له‌ پڕۆژه‌یاسای تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆییەکان ره‌چاوی پێكهاته‌كان كراوه‌

0

نوچە – مورادى

په‌رله‌مانتارێك رایده‌گه‌یێنێت، بەپێى یاسای تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆییەکان، ئەو زەوییانە ناگرێتەوە، كه‌ موڵکی پێکھاتەکان بێت و ھاووڵاتییان خانوویان لەسەر دروست کردبێت.

بەپێی ئاماری شارەوانییەکان لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستاندا زیاتر لە ٣٠٠ هەزار خانوو بەشێوەی زیادەڕۆیی دروستکراون.

له‌ لێدوانێكی تایبه‌ت به‌ نوچه‌، سه‌لمه‌ فاتیح، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌باره‌ی په‌سه‌ندكردنی بڕگه‌یه‌كی تایبه‌ت له‌ پڕۆژه‌یاسای خانووه‌ زیاده‌رۆییه‌كان رایگه‌یاند: ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌ ٣٠-١٠-٢٠١٩)، لە خوێندنەوەی سێیەمدا پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی ١٠٠ په‌رله‌مانتار، یاسای تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆییەکان پەسەند کرا، هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا و لە خوێندنەوەی دووەمی پێشنیازی یاسای تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆییەکان، پێکھاتەکانی پەرلەمان پێشنیازیان کرد کە ئەو خانوانەی لە سنووری موڵکی پێکھاتەکان بە زێدەڕۆ و بە نایاسایی لەلایەن بەشێک لە ھاووڵاتییانەوە داگیر کرابوون، تاپۆ نەکرێن و بگەرێنەوە بۆ خاوەنی ڕاستەقینەی زەوییەکە.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ گوتیشی ”لە دانیشتنی سێیەمدا، كه‌ بە دەنگی ١٠٠ پەرلەمانتار پێشنیازەکە پەسەند کرا، یەکێک لە پێشنیازی پێکھاتەکانیش دەنگی پێوستی بەدەستھێنا، بەپێى بڕگەیەکی یاساکە ھەر کەسێک خانووی لەسەر زەوی پێکھاتەکان دروست کردبێت، زێدەڕۆ بێت، یان داگیری کردبێت، ئەم یاسایە نایگرێتەوە و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆی تاپۆ ناکات.

سه‌لمه‌ فاتیح ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، كه‌ ئەمەش لە چوارچێوەی پاراستنی مافی پێکھاتەکانە لە ھەرێمی کوردستان و گەڕانەوەی موڵکەکانە بۆیان.

بەپێی رەشنووسی پڕۆژه‌بڕیاری ته‌ملیككردنی ئه‌و زه‌وییانه‌ی زێده‌ڕۆییان له‌سه‌ر كراوه له‌ سنووری شاره‌وانییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان:

– تاپۆكردنی زەوی خانووە زێدەڕۆكانی ناوشار نابێت لە ٢٠٠ مەتر زیاتر بێت
– لە ناحیەدا تاوەكو ٤٠٠ مەتریش ئاساییە.
– ئەو كەسەی خانووەكەی بەناوە دەبێت پێشتر سوودمەند نەبووبێت.
– سوودمەند بوو بەنرخێكی گرانتر لە نرخی دیاریكراو زەوییەکەی بۆی تاپۆ دەكرێت.


 هەر بەپێی یاساكە تەنیا %٣٠ی پارەکە بۆ گەنجینەی حكومەت دەگەڕێتەوە و %٧٠ی پارەکە بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ خزمەتگوزاری گەڕەکەکان خەرجدەکرێت.

پێشنیازی نرخی تاپۆکردنی ئەو زەوییانەی زێدەڕۆییان لەسەر کراوە

– مەترێک زەوی لەسەنتەری پارێزگاکان لە ١٥ هەزارەوە بۆ ٣٠ هەزار دینار
– مەترێک زەوی لە سنووری قەزاکان لە ١٠ هەزارەوە تاوەکو ١٥ هەزار دینار
– مەترێک زەوی لە سنووری شارۆچکەکان لە پێنج تاوەکو هەشت هەزار دینار

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com