نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، ئەنجوومەنی نوێنەران ، هیچ بڕیارێکی بۆ سڕکردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەرنەکردووە.
لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بەهۆی گوشاری خۆپیشاندانەکانەوە، حکوومەتی عێراق کۆمەڵێک بڕیاری بەپەلەی دەرکرد. پەرلەمانیش ژمارەیەک لەبڕیارەکانی پەسەندکرد، لە ناویاندا بڵاوکرایەوە، گوایە پەرلەمان بڕیاری سڕکردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقی پەسەندکردووە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، دکتۆر ڕێبوار هادی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە سڕکردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، رایگەیاند”ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هیچ بڕیارێکی بۆ سڕکردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەرنەکردووە، بە پێی یاسای ژمارە ١٢ی ساڵی ٢٠١٨ تا ١-٣-٢٠٢٠، ئەنجوومەنی پارێزگاکان کاری خۆیان دەکەن”.
پەرلەمانتارەکەی پارتی دەڵێت”لە پەرلەمان پێشنیارێک هەبووە بۆ سڕکردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، پێشنیارەکە ئاراستەی لیژنەی یاسایی کراوە، بەڵام لیژنەی یاسایی وەڵامی سەرۆکایەتی پەرلەمانی داوەتەوە، بەوەی کە ماددەی ٢٠ لە یاسای ژمارە ٢١ ی ساڵی ٢٠٠٨ لە یاسای پارێزگاکانی عێراق بەرکارە و بەپێی یاساکە، هەر پارێزگارێک یان سێ یەکی ئەنجوومەنی پارێزگاکە دەتوانێت داواکاری پێشکەشی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بکات بۆ چارەسەری کێشەی پارێزگاکەی”.
ڕێبوار هادی، زانیاری زیاتر دەخاتەڕوو”ئەگەر پارێزگارێک یان سێ یەکی ئەنجوومەنی پارێزگایەک داواکاریییەکی وەها پێشکەشی پەرلەمان بکات، ئەوکات قسەی لەسەر دەکرێت، بەڵام تاکو ئێستا هیچ داواکارییەکی لەو شێوەیە پێشکەش نەکراوە”.