نوچه
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، ئەو دەستوورەی بۆ عێراقی نوێ داندراوە دەستوورێکی پێشکەوتووە، بەڵام جێبەجێنەکردنی بەندەکانی دۆخێکی وای خوڵقاندووە، کە ئێستا قسە لەسەر هەموارکردنەوەی دەکرێت.
ئەمڕۆ (پێنجشهممه ٣١-١٠-٢٠١٩) سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا لە میانی بەشداریکردن لە شەشەمین کۆنگرەی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان، لهبارهی دەستووری عێراق و ئەو گفتوگۆیانەی لەوبارەیەوە دەکرێن رایگهیاند “کێشەی سەرەکی دەستوور نییە، بەڵکو کێشەی سەرەکی لە عێراقدا فەرامۆشکردنی ئەو دەستوورەیە”.
نێچیرڤان بارزانی لەبارەی دەستکاریکردنی دەستووری عێراق گوتی “دەبێت لای هەموومان روون بێت کە دەستووری عێراق بە هەر هەموارکردن و دەستکاریکردنێک، دەبێت ڕەنگدانەوەی دروست و واقیعبینانەی سەرجەم جیاوازی تایبەتمەندیی پێکهاتەکانی بێت و مافی ڕەوای هەمووانی تێدا سەلمێندراو بێت”.
لەبارەی هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لە هەموارکردنەوەی دەستوور، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، “ئێمە ڕێگری لە هیچ هەموارێک ناکەین کە لەپێناو باشترکردنی ژیان و بەڕێوەبردن بێت لە عێراق، بەڵام هەر هەموارێک نایەکسانی دروست بکات و زیان بە دیموکراسی و فیدراڵی بگەیێنێت و دژی بەرژەوەندی گەلی کوردستان و گەلی عێراقە و بەهیچ شێوەیەکیش لەگەڵ داخوازییەکانی خۆپیشاندەران یەک ناگرێتەوە”.
دەقی گوتاری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە شەشەمین کۆنگرەی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان
خۆشحاڵم ئەمڕۆ پێکەوە بەشداری لە رێوڕەسمی بەستنی شەشەمین کۆنگرەی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان دەکەین، بە گەرمی پیرۆزبایی لەسەرجەم ئەندامانی سەندیکای پارێزەران دەکەم و هیوای سەرکەوتنی کۆنگرەکەتان بۆ دەخوازم.
سەندیکای پارێزەرانی کوردستان جگە لە کاری سەندیکایی خۆی لە ئەرکە نیشتمانییەکانیشدا ئامادەیی بەرچاوی هەبووە، هەر لە بەشداری ئەندامانی لە هەڵبژاردنە یەک لەدوای یەکەکانی کوردستان. لە سەرپەرشتیکردن و بەڕێوەبردنی وێستگەو بنکەکانی دەنگدانەوە تا هاوکاریکردن لە ئامادەکردنی چەندین پڕۆژەیاسای گرنگ بۆ پەرلەمانی کوردستان و ئەرکی دیکەی نیشتمانی، وەک داکۆکیکردن و پاراستنی خۆبەخشانەی مافەکانی ئەنفالکراوەکان، هەوڵەکانیان بۆ بە جینۆسایدناساندنی ئەو تاوانانەی کە دەرحەق بە گەلی کوردستان کراون. هەروەها ئامادەییان بۆ داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان لە عێراقدا، ئەمانە هەموو ئەو شتانەن جێی شانازی ئێمەو خۆیانن و دەستخۆشیان لێدەکەم و سوپاسیان دەکەین.
ئامادەبووانی بەڕێز..
کۆمەڵگەی دروست و پێشکەوتوو زادەی کولتوورێکی سیاسیی، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی و مرۆڤدۆستانەی سەردەمیانەیە، کە دەستوور و یاسای گونجاو لەگەڵ ئەو دەستوورە چوارچێوەی ماف و ئەرک و بەرپرسیاریێتیەکانی دیکە دیاری دەکەن.
کۆمەڵگەی کوردستان خاوەن کولتوورێکی دەوڵەمەندی ژیاندۆستی نەریت و بەهای جوانی مرۆڤایەتییە، وێڕای شانازیکردن بە ناسنامەو رەسەنایەتی خۆیەوە ئامادەیی و مەیلێکی بەهێزیشی بۆ کرانەوەو گەشەکردن و پێشکەوتن هەیە.
