نوچه
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە قسهكانی چەند کاتژمێرێک لەمەوبەری پەشیمان دەبێتەوە لهبارهی رەتکردنەوەی کۆبونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆکی ئەمریکا و دەڵێت” ئامادەم بۆ کۆبوونەوە”.
رەتکردنەوەی ئەردۆغان، بۆ کۆبونەوە لەگەڵ سەرکردەکانی ئەمریکا و پێداگری لەوەی تەنها لەگەڵ ترەمپ کۆدەبێتەوە دوای ئەوە هات رێکەوتی ١٤-ی ئەم مانگە، ترەمپ لە بەیاننامەیەکدا سەپاندنی چەندین سزای قورسی ئابوری و دیپلۆماسی بەسەر تورکیا و ئەردۆغاندا سەپاند، پێدەچێت بەو هۆیەشەوە سەردانەکەی مانگی داهاتوی بۆ کۆشکی سپی هەڵبوەشێنێتەوە.
پاشنیوەرۆی ئەمرۆ ئەردۆغان لە وەڵامی پرسیارێکدا، کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆک و راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا رەتدەکردەوە و گوتی ئەگەر ئەمریکا خوازیاری گفتوگۆ و کۆبوونەوەیە ئەوا با ترەمپ خۆی بێت بۆ لام”.
لە راپۆرتێکی سکای نیوزدا، ئهردۆغان ئامادەی خۆی پشان داوە تا لەگەڵ هەریەکە لە مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، مایک پۆمپیو، وەزیری دەرەوەی و رۆبەرت ئۆبرایەن، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا کۆدەبێتەوە، ئەوەش دوای پێداگری مایک پێنس و شاندی یاوەری لە سەردانکردنیان بۆتورکیا، کە بڕیارە سبەی بگەنە ئەنقەرەی پایتەختی ئەو وڵاتە.
“من سەرم بەرزە و بەپێوەم، هەرکاتێک ترەمپ خۆی هات بۆ ئێرە لەگەڵی کۆدەبمەوە، با مایک پۆمپیۆ و مایک پێنس لەگەڵ هاوتاکانی خۆیان کۆببنەوە، من لەگەڵیان کۆنابمەوە” ئەردۆغان پێشتر وای وتبو.
سەرەڕای رەتکردنەوەی ئەردۆغان بۆ دانیشتن لەگەڵ پێنس و پۆمپیو، گوتەبێژی جێگری سەرۆکایەتی ئەمریکا بە دەزگاکانی راگەیاندووە، “پێنس سەردانەکەی بۆ ئەنقەرە هەڵناوەشێنێتەوە”.