نەوزاد عەلی-سلێمانی
پەرلەمانتارێکی پێشووی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، دەمێکە هەندێک لایەنی سیاسیی بەدوای دەرفەتێکدا دەگەڕێن بۆ هەموارکردنەوەی دەستوور، بۆیە مەترسی هەیە.
لە ڕۆژی هەینی ڕابردووەوە خۆپیشاندانەکان لە شارەکانی عێراق بەتایبەتی شاری بەغدا دەستیپێکردووتەوە و تاکو ئێستاش بەردەوامن، خۆپیشاندەران چەندین داواکاریییان خستووەتە بەردەم بەرپرسانی عێراق، یەکێک لەو داواکارییانەش هەموارکردنەوەی دەستووری عێراقە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، زانا ڕۆستایی، پەرلەمانتاری پێشووی کۆمەڵی ئیسلامی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە بارەی هەموارکردنەوەی دەستووری عێراق، رایگەیاند “مەترسی لەسەر لە هەموار کردنەوەی دەستوور هەیە، چونکە ئەوە دەمێکە هەندێک لایەنی سیاسیی عەرەبی عێراقی، بەدوای دەرفەتێکەوەن بۆ هەموارکردنەوەی دەستوور، بەتایبەتی لەو بڕگە و ماددانەی پەیوەندییان بەمافەکانی هەرێمی کوردستانەوە هەیە، ئێستا بە بیانووی داواکاری خۆپیشاندەران بۆ هەموورارکردنەوەی دەستوور، بەدەرەفەتی دەزانن بۆ تێپەڕاندنی ئەم دەرفەتە و سوود وەرگرتن لە فشارە جەماوەرییەکانی عێراق بۆ تێپەڕاندنی ئەجینداکانیان”.
سەبارەت بە زیانەکانی هەموارکردنەوەی، پەرلەمانتارەکەی پێشووی کۆمەڵی ئسیلامی، ئاماژە بەوە دەکات “ڕەنگە ئەم هەموار کردنەوەیە زیان بە سیستمی پەرلەمانی، ستیستمی فیدراڵییەتی عێراق، دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان، ماددەی ١٤٠ی دەستوور و پڕۆسەی سوود وەرگرتن لە سامانە سروشتییەکانیش بگات، ئەمانەش هەموویان پەیوەندیداران بە هەرێمی کوردستانەوە”.
زانا ڕۆستایی، دەشڵێت “لە ئێستادا باشترین هەنگاو بۆ کورد ئەوەیە، کە یەک ڕیزییەکەی خۆی پتەوت بکات، بەیەک گوتاری بەهێز و دیپلۆماسییەتێکی بەهێز، ئامادەبێت لەگفتوگۆیەکان، رای گشتی جیهانیش بهێنێتە سەرخەت و سوود لە نەتەوەیەکگرتووەکان و هاوپەیمانانان وەربگرێت بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی”.
ڕۆستایی گوتیشی “ئەگەر بارودۆخی کوردستان بەرەو پێشتریش نەچێت بەلایەنی کەم ئەوەی، کە هەیە بپارێزرێت، بەپێچەوانەشەوە کورد دەبێت هەموو گوشارێکی سیاسیی، یاسایی و جەماوەری بەکار بهێنێت، ئەگەر ئەوان شەقامێکیان هەیە و خەڵک دێننە سەرشەقام بۆ گۆڕینی هەندێک ماددە دەستووری، ئێمەش شەقاممان هەیە دەتوانرێت جەماوەر و خەڵکی کوردستان بهێنینە سەر شەقام بۆ ئەوەی داوای پاراستنی مافە دەستوورییەکان هەرێم بکات”.