نوچە-ئاژانسەکان
هاوپەیمانی نەسر بە سەرۆکایەتیی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق داوای پێکهێنانی دەوڵەتی کاتی دەکات.
لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا کە لە راگەیاندنە عێراقییەکان بڵاو بۆتەوە، هاوپەیمانی نەسر داوای دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی، لە پۆستەکەی دەکات و جەختیشی کردۆتەوە ڕەوشی عێراق قەیراناوییە.
راگەیێندراوەکەی هاوپەیمانی نەسر، ئاماژەی بەوەش کردووە بۆ ڕزگارکردنی عێراق لەم قەیرانە، دەنگی متمانەی خۆی لە کابینەی عادل عەبدولمەهدی وەردەگرێتەوە و تا ئەنجامدانی هەڵبژاردنی نوێی و گۆڕینی سیستمی هەڵبژاردن لەم وڵاتە، دەوڵەتی کاتی پێکبهێنرێت.
هاوپەیمانی نەسر راشیگەیاندووە، لە سێ هەفتەی رابردوودا خوازیاری دەستلەکارکێشانەوەی حکومەت بووە، بەڵام ئەم داوایە رەتکراوەتەوە.