نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامی رایدەگەیێنێت، کۆبوونەوەی حزبەکان لە هەلومەرجی ئێستادا گرنگە و پێویستە بازنەی ئەم کۆبوونەوانە فراوانتر بکرێت.
ئەمڕۆ (چوارشەممە ١٦-١٠-٢٠١٩)، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کەسی یەکەمی حیزبە سیاسییەکانی هەرێم لە شاری هەولێر کۆبووەوە، کۆبوونەوەکە ڕاوێژکاریی بووە و لەسەر داوای نێچیرڤان بارزانی بووە و کەسی یەکەمی هەموو حیزبەکانیش بەشداربوونە، لە دوای دەستبەکاربوونی سەرۆکی هەرێم ئەمە کۆبوونەوەیەتی لەگەڵ کەسی یەکەمی حزبە سیاسییەکانی هەرێم.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، دکتۆر عەبدوڵا وەرتێ، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان، سەبارەت بە کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ کەسی یەکەمی حزبە سیاسییەکان، رایگەیاند “بەشێوەیەکی گشتی ئەو جۆرە کۆبوونەوانە لە هەلومەرجێکی وەک ئێستای هەرێمی کوردستان، ئێمە زۆر بە پێویست و گرنگی دەزانین، بۆیە پێویستە بازنەی ئەم کۆبوونەوانە فراوانتر بکرێت”.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامی، گوتیشی “پێویستە ناوە ناوە حزبەسیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، لەسەر ئاستی باڵادا کۆبوونەوە ئەنجام بدەن، بۆ تاو توێکردن و گفتوگۆکردنی پرس و بابەتە سیاسیی و رووداوە هەنوکەییەکانی ناوچەکە”.
بەپێی زانیارییەکانیش لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لە بارەی هێرشی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان و چۆنییەتی پاراستنی هەرێمی کوردستان لە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە کراوە. هەروەها پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و بارودۆخی هەرێمی کوردستان گفتوگۆی لەبارەوە کراوە.