرلەمانی عێراق جێگرەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دەبن بۆ چاودێریکردنی کارەکانی پارێزگاری کەرکوک، لەبەر ئەوەی ڕۆژی هەڵبژاردن دیاری کراوە، ئەم پڕۆسەیە بەشێوەیەکی کاتی دەبێت، تا ئەو کاتەی هەڵبژاردن دەکرێت، چونکە هیچ یاسایەکی تایبەتی بۆ دیاری نەکراوە”.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ئاماژە بەوەدەکات، پرسی دانانی پارێزگاری کەرکوک دەبێت ئەنجومەنی پارێزگا یەکلایی بکاتەوە، بەڵام ئەگەر بەمشێوەیه بڕوات و دەستکاری دەستوور بکرێت، لەو بڕوایەدام، کە ئەنجومەنی پارێزگاکان هەر بەتەواوی نەمێنێت.
لەبارەی دەسەڵاتی گۆڕینی پارێزگاری کەرکوک، دانای شەهید جەزا، دەڵێت “لە ئێستادا گۆڕینی پارێزگاری کەرکوک لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدایە”.