خۆپیشانده‌ران و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌توندترین شێوه‌ رووبه‌ڕووی یه‌ك ده‌بنه‌وه‌

0

نوچه‌: ئاژانسه‌كان

دوێن هه‌ینی 25ـی مانگ، بە یەکێک لە خوێناویترین رۆژەکانی خۆپیشاندانەکان لە عێراقدا دادەنرێت و خۆپیشاندەرانیش جەخت لەوەدەکەنەوە کۆڵنادەن و بەردەوام دەبن. به‌پێیی دوایین ئامار ٣٠ كه‌س كوژراون. 

لە پارێزگاکاندا چەندین رووداوی تووندوتیژی و کووشتن و برینداربوون و سووتانی بارەگاکان روویاندا، کە لە ئەنجامدا وەک کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردووەتەوە، زیاتر لە ٥٠ بارەگای حکومی و حیزبی سووتاون. 

سەرچاوە ئەمنییەکان دەڵێن، لە پارێزگای واست زیاتر لە ٣٠٠ چەکداری دەمامکدار بە ماتۆڕسیکل و بەپێ لە نزیک بارەگای حیزبەکان و نووسینگەی پەرلەمانتاران سووڕاونەتەوە و ژمارەیەک بارەگای حیزبی و حكومییان سووتاندووە. تەقەیان لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان کردووە بەمەبەستی نانەوەی پشێوی و بەلاڕێدابردنی خۆپیشاندانەکان.

هەر لە شاری کوت-ی ناوەندەی پارێزگای واست خۆپیشاندەران ماڵی قاسم ئەعرەجی، وەزیری پێشووی ناوخۆی عێراقیان سووتاند، کە یەکێکە لە سەرکردەکانی رێکخراوی بەدر.

لە بابل ماڵی هەیسەم جبووری، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، بەسەرۆکایەتی نووری مالکی، سووتێنرا و بەهۆیەوە پاسەوانێکی کوژراوە. لە ناسرییە بەڕێوەبەری نووسینگەی غایب عمیری، پەرلەمانتاری سائیروون کوژراوە. 

هاوکات بەشێک لە هۆزەکان چەکیان هەڵگرتووە و دەڵێن پارێزگاری لە خۆپیشاندەران دەکەن. لە مەیسان بەڕێوەبەری نووسینگەی عەسائیب ئەهلحەق و براکەی کوژراون.

لە دیوانییە لە نێو بارەگای رێکخراوی بەدر، ١٢ تەرم دۆزراونەتەوە، کە دەگوترێت خۆپیشاندەرن و لە بارەگاکەدا سووتاون. عەلی بەیاتی ئەندامی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ هەواڵەکەی پشتڕاستکردووە.

هاوکات فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق هۆشداری تووندی داوە بەوەی، كه‌ رووبەڕووی تێکدەران دەبێتەوە ئەوانەی موڵک و ماڵی گشتی و تایبەتی دەستوونێن و جەختی لەوەکردووەتەوە،  هەندێک خۆپیشاندانەکانیان قۆستووەتەوە و خەڵک و هێزە ئەمنییەکان دەکوژن و موڵک و ماڵی گشتی و تایبەتی دەدزن و تاڵان دەکەن.

بەپێی دوایین ئاماری کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق لەبارەی کوژراو و بریندارانی خۆپیشاندانەکانی رۆژی رابردوو لە عێراق ٣٠ کەس کوژراون و دوو هەزار و ٣١٢ کەسیش بریندارن.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com