نوچه: ئاژانسهكان
وەزیری دەرەوەی پێشووتری ئەمریکا، رەخنەی توندی لە دۆناڵد ترەمپ گرت و رایگەیاند، سەرۆکی ئەمریکا بەو بڕیارەی دوو هەفتە پێش ئێستای خیانەتی لە کورد کرد.
ئهمهش له كاتێكدایه، لەدوای راگەیاندنی کشانەوەی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا، تورکیا لە ٩-١٠-٢٠١٩، هێرشیکردە سەر رۆژئاوای کوردستان، ئەو بڕیارەی ترەمپ لە ناوخۆی ئەمریکا رەخنەی تووندی لێگیرا و بە خیانەت وەسفی دەکەن.
جۆن کێری لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن رایگهیاند: کورد هاوپەیمانێکی سەرەکی ئەمریکا بووە و لە شەڕی دژی داعش و کۆنتڕۆڵکردنی سنووری نێوان سووریا و تورکیادا رۆڵێکی سەرەکی گێڕا و کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکان بۆئەوەی رێگری لە چوونی جیهادی زیاتر بۆ ناو سووریا بگیرێت کارێک بوو تورکیا ئامادە نەبوو بیکات.
جۆن کێری ئاماژە بە بڕیارهكهی ترهمپ دهكات و دهڵێت، ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا بەرامبەر کورد کردی خیانەتێکی گەورە بوو. دهشڵێت ”سەرۆک ترەمپ بەو کارەی، کە کردی رێگەی بە سەرۆککۆماری تورکیا دا ئەوەی، کە داوای دەکرد بەدەستیبهێنێت”.
کێری گوتی، زیانەکە ئەو کاتە دەستیپێکرد، کە سەرۆک ترەمپ تویتی کرد و رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی دەکشێنێتەوە و بەو کارەشی پێگەی ئەمریکای لاوازکرد لەو هەوڵە بەردەوامانەی، کە دەیدا بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا بەشێوەیەکی ئاشتیانە.