روسنەفت كاره‌كانی لە هەرێم راده‌گرێت

0

نوچه‌: ئاژانسه‌كان

بەهۆی نیگەرانی لە رەوشی ئەمنی سنوور لەگەڵ سوریا، کارکردن لە بلۆکێکی نەوتی کۆمپانیای روسنەفت لە سنووری هەرێمی کوردستان راگیرا.

ئاژانسی ئینترفاکسی روسی ده‌ڵێت، ئێریک لۆرین، جێگری سەرۆکی کۆمپانیای روسنەفتی روسی رایگەیاندووە، بەهۆی نیگەرانی لە سنووری سوریا، کارکردنیان لە یەکێک لە بلۆکەکانیان راگرتووە لە سنووری هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئەوکاتەی رێوشوێنی تەواوی ئەمنی دەگیرێتەبەر بۆ پاراستنی گیانی کارمەند و کرێکارەکانیان.

جێگری سەرۆکی کۆمپانیای روسنەفت گوتوویه‌تی “ئێمە پلانی خۆمان لە کوردستان ناگۆڕین”. به‌ڵام “ئەگەری هەیە رەوشی ئەمنی سنووری سوریا تێکبچێت”.

رەوشی رۆژئاوای کوردستان بەهۆی هێرشی تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە نۆ رۆژی رابردوودا نائارامە. نزیکەی 800 چەکدار و کەسوکاری چەکدارانی داعش لە کەمپی عەین عیسا هەڵاتوون، عێراق و هەرێمی کوردستانیش بەهۆی ترسیان لە دزەکردنی چەکدارە هەڵاتووەکانی داعش، سنوورەکانیان تووندکردووە و چەندین رێوشوێنیان گرتووەتەبەر.

هه‌روه‌ها لۆرین ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕوو، كه‌ کارکردن لە بلۆکی ژمارە 11 بەردەوامە، “بەڵام بلۆکی ژمارە 8 نزیکە لە سنوور و کارکردن تێیدا وەستاوە تاوەکو ئەو کاتەی سەلامەتی کارمەند و کرێکاران بەتەواوەتی گەرەنتی دەکرێت”. جەخت لەوە دەکاتەوە ئەوان بۆ ماوەیەکی درێژخایەن چوون بۆ کوردستان و لەوێ دەمێننەوە.

لە پاییزی ساڵی 2017 حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیای رووسنەفت گرێبەستێکی هاوبەشکردنی بەرهەمیان بۆ پەرەپێدانی پێنج بلۆکی نەوتی (باتیل، زاوێتە، قەسرۆک، هەریر-بجێل و دارەتوو) واژۆکرد.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com