پەرلەمانتارێک: هەرێم و بەغدا گەیشتوونەتە رێککەوتن

0

نەوزاد عەلی-سلێمانی

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، حکوومەتی هەرێم و عێراق، گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی سەرەتایی، بەڵام خۆپیشاندانەکان هۆکاری دواکەوتنی بەردەوامی گفتوگۆکان بووە.   

رۆژی هەینی (٢٥-١٠-٢٠١٩) خۆپیشاندان لە زۆربەی شارەکانی باشووری عێراق بەڕێوەچوو، بە هۆی درووستبوونی ئاڵۆزی لە خۆپیشاندانەکاندا، زیاتر لە ٤٠ كەس كوژراون و زیاتر لە دوو هه‌زار کەسی دیکەش برینداربوون، حکومەتی عێراق باری نا ئاسایی و قەدەغەکردنی هاتوچۆشی راگەیاند.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، محەمەد سەعدەدین، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی و بڕیارە دەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان، لە بارەی خۆپیشاندانەکانی عێراق، رایگەیاند “بەگوێرەی دەستووری عێراق خۆپیشاندان مافێکی دەستووری خەڵکە و شتێکی زۆر ئاساییە، بەڵام ئەو خۆپیشاندانانەی ئێستا لە عێراق ئەنجامدەدرێت، بەگشتی زیانیان بۆ خەڵکی عێراق هەیە و دەبێتە هۆی پەکخستنی کاری فەرمانگەکان و پڕۆژە ستراتیژییەکان، بەتایبەت پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ی عێراق، کە زۆر گرنگە بۆ خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستانیش”.      

بڕیار دەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان، دەڵێت “خۆپیشاندانەکان بەمشێوەی ئێستا کاریگەری نەرێنی دەبێت لە سەر عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەم خۆپیشاندانانە لە ئەنجامدا بەزیانی خەڵکی عێراق دەشکێتەوە، لە بەرئەوەی ئاراستەی خۆپیشاندانەکان دەگوڕدرێت و لە ئامانجی سەرەکی خۆی لادەدات، لە جیاتی ئەوەی ببێتە هۆی بەدیهێنانی مافەکانی خەڵک، بەپێچەوانەوە دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو ماف و ئیمتیازاتانەی، کە پێویستە پێداگری لەسەر بکەن دووبارە لەدەستی بدەنەوە”.    

لە بارەی رێککەوتنی هەرێم و بەغدا، سەعدەدین گوتی “هەرێم و بەغدا، وەک ئیرادەیەکی سیاسیی دەیانەوێت بگەنە چارەسەری گونجاو بۆ کێشە هەڵواسراوەکانی نێوانیان، ئێستاش هەردوولا گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی سەرەتایی، بەڵام خۆپیشاندانەکانی عێراق، هۆکارێکی سەرەکی بووە بۆ دواکەوتنی گفتوگۆکانی نێوان هه‌ردوولا”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com