نوچه
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیسى سلێمانى رایده‌گه‌یه‌نێت، لەسەر دۆسیەی كوشتنی هاوڵاتیەك لە ساڵی ١٩٩٦، مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی رزگاری دوو تۆمەتباریان دەستگیر كرد.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه ٢٣-١٠-٢٠١٩، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسى سلێمانى راگه‌یاندراوێكى له په‌یجى فه‌رمیی خۆى، له تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك بڵاوكرده‌وه، كه تێیدا هاتووه “ئێوارەی ڕۆژی ٢٠-٧-١٩٩٦، هاوڵاتی (ع، م، ق) لەدایكبووی ساڵى ١٩٦٩، لەكاتی گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە لە شەقامی سالم لە سلێمانی لە لایەن چەند كەسێكەوە بە بەرد و چەقۆ لێی درا و كوژرا، تۆمەتباران هه‌ڵاتن بەرەو دەرەوەی وڵات، دادوەر پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ تۆمەتباران كرده‌وه و بڕیارى دا بەپێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی ده‌ستگیر بكرێن”.
له راگه‌یاندراوه‌كه‌دا باس له‌وه‌ش كراوه “لە رۆژی ١٤-١٠-٢٠١٩، هێزەكانی پۆلیس زانیاری‌یان پێ گەیشت لەبارەی هەردوو تۆمەتبار كە گەڕاونەتەوە سلێمانی، هێزەكانی پۆلیس گەڕان و بەدواداچوونەكانی دەست پێ كرد و توانرا تۆمەتباران (د، ع، ع) لەدایكبووی ١٩٧٦ و (أ، ر، ع) لە دایكبووی ١٩٧٩، لە سلێمانی دەستگیر بكرێن”.
پۆلیسى سلێمانى ئه‌وه‌شى خستووه‌ته‌ڕوو، ئێستا بە فەرمانی دادوەر هەردوو تۆمەتبار راگیراون و لەلایەن بنكەی پۆلیسی رزگارییەوە پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ كراوەتەوە و لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن.