نوچە-نیوز ڤیک
پێگەی نیوز ڤیک، بەرەبەیانی ئەمڕۆ (یەکشەممە ٢٧ی ئۆکتۆبەر)، لە سەر زاری بەرپرسێکی سەربازی ئەمریکا رایگەیاند، کە ئەبوبەکر بەغدادی لە میانی ئۆپەراسیۆنێکدا کوژراوە.
بە گوتەی سەرچاوە سەربازیەکە، سەرۆکی رێكخراوی داعش بە هۆی ئۆپەراسیۆنی هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا لە پارێزگای ئیدلیبی سوریا، کراوەتە ئامانج و واشنتۆن تا رادەیەکی زۆر لە کوژراونی بەغدادی دڵنیایە.
سەرچاوەکە جەختیش دەکاتەوە، کە تیمێکی چاودێری سوپای ئەمریکا، رۆژی شەممەی رابردوو شوێنی مانەوەی بەغدادیان دۆزیوەتەوە.
بەرپرسێکی باڵای پێنتاگۆنیش دەڵێت، دوای ئەوەی، کە هێرش کراوەتە سەر شوێنی مانەوەی، بەغدادی بە هۆی ماددهی تەقینەوە خۆی تەقاندۆتەوە و پێدەچی دوو هاسەری بەغدادیش لەم تەقینەوەیە کوژرابێتن.
ئەم راپۆرتە یەک کاتژمێر دوای ئەوە بڵاو بووەوە، کە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، لە تویتێکدا نووسی هەر ئێستا شتێکی گەورە ڕوویدا.
ئیدارەی ئەمریکا لەم بارەوە وردەکاری و زانیاری زیاتری بڵاو نەکردۆتەوە.