نوچه: ئاژانسهكان
جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئەنجامی کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەردۆغان ئاشکرا دەکات و رایگەیاند: تورکیا ئۆپەراسیۆنی کانی ئاشتی رادەگرێت.
بەپێی رێککەوتنەکەی تورکیا و ئەمریکا، تورکیا بۆ ماوەی 120 کاژێر ئۆپەراسیۆنەکەی دەوەستێنێت، لەو ماوەیەدا یەپەگە لەو ناوچەیە دەکشێتەوە کە ناوچەی ئارامی پێ دەگوترێت.
مایک پێنس گوتی: لایەنی تورکی ئۆپەراسیۆنی کانی ئاشتی دەوەستێنێت بۆ ئەوەی دەرفەت بداتە یەپەگە لەو ناوچەیەی کە ناوچەی ئارامە بکشێتەوە و ئەوان نزیکەی 20 میل لە سنووری باشووری تورکیا دەکشێنەوە. ئەمە رێککەوتنێکە لەگەڵ تورکیا بۆ ئەوەی تورکیا هێرش نەکاتە سەر کۆمەڵگەی کۆبانێ. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و تورکیا پێکەوە پابەندن بەوەی کە پێکەوە چارەسەری ئاشتیانەی ئەو ناوچەیەی بکەن کە لەسەر بنچینەی رێککەوتنی نێودەوڵەتی ناوچەی ئارام بنیات دەنرێت و ئەو ناوچەیە بپارێزن.
خاڵەکانی رێککەوتنەکە
1- ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا بۆ ماوەی 120 کاژێر
2- یەپەگە بە قووڵایی 32 کیلۆمەتر لە سنوورەکانی تورکیا دەکشێتەوە
3- لەدوای کشانەوەی یەپەگە لەو ماوەیەدا، تورکیا ئاگربەستی هەمیشەیی رادەگەیێنێت
4- تورکیا و ئەمریکا پێکەوە ئیدارەی زیندانەکانی داعش دەکەن
5- تورکیا و ئەمریکا پێکەوە دەبێت رێگە بگرن لە سەرهەڵدانەوەی داعش
6- دەبێت هەموو پێکهاتەکان لە باکووری سووریا پارێزراو بن
7- تورکیا ناوچەی ئارام لە ڕۆژهەڵاتی فورات تاوەکو سنوورەکانی عێراق دروستدەکات