نەوزاد عەلی-سلێمانی
بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیێنێت، لیژنەی هاوبەشی نێوان پەرلەمان و حکوومەتی هەرێم بەپێی بۆچوونی لایەنەکان ڕاپۆرتی خۆی لەسەر پڕۆژەیاسای چاکسازی ئامادە دەکات.
بڕیار بوو هەفتەی رابردوو سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی پەرلەمانی کوردستان، بۆچوون و تێبینی خۆیان لەسەر پڕۆژەیاسای چاکسازی بدەنە لیژنەی هاوبەشی حکوومەتی هەرێم و پەرلەمانی کوردستان، بەڵام هەندێک لایەنی سیاسیی داوایان کردبوو کاتی زیاتریان پێ بدرێت، تا ئێستاش ئەو لایەنانە وەڵامی خۆیان نەگەڕاندووەتەوە بۆ لیژنە هاوبەشەکە و حکوومەتی هەرێم چاوەڕوانی وەڵامی لایەنەکانن.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، محەمەد سەعدەدین، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان و ئەندامی لیژنەی هاوبەشی حکوومەت و پەرلەمان بۆ پڕۆژەیاسای چاکسازی، رایگەیاند “تاکو سەرنج و تێبینی و بۆچوونی ئەو لایەنانەی داوایانکردووە کاتی زیاتریان پێ بدرێت، نەگەڕێتەوە بۆ لیژنەی هاوبەشی پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەیاسای چاکسازی ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان ناکرێت”.
بڕیار دەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان، دەڵێت “بۆچوونی لایەنەکان دەدرێتە لیژنەی هاوبەشی پەرلەمان و حکوومەتی هەرێم، دواتر لیژنە هاوبەشەکەیان بەپێی بۆچوون و تێبینییەکانی لایەنەکان راپۆرتی خۆی ئامادەدەکات، حكوومەتی ئامادەکاری تەواوی کردووە، لەسەر بۆچوونی لایەنەکان وەستاوە”.