نوچه
عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پەیامێکدا بۆ موقتەدا سەدر دەڵێت، دوو رێگە هەیە بۆ دەستلەکارکێشانەوەم، یان لە ٦٠ رۆژدا هەڵبژاردن بکەین لەڕێگەی هەڵوەشانەوەی پەرلەمان بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران، یان ئەوەتا لەگەڵ عامری رێکبکەوە بۆ دروستکردنی کابینەیەکی نوێ.
ئەمڕۆ (سێشەممە ٢٩-١٠-٢٠١٩) عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و پەیامێکیشی بۆ موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر نارد و رایگەیاند “حکومەتی کاربەڕێکەر چارەسەری دۆخەکە ناکات و دەتوانن لەگەڵ هادی عامری حکومەتێكی نوێ پێکبهێنن”.
سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتیشی “ئامادەم بۆ دەستلەکارکێشانەوە، بەڵام بەپێی یاسا دەبێ پەرلەمان هەڵبووەشێتەوە”.
عەبدولمەهدی بە سەدر دەڵێت “لەگەڵ هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح رێککەوە بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ لەبری ئەوەی داوای دەستلەکارکێشانەوە لەمن بکەی”.
لەگەڵ بەردەوامی و فراوانبوونی خۆپیشاندانەکانی دژی گەندەڵی و هەژاری و بێکاری و خراپی خزمەتگوزاری لە عێراق، موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدر لە عێراق دوێنێ دووشەممە داوا لە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد بچێتە پەرلەمان و دەستلەکارکێشانەوەی خۆی و کابینەکەی رابگەیەنێ و داوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەخت بکات.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە دەقی نامەی عادل عەبدولمەهدی بۆ موقتەدا سەدر بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە “داوات لێکردم بچمە پەرلەمان و لەوێوە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەخت رابگەیەنم لەژێر سەرپەرشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمیسیۆنێکی نوێی هەڵبژاردن، من سوپاست دەکەم و رەنگە ئەم پێشنیازە دەرگەیەک بێ بۆ دەربازبوون لەم قەیرانەی ئێستا”.
هەر لە نامەکەدا هاتووە “هەندێک هەنگاو هەن من دەتوانم بییاننێم و هەندێکی دیکە هەن پەیوەندیدارن بە لایەنی دیکەوە، ئەمە لە پاڵ ئەوەی تێبینی هەیە لەسەر هەڵبژاردنی ئەم پێشنیازە بۆ دەرچوون لەم قەیرانە، بەس نییە من بچم بۆ پەرلەمان بۆ راگەیاندنی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەخت، بەڵکو رێڕەوی دەستووری هەیە لە مادەی ٦٤ دیاریکراوە و دەبێ سەرۆکوەزیران پابەندی بێ، چونکە هەڵبژاردنی پێشوەخت پێویستی بە رەزامەندی سەرۆککۆمار هەیە لەسەر داوای سەرۆکوەزیران بۆ هەڵوەشاندنی پەرلەمان و راگەیاندنی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە ماوەی ٦٠ رۆژدا”.
عادل عەبدولمەهدی ئاماژە بەوەشدەکات “ئەمە بەبێ دەنگدانی زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمان لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بەدینایەت، واتا زۆرینەی ١٦٥ دەنگ، ئەوکات حکومەت بە دەستلەکارکێشاو هەژماردەکرێت و دەبێتە کاربەڕێکەر، یاخود سێیەکی ئەندامانی پەرلەمان واتا ١١٠ دەنگ داوایەک پێشکەشبکەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەگەر پەرلەمان بە زۆرینە پەسندی بکات ئەوا هەڵبژاردنی پێشوەخت لە ماوەی ٦٠ رۆژدا بەڕێوەدەچێ و حکومەت بە دەستلەکارکێشاو هەژماردەکرێ و دەبێتە کاربەڕێکەر”.
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە نامەکەیدا بۆ سەدر ئاماژە دەکات “ئێوە داوای بەشدارینەکردنی حیزبەکانی ئێستا دەکەن تەنیا ئەو حیزبانە نەبێ کە گەل لێیان رازییە، بەڵام کێ ئەو حیزبانە دەستنیشان دەکات کە گەل لێیان رازییە؟ چونکە دەبێ ئازادی و مافەکان بۆ هەمووان دەستەبەربکرێن نەک دیدی کەسانێک دیارییان بکات، لە کۆتاییشدا سندووقی دەنگدان باشترین ئامرازە بۆ رادەربڕینی گەل”.