هۆشداری لەباره‌ی شەڕی ناوخۆ دەدرێت

0

نەوزاد عەلی-سلێمانی

ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، دابەشبوونی لایەنە شیعەکانی عێراق بەسەر دووبەرەی جیاواز بۆخۆی پەیامێکی مەترسیدارە و هەموو ئەگەرێک کراوەیە.  

خۆپیشاندانەکانی عێراق لایەنەشیعەکانی عێراقی دابەشکردووە بەسەر دوو ئاراستەدا، ئاراستەیەکیان پشتگیری لە بەردەوامی حکوومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی دەکەن، ئاراستەکەی دیکە داوای هەڵوەشاندنەوەی حکوومەت و گۆڕانکاری لە سیستمی عێراق دەکەن.   

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، دانا محەمەد جەزا، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە دۆخی ئێستای عێراق، رایگەیاند “دابەشبوونی لایەنە شیعەکانی عێراق بەسەر دووبەرەی جیاواز بۆ خۆی پەیامێکی مەترسیدارە و هەموو ئەگەرێکیش کراوەیە، ڕەنگە ڕێکنەکەون و شەڕێکی ناوخۆی هاوشێوەی لوبنان دووبارە بێتەوە لە عێراق، ڕەنگە ڕێککەوتنێکی درێژخایەنیش بکرێت، ڕەنگە دۆخی ئێستای عێراق هەروا بەردەوام بێت و وڵات لە فەوزادا بمێنێتەوە، بەڵام ئەمەی ئێستا هەردەبێت بەلایەکدا بکەوێت، چونکە تازە فەوزاکە دروستبووە و شەقامی عێراقی پڕ بووە لەخەڵک و خوێن ڕژاوە و هێز بەکارهاتووە”.     

پەرلەمانتارەکەی پارتی دەشڵێت “ئاراستەیەکیان داوا دەکات ئێستا عادل عەبدولمەهدی وازبهێنێت، بۆئەوەی بیکەنە دەستکەوت بۆ خۆیان، ئاراستەکەی تریش پێیانوایە، ئەگەر ئێستا ئەوە بکرێت بەبێ بەدیل بۆشایی و فەوزا دروست دەبێت، ئەمەش لەبەرژەوەندی عێراق نابێت لەوانەیە ململانێ و تۆڵەکردنەوەی لێ دروست بێت”. 

دانای شەهید جەزا، گوتیشی “یەکلایی بوونەوەی دۆخەکە دەمێنێتەوە سەر ئەوەی، کە لەچ خاڵێکدا دەوەستێت، لەو بڕوایەدانیم، کە حکوومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی حکومەتێکی درێژخایەن بێت، لە زۆر ڕووەوە کۆتایی پێهاتووە و خۆیان حکوومەتەکەیان لاوازکردووە و وایان کردووە هەیبەتی نەمێنێت، ئەگەر بشمێنێتەوە کاتی دەبێت تا ئەو کاتەی بەئاراستەیەک دەبێت، کە حکوومەتێکی ئینتیقالی بێتە ئاراوە”.    

 لە بارەی دەستوەردانی وڵاتان لە خۆپیشاندانەکان، گوتی “ساحەی عێراق ئامادەیە بۆ خۆپیشاندان و دەستوەردان، چونکە ئەو زیاتر لە ١٥ ساڵە حکوومەتەکانی عێراق خزمەتگوزارییەکی وایان پێشکەشی خەڵک نەکردووە؛ دوور نییە هەندێک لایەنی سیاسیی بەو ئاراستەی، کە بییانەوێت سیستەم و بڕیاردەرەکانی عێراق بگۆڕدرێت، بەو ئاراستەیەی پشتگیری ئەوە بکات، کە گۆڕانکاری لە حکوومەتدا بکرێت”. 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com