نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیێنێت، هەڵوەشاندنەوەی حكوومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی، کورد لێی زەرەرمەند دەبێت.
لەسەرەتای ئەم مانگەدا، خۆپیشاندانی بەرفراوان لە شارەکانی عێراق یەنجامدرا. بەم هۆیەوە ١٠٧ كەس كوژران و زیاتر لە هەزار خۆپیشاندەر و كارمەندی هێزە ئەمنییەكان برینداربوون، چاوەڕان دەکرێت ڕۆژی هەینی ٢٥-١٠-٢٠١٩، خۆپیشاندان دەستپێبکاتەوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، بەختیار جەبار، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی، سەبارەت بە سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندانەکان، رایگەیاند”بەگشتی خەڵکی بێتاقەتە و نەبوونی و هەژاری زۆر بەرۆکی گرتوون و گەندەڵییەکی زۆر گەورەش هەیە، بۆیە خەڵک مافی خۆیانە خۆپیشاندان دەکەن، بەڵام هەندێک جاریش بەهۆی ئەو ململانێی لە نێوان وڵاتانی دراوسێ لەسەر عێراق و پێکهاتەکانی هەیە، کاریگەری هەبووە بۆ ئەوەی ڕەوتی خۆپیشاندانەکان بەشێوەیەکی دیکە بڕوات، بۆیە خۆپیشاندانەکان واقعە و هەڵقوڵاوی دۆخی ژیانی خەڵکە، ئەمەش نیشانەی فەشەلی حکومڕانییە لە عێراق”.
لە ئەگەری هەڵوەشانەوەی حکوومەت، ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی، دەڵێت”هەڵوەشاندنەوەی حکوومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی، کورد لێی زەرەرمەند دەبێت، چونکە ئەو لەگەڵ کورد باشبووە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی ناردووە، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان نەوتەکەشی ڕادەستی بەغدا نەکردووە”.
بەختیار جەبار، جەختیشیکردە و گوتی”ئێمە پشتیوانی حکوومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی دەکەین، چونکە گەرەتنی ئەوە نییە ئەگەر کەسێکی دیکە بێتە پێشەوە، ئەم سیاسەتەی عادل عەبدولمەهدی دووبارە بکاتەوە، بۆیە ترسی ئەوە هەیە کە مووچە ببڕێت”.