نوچه: مورادی
سه‌رۆكی لیژنه‌ی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم، دەڵێت په‌رله‌مانی عێراق ته‌نیا وه‌ڵامی دوو خاڵی سكاڵاكه‌ی ئێمه‌یان داوه‌ته‌وه. ده‌شڵێت ”دادگا رۆژی ١٨-١١-٢٠١٩ دیاری كراوه بۆ سكاڵاكه‌ی ئێمه”.
له په‌رله‌مانی عێراق به یاسا كاریان له‌سه‌ر ئه‌وه كردووه له هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان، كه بڕیاره له مانگی ٤ی ٢٠٢٠ به‌ڕێوه بچێت، ئاواره‌كان مافی ده‌نگدانیان نابێت، به‌مه‌ش مه‌ترسی له‌سه‌ر ده‌نگی كورد به‌تایبه‌ت له ناوچه كێشه له‌سه‌ركان دروست ده‌كات. چونكه ژماره‌یه‌كی زۆر كورد له‌و ناوچانه ئاواره‌بوون، كوردیش له‌و ناوچانه به یه‌ك لیست داده‌به‌زێت.
له‌لێدوانێكی تایبه‌ت نوچه، جوان رۆژبه‌یانی، سه‌رۆكی لیژنه‌ی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم، له په‌رله‌مانی كوردستان، له‌باره‌ی سكاڵایان له‌سه‌ر یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان، رایگه‌یاند: ئێمه سكاڵامان تومار كردووه و چاوه‌ڕوانی رۆژی دادگاین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش په‌رله‌مانی عێراق ته‌نیا وه‌ڵامی دوو خاڵیان داوه‌ته‌وه. دادگا رۆژی ١٨-١١-٢٠١٩ داناوه بۆ ئه‌و سكاڵایه‌ی ئێمه.
جوان رۆژبه‌یانی ده‌شڵێت، جیا له لیژنه‌ی ئێمه له په‌رله‌مان، سێ لایه‌نی سیاسیی هه‌رێمیش (پارتی، یه‌كێتی و گۆڕان) له‌سه‌ر هه‌مان پرس سكاڵایان تۆمار كردووه، به گوێره‌ی بڕیاری دادگا له‌سه‌ر هه‌ر بابه‌تێك هه‌رچه‌ند سكاڵای هاوشێوه هه‌بێ له‌یه‌ك رۆژدا له دادگا كاتی بۆ دیاری ده‌كرێ.
سه‌رۆكی لیژنه‌ی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم پێیوایه، ئه‌گه‌ر بابه‌تی سكاڵاكه‌یان به سیاسیی نه‌كرێت، ئه‌وا دادگا له به‌رژه‌وه‌ندیان بڕیار ده‌دات.