لە کوردستان هەمیشە هەوڵدراوە بنەماکانی مافی مرۆڤ و بەها مرۆییەکان لە یاسا و بڕیارەکان ڕەنگبدەندوە، چەندین یاسای گرنگی تایبەت بە بواری یەکسانی و ئازادی سیاسیی و ئایینی و ئازادی رادەربڕین چەندین بڕیاری گرنگ بۆ ڕێگری لە تووندوتیژی داکۆکی لە مافی و ژن و منداڵان دەرکراون و کاریان پێدەکرێت.
بەبێ سەروەری یاسا و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری مەحاڵە کۆمەڵگا بەشێوەیەکی دروست رێکبخرێت و بەڕێوەببرێت، ئێمە دەمانەوێت و مەبەستمانە کۆمەڵگای کوردستان بە دروسترین شێوە رێکبخرێت بۆ ئەوەی کوردستانیان ژیان و گوزەرانێکی شایستەیان هەبێت.
سەرۆکایەتیی هەرێم بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە سەروەری یاسا و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری دەکات، سەندیکای پارێزەرانیش دەتوانێت رۆڵی گرنگ لەو بوارە ببینێت.
سەروەری یاسا دڵنیایی دەبەخشێتە هەر تاکێک و کە ژیان و مافەکانی پارێزراو دەبن، یەکسانی و دادپەروەری لە جێبەجێکردنی یاساکاندایە و بە کردەیی پێویستە رەنگبداتەوە، هەربۆیە بەئەندازەی خودی یاساکان جێبەجێکردن و کارپێکردنیان بە شێوەیەکی دروست گرنگن بۆ وڵاتەکەمان.
چەندین ئەرک و بەرپرسیاریێتی لەسەر دامەزراوەکانی جێبەجێکردنە، هێندەش ئەرک و بەرپرسیاریێتی هەر تاکێکی کۆمەڵگایە، یاسا بەبێ جێبەجێکردن هەرچەند یاسایەکی دروست و گرنگیش بێت لە دەقێکی نووسراوی مردوو زیاتر هیچی دیکە نابێت.
ئێوەی پارێزەران یاساناسان و مافپەروەران وەک دەستەبژێرێکی دیاری کۆمەڵگا وێڕای وشیاری کار و رۆڵی سەندیکایی لە بواری رۆشنبیری یاساشدا خاوەن زانیاری و روانگەی خۆتانن، لەبواری بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لە نێو کۆمەڵگادا ئەرک و بەرپرسیاریێتیەکی گرنگتان لەسەر شانە. ئێمە پێویستیمان بە هۆشیاری و رۆشنبیرییەکی سەردەمیانە هەیە لە مامەڵەکردن لەگەڵ یاساو جێبەجێکردنیاندا، بە جۆرێک رێزگرتن لە یاساو جێبەجێکردنیان لای هەر تاکێک وەک بەهایەکی ئەخلاقی و ئەرکێکی نیشتمانی گرنگ بناسێنرێ. دەبێت یاسا دۆستی ببێتە پێوەرێک بۆ دڵسۆزی، ئێمە بۆ ئەوەی دۆستی خۆمان بین بۆ ئەوەی دۆستی ژیان بین دەبێت دۆستی ئەو یاسایانە بین کە بە پاشخانێکی مرۆڤدۆستانەوە ژیانمان رێکدەخەن.
دەبێت نەوەکانی ئاییندە بەم هۆشیارییە گۆش بکرێن لەنێو خێزان، لەنێو سیستەمی پەروەردە و لەسەرجەم قۆناخەکانی خوێندندا شوێنێکی گرنگیان پێبدرێت.
پارێزەرانی بەڕێز..
ئێوە دەزانن کوردستان پیویستی بە داڕشتنی دەستوورە، ئەوەش یەکێکە لە ئەرکە نیشتمانیەکان، دەستووری شیاو بۆ هەرێمی کوردستان وەک دایکی یاساکان دەستوورێکە رەنگدانەوەی پاشخانە کولتووری و خواستی سەردەمیانەی کۆمەڵگە بێت بۆ پێشکەوتن و کرانەوەی زیاتر. دەستوورێک کە هاووڵاتیان و بەها مرۆییەکان چەقی ئامانج و مەبەستەکانیان بێت، تێیدا هیچ بەهایەک لەسەرووی بەهای مرۆڤ و نرخی ژیانەوە نەبێت، جیاوازییەکان وەک یەک رێز لێگیراو بن مافی سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینەییەکانی تێدا پارێزراو بێت و هیچ جیاکارییەک لەسەر بنەمای ئایینی و مەزهەبی و سیاسی و ئایدۆلۆجی و نەتەوەیی و رەگەزی و ئاستی کۆمەڵایەتی لە دەستوورەکەماندا بوونی نەبێت، لەم لایەنەوە پارێزەران و یاساناسان دەتوانن بەشداری کارایان هەبێت یارمەتی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان بدەن.
