نەوزاد عەلی-سلێمانی
پەرلەمانتارێکی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیێنێت، پەرلەمان خوێندنەوەی دووەمی بۆ پڕۆژەیاسای تاپۆکردنی خانووە زێدەڕەوەکان کردووە و، لە دانیشتی داهاتوو پڕۆژەیاساکە پەسەند دەکرێت.
ئەمڕۆ ٢٣-١٠-٢٠١٩، پەرلەمانی كوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا و یەکێک لەو پڕۆژەیاسایانەی کە تاوتوێی کرد پڕۆژەیاسای (به خاوهنكردنی ئهو زهوییانهی زیادهڕهوییان لهسهر كراوه له سنووری شارهوانییهكان له ههرێمی كوردستان-عیراق) بووە.
لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچە، هاوڕێ مەلاسفار، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لەپەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە تاپۆکردنی خانووە زێدەڕەوەکان، رایگەیاند”پەرلەمانی کوردستان توانی خوێندنەوەی دووەم بکات بۆ پڕۆژەیاسای تاپۆکردنی خانووە زێدەڕەوەکان لە پارێزگاکانی هەرێم، بڕیارە ڕۆژی یەک شەممە لیژنەی شارەوانی پەرلەمان، ئەو پرسە بەتەواوی یەکلابکاتەوە و کۆتا ڕاپۆرتی خۆی ئامادە بکات، بۆ ئەوەی لە دانیشتنی داهاتوودا پڕۆژەیاساکە بخرێتە دەنگدانەوە و پەسەند بکرێت”.
سەبارەت بە نرخی تاپۆکردنەکەشیان، ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی، دەڵێت”پێشتر لەناو لیژنەکەی خۆمان توانیمان زیاتر لە نیوەی نرخەکەی دابشکێنین، کە پێشووتر دیاری کراوە، بەڵام ئەمڕۆ پێشنیاری نوێ هەبووە بۆ ئەوەی نرخەکەی کەمتر بکرێتەوە، ئەوەش لەدانیشتنی داهاتووی پەرلەمان بڕیاری لەسەر دەدرێت”.
هاوڕێ مەلاسفار، هەروەها گوتی”ئەم پڕۆژەیاسایە یەکەم پڕۆژەیاسای خزمەتگوزاری دەبێت، کە لەم خولەی پەرلەمانی کوردستاندا پەسەند دەکرێت، تاکە پڕۆژەیاسایەشە کە کۆدەنگی هەموو فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی لەسەرە و بۆ خزمەتی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانە”.