دوای ده‌ستگیركردنی کامێرەو رێکۆردەرەکەی رۆژنامەنوس نیاز عەبدوڵا زەوت دەکرێت

0

نوچەنێت دەستگیرکردنی رۆژنامەنوس نیاز عەبدوڵا سەرکۆنە دەکات

دوای چەند کاتژمێرێک لە دەستبەسەرکردنی لەهەولێر کامێرەو رێکۆردەرەکەی رۆژنامەنوس نیاز عەبدوڵا زەوت دەکرێت

“وتیان هۆکاری دەست بەسەرداگرتنی کامێرەو میمۆرییەکەت ئەوەیە، کۆمەڵێک کەسی سەربە پاراستن لەوێنەکانتدا دەرکەوتون، کە تێکەڵ بەخۆپیشاندەران بوون ناکرێ ئاشکرا ببن”

 

نوچەنێت

دوای ماوەیەکی زۆر لە ڕێگرتن لە سازدانی خۆپیشاندان لەشاری هەولێر، ئەمرۆ کۆمەڵێک قوتابی خۆپیشاندانێکیان سازکردوو زۆری نەبرد هێزێکی زۆری سەربە دەزگائەمنییەکانی هەولێر بڵاوەیان بەخۆپیشاندانەکە کردو پەیامنێری هاوڵاتی و رۆژنامەنوس نیاز عەبدوڵایان دەستگیر کرد.

کاتژمێر 1 ى پاش نیوەڕۆى ئەمڕۆ ٤/٤/٢٠١١ژمارەیەک لەقوتابیانی زانکۆى سەلاحەدین خۆپیشاندانێکیان ڕێکخست زۆری نەبرد هێزێکی زۆر لە دەزگا ئەمنییەکانی هەولێر گەشتنە جێی خۆپیشاندانەکەو بڵاوەیان بەخۆپیشاندەران کردو چەند کەسێکیشیان دەستگیرکرد، کە لەنێویاندا رۆژنامەنوس نیاز عەبدوڵا و پەیامنێرێکی رۆژنامەی هاوڵاتی هەبوو.

لەبارەی چۆنیەتی وهۆکاری دەستگیر کردنەکەی. رۆژنامەنوس و ئەندامی بۆردی سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە رۆژنامەنوسان و پەیامنێری رادیۆ نەوا، نیاز عەبدوڵا، بەنوچەنێتی راگەیاند” ئەمرۆ خۆپێشاندانێک لەهەولێر هەبوو، منیش وەک پیشەی رۆژنامەوانی بۆ روماڵی خۆپیشاندانەکە گەشتمە جێی خۆپیشاندانەکە، چەند وێنەیەکی خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکانم گرت و هەوڵی لێدوان وەرگرتنم دا لەگەڵ رێکخەرانی خۆپیشاندەران، یان ئەو گەنجانەی کە بەخۆپیشاندانەکە هەستاون، بەڵام بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاکەوتنی هەولێرو کۆمەڵێک پۆلیس هاتن و منیان بردە بنکەی پۆلیسی فریا کەوتن”.

نياز عەبدوڵا ئەوەشی بە نوچەنێت راگەیاند، کە دەست بەسەر ریکۆردەرو کامێرەکەیدا گیراوەو وتی” کاتێک بردمیانە مەرکەزی پۆلسی فریاکەوتن، پۆلیسەکان و خودی بەڕێوەبەری پۆلیس زۆر هەوڵیاندا بەقسەی نەرم کامێراکەم لێ بسەنن و هەوڵی ترساندنمیان دەدا بەوەی کە سکاڵام لەسەر تۆمار دەکرێت و روبەڕوی دادگا دەکرێمەوە، بەڵام من پێشتر ئەوەم دەزانی کە لەکاتی دەستگیرکردنی رۆژنامەوانان، میمۆری کامیرەکانیان دەست بەسەردا دەگیرێت، بۆیە میمۆری کامێرەکەم لەکامیرەکە جیا کردەوەو بەجیا هەڵمگرتبوو، ئەوان زۆر هەوڵیان داو منیش تەنها ئەوەم وتووە کە ئەوان مافی ئەوەیان نییە دەست بەسەر کامیرەی مندا بگرن، بەپێی هیچ یاسایەک، بەڵام دواجار ژنێکیان هێنا منی پشکنی و میمۆری کامێراکەی لەگیرفانەکانم دەرهێنا و دەستیان بەسەر کامیراو ریکۆردەرکەمدا گرت”.

نیاز عەبدوڵای رۆژنامەنوس کە بۆ چەند کاتژمێرێک بەدەستبەسەرکراوی لەبنکەی پۆلیسی فریا کەوتنی هەولێر دەهێڵرێتەوە و دوای ئازادکردنی کامێراو رێکۆرەدەکەی بۆ ناگێڕنەوە، ئەوەشی ئاشکراکرد کە لەکاتی دەسبەسەربونی وەک رۆژنامەوانێک، لەو چەند کاتژمێرەدا”بەردەوام بەڕێوەبەری پۆلیسی فریا کەوتنی هەولێر لەپەیوەندیدا بووە لەگەڵ سەروی خۆی” نیاز ئەوەشی وت کەسێک لەوانەی لەو بنکەیەدا بوون پێی وتووە”هۆکاری دەست بەسەرداگرتنی کامێرەو میمۆرییەکەت ئەوەیە، کۆمەڵێک کەسی سەربە پاراستن لەوێنەکانتدا دەرکەوتون کە تێکەڵ بەخۆپیشاندەران بوون ناکرێ ئاشکرا ببن”.

دوابەدوای دەستگیرکردنی نیاز عەبدوڵا و پەیامنێرێکی رۆژنامەی هەواڵاتی، هەواڵی دەستگیرکردنەکەیان لەزۆربەی راگەیاندنەکان ئاماژەی پێکراو، سەنتەری میترۆش بۆ داکۆکی لەرۆژنامەنوسان لەراگەیاندنێکدا داوای دەستبەجێ ئازادکردنی ئەو رۆژنامەنوسانەی کرد.

لای خۆشیەوە ماڵپەڕی نوچەنێت بەتوندی ئیدانەی دەستگیرکردنی رۆژنامەنوسان و تایبەت رۆژنامەوان نیاز عەبدوڵا دەکات،  دەستگیرکردنی نیاز عەبدوڵا بەدەستبەسەرکردنی ئازادی کاری رۆژنامەوانی هەژمار دەیکەین و دەخوازین چیدی کارێکی لەو شێوە نەکرێتە پاداشتی رۆژنامه‌نووسان،  داواکارین ئازادی کاری رۆژنامەوانی چیدی نەخرێتە ژێر پێ و بەهۆیەوە پرسیاری گەورەتر لەوەی کە هەیە، لەسەر ئەزمونی حوکمڕانی کورد دروست نەکرێت.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com