نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیێنێت، ئێمە وەک فراکسیۆنەکوردستانییەکان لە بەغدا بە هیچ شێوەیەک سازش لەسەر مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان ناکەین.
عادل عەبدولمەھدی سەرۆك وەزیرانی عێراق ھەوڵدەدات ھیچ ھاوڵاتییەك لە خوار ھێڵی ھەژاریدا نەھێڵێتەوە، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ داواکاری خۆپیشاندەران، بەڵێنی داوە بڕە پارەیەک مانگانە، کە بڕەکەی لە ١٣٠ ھەزار دینار كەمتر نەبێت، بداتە ئەو کەسانەی كە ھیچ داھاتێكییان نییە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، مەیادە محەمەد، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە بەردەوامی خۆپیشاندانەکانی عێراق، رایگەیاند “بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەگشتیی و بەتایبەتی دابینکردنی بڕەپارەیەك، کە بڕەکەی لە ١٣٠ هەزار کەمتر نەبێت بۆ ئەو هاوڵاتیانەی کە هیچ داهاتێکیان نییە، قەناعەت پێکەر نەبووە بۆ خۆپیشاندەران تاکۆتایی بەخۆپیشاندانەکانیان بهێنن”.
مەیادە محەمەد، دەڵێت “ئەو بەڵێنانەی حكوومەتی عێراقی بەخۆپیشاندەرانی داون، خۆپیشاندەران هیچ حسابێکی بۆ ناکەن، هۆکاری ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە هیچ متمانەیەک لە نێوان هاووڵاتی عێراقی و حکوومەت نەماوە، چونکە سیاسییەکانی عێراق بۆ تەنها بەرژەوەندی خۆیان و دەستکەوتی حزبەکانیان کاردەکەن و خزمەتگوزاریی پێشکەشی خەڵک نەکراوە”.
سەبارەت بە کاریگەری بڕیارەکانی حكوومەتی عێراقی لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٠ی عێراق، پەرلەمانتارەکەی پارتی، گوتی “بە دڵنیایییەوە نوێنەرانی کورد و فراکسیۆنە کوردستانییەکانیش لە بەغدا، سازش لەسەر مافەدەستووریییەکان و مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان ناکەن، بەڵکو بەپێچەوانەوە بەرگری لە دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین”.