نوچه: ئاژانسهكان
سیناتۆرێكی ناسراوی كۆمارییهكان رایدهگهیهنێت، پێمیوایە چارەسەرێکی مێژوویی بۆ کوردی رۆژئاوای کوردستان گونجاوە.
لیندزی گراهام، سیناتۆری ناسراوی کۆمارییەکانی ئهمریكا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فۆکس نیوز رایگەیاند: لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، قسەیکردووە و لەسەر بنچینەی ئەو قسەکردنەش ئەو گەشبینیەی لهلا دروستبووە، کە دەکرێت چارەسەرێک بەدەستبهێندرێت، کە ئاسایشی تورکیا و کورد گەرەنتیکراو بێت.
گراهام گوتیشی، پێیوایە ئەمریکا و هێزە کوردییەکان دەتوانن پڕۆژەیەکیان هەبێت بۆ نۆژەنکردنەوەی بیرە نەوتەکانی سوریا بەجۆرێک داهاتەکەی بۆ کورد بێت.
ئهو سیناتۆرە دهشڵێت “سەرۆک ترەمپ، پێزانینی بۆ ئەو شتە هەیە کوردەکان کردوویانە. ئەو دەیەوێت دڵنیابێت، کە داعش ناگەڕێتەوە. پێشبینیدەکەم لە هاوبەشی لەگەڵ کورد لە رۆژهەڵاتی سوریا بەردەوام دەبین بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی داعش دەرناکەوێتەوە”.
هاوکات جیم ئینهۆف، سەرۆکی لیژنەی خزمەتگوزارییە سەربازییەکانی ئەنجومەنی پیران گوتی، ترەمپ لەو راستییە تێدەگات، کە گرنگە ئەمریکا هێزی ئاسمانی لە ناوچەکەدا بمێنێتەوە.
ئینهۆف گوتیشی “پێویستە ئەمریکا هێزە ئاسمانییەکەی بهێڵێتەوە بۆ بەردەوامیدان بە گوشار خستنەسەر داعش، رێگەگرتن لە روسیا و ئێران لە قۆستنەوەی بارودۆخەکە و پاراستنی هاوبەشەکانمان لەسەر زەوی”.