سەبارەت بە دەستووری عێراق و ئەو گفتوگۆیەی لەوبارەیەوە دەکرێت، دەمەوێت ئەوە بڵێم ئەو دەستوورەی بۆ عێراقی نوێ دانرا بە بەراورد لەگەڵ دەستووری زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە بە دەستوورێکی پێشکەوتوو لەقەڵەم دەدرێت. بەڵام جێبەجێ نەکردنی بەندەکانی دۆخێکی وای خوڵقاندووە کە ئێستا قسە لەسەر هەموارکردنەوەی دەستوور دەکرێت، لە کاتێکدا کێشەی سەرەکی دەستوور نییە، بەڵکو کێشەی سەرەکی لە عێراقدا فەرامۆشکردنی ئەو دەستوورەیە. دەبێت لای هەموومان روونبێت کە دەستووری عێراق بە هەر هەموارکردن و دەستکاریکردنێک دەبێت رەنگدانەوەی دروست و واقیعبینانەی سەرجەم جیاوازی تایبەتمەندی پێکهاتەکانی بێت و مافی رەوای هەمووانی تێدا سەلمێندراو بێت.
ئێمە رێگری لە هیچ هەموارێک ناکەین کە لەپێناو باشترکردنی ژیان و بەڕێوەبردنبێت لە عێراق، بەڵام هەر هەموارێک نایەکسانی دروستبکات و زیان بە دیموکراسی و فیدراڵی بگەیێنێت و دژی بەرژەوەندی گەلی کوردستان و گەلی عێراقە و بەهیچ شێوەیەکیش لەگەڵ داخوازییەکانی خۆپیشاندەران یەک ناگرێتەوە.
گەلی عێراق باشترکردنی ژیان و بەڕێوەبردن و ژیان و گوزەرانی دەوێت نەک ئاڵۆزترکردنی زیاتری دۆخی عێراق، عێراق پێویستی بە سەقامگیرکردنی ئەمنی و سیاسی هەیە، کێشە و قەیرانەکان بە تێکچوونی ئارامی و سەقامگیری چارەسەر نابن بەڵکو ئاڵۆزتر دەبن. کێشەو قەیرانەکانی عێراق کەڵەکەبووی هەڵە و خراپی بەڕێوەبردنی ساڵانێکی دوورودرێژی حکومەتەکانە، هیچ حکومەتێک ناتوانێت لە ساڵێکدا چارەسەری ئەو کێشانە بکات.
بەرژەوەندی نیشتمانی عێراق و پێکهاتەکانی بە کاری پێکەوەیی هاوکاری هەموو لایەنەکان دەکرێت، پاراستنی ئێستا و داهاتووی عێراق لە ئەستۆی هەمووماندایە، دیالۆگ و لێکتێگەیشتن باشترین رێگەیە بۆ چارەسەری کێشەکان.
ئێمە لە هەرێمی کوردستان پشتگیری لە هەنگاو و بڕیارەکانی حکومەتی عێراق بۆ چاکسازی و چارەسەرکردنی کێشەو کەموکوڕییەکان دەکەین.
لە کۆتاییدا دەمەوێت جارێکی دیکە دەستخۆشی لە سەندیکای پارێزەرانی کوردستان بکەم بۆ هەموو ئەو کارو تێکۆشانانەی کە ئەنجامیانداوە لە پێناو داکۆکیکردن لە ماف و خواستەکانی پارێزەرانی کوردستان و ئەرکە نیشتمانییەکانیاندا. هیوای بەردەوام و سەرکەوتن بۆ سەندیکاکەتان دەخوازم دڵنیاشتان دەکەمەوە کە سەرۆکایەتی هەرێم بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی و هاوکارتان دەبێت بۆ سەرخستنی ئەرک و ئامانجەکانتان. دووبارە پیرۆزبایی بەستنی ئەو کۆنگرەیەتان لێدەکەم و هیوای سەرکەوتن بۆ خۆتان و بۆ کۆنگرەکەتان دەخوازم.
زۆر سوپاس بۆ هەموو لایەک…