نوچه: ئاژانسه‌كان
روانگه‌ی سوریا بۆ مافه‌كانی مرۆڤ ده‌ڵێت، فڕۆكه‌كانی توركیا له ده‌وروبه‌ری عه‌ین عیسا ژماره‌یه‌ك شه‌ڕڤانی هه‌سه‌ده‌یان كردووه‌ته ئامانج و بۆردومانیان كردوون.
روانگه‌ی سوریا راشیگه‌یاند، فڕۆكه‌یه‌كی توركیا ئۆتۆمبێلێكی شه‌ڕڤانانی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات(هه‌سه‌ده)ی له گوندی “دبس”، كه ته‌نیا سێ كیلۆمه‌تر له شارۆچكه‌ی “عه‌ین عیسا” له باكووری ره‌ققه دووره بۆردومان كردووه. گوتیشی: “چوار شه‌ڕڤان له ناو ئۆتۆمبێله‌كه‌دا بوون و له ئاكامی ئه‌و بۆردومانه‌دا گیانیان له‌ده‌ستداوه”.
روانگه‌ی سوریا دووپاتیكردووه‌ته‌وه، “ئه‌و بۆردومانه‌ی توركیا، به پێشێلكارییه‌كی روونی ئه‌و رێككه‌وتنه هه‌ژمار ده‌كرێت، كه له نێوان ئه‌مه‌ریكا و توركیا سه‌باره‌ت به ئاگربه‌ست واژوو كراوه”.
روانگه‌ی سوریا ئاشكراشیكردووه، “ئه‌مڕۆ هێز و چه‌كی زیاتر گه‌یه‌ندراوه‌ته ئه‌و میلیشیا چه‌كداریانه‌ی هاوپه‌یمانی توركیان و له خاكی توركیاوه كاروانێك چه‌ك و پێداویستی سه‌ربازی ره‌وانه‌ی گوندی شوكرییه و جان ته‌مری نزیك له سه‌رێ كانی كراوه”.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، كه “چوار تانك و تۆپهاوێژێك و حه‌فاره‌یه‌ك له لایه‌ن سوپای توركیاوه گه‌یه‌ندراوه‌ته ناوچه‌ی بابولخهیری خۆرهه‌ڵاتی سه‌رێ كانی بۆ هاوكاریكردنی میلیشیا چه‌كداره‌كان